وتار

منیش دەبم بە محامی شەیتان!

12/7/2021 9:20:00 PM 478 جار خوێندراوەتەوە
خالید ڕەزا

بۆ بەرچاوی وەزارەتی پێشمەرگە!

هۆڵەندیەکان مەسەلێکیان هەیە دەڵێن (advocaat van de duivel) واتە محامی شەیتان. ئەم مەسەلە بۆ ئەوەیە لەکاتی مناقەشەدا بەچاوی ڕەخنە پرسیار بوروژێنە، بۆ ئەوەی بەرامبەرەکەت یان کۆبونەوەکە بەدوای دۆزینەوەی ئەرگومێنتی باشدا بگەڕێن و بیر بکەنەوە، بۆ ئەوەی چارەسەری گونجا و باش بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە.


منیش هەر بەو نیەتەوە، لەسەر هێرشەکانی داعش بۆسەر خاڵەکان یان بڵێم رەبایەکانی پێشمەرگە ئەم پرسیارانە ئەوروژێنم بەمەبەستی پاراستن و قایمتر کردنی سەنگەرەکان.

یەکەم : سەنگەر و رەبایەکانی پێشمەرگە، ساتریان بۆ کراوە؟ قولەی باش و شوێنی چاودێریکردنی باشیان هەیە . دوربینی شەو لە قولەکان دانراوە تا پاسەوان لەدورەوە تیرۆریستەکان ببینێ و هاوڕیکانی خەبەر بکاتەوە؟

دوەم : ئەگەر ئەمانە نەکرا بن، بەتایبەت ساتری خۆڵ و تورەکەڕێژ، ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە و دەبێ فەرماندە و بەرپرسەکان سزا بدرێن.

سێیەم : ئایە پاسەوانی ناو قولەکان کە ئەرکی سەرەکیان پاراستنی ژیانی خۆی و هاوڕیکانیەتی، نۆرە حەرەسیاتی خۆی دا، مۆبایل بەکار دەهینێ و خۆی بە یاریکردنەوە مەشغوڵ دەکات؟ یان هەموو هەست و نەستی لای چاودێریکردنی چواردەورەکەیەتی؟ بەکار هێنانی مۆبایل لەخاڵی چاودێری دا کوفرە؟ یان نۆرماڵ؟

چوارەم : بە پێی ئەو پەلاماردان و شەڕانەی کە تائێستە تیرۆریستان بۆسەر رەبایەکانی پێشمەرگە کردویانە، یەکەم جار تەقەیان لە قولەکە و خاڵی چاودێریکردوە؟ ئەمە چەند جار و لە چەند شوێنی جیاواز دوبارە بۆتەوە؟ یان نەخێر تیرۆریستەکان کوێرانە پەلاماری بەربایەکانیان داوە؟ وەزارەتی پێشمەرگە ئەم زانیاریانەی کۆ کردۆتەوە؟

پێنجەم : ئایە وەزارەتی پێشمەرگە، هەتا ئێستا زانیاری لەسەر ژمارە و جۆری چەکەکانی تیرۆریستەکانیان لایە؟ با لێرەدا پرسیارێک بکەین: ئایە لەو شوێنانەی کە تیرۆریستان پەلاماری پێشمەرگەیان داوە، هەوڵ دراوە بەرۆژدا، بچن قەوانی فیشەکی تیرۆریستەکان کۆبکەنەوە بۆ ئەم مەبەستانە:

ئەلیف: بۆ زانینی جۆری چەکەکانیان
ب : بۆ دیاریکردنی مەسافەی نێوان تەقە کردنی داعش لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە؟

شەشەم : بۆ چی گرنگە ئەو دوو خاڵە بزانرێ؟ بۆ ئەوەی تەدابیری چوار دەوری رەبایەکان بۆ روبەڕوبونەوەیان جێ بەجێ بکرێ، وەکو خەندەک لێدان و سەنگەر لێدان. لەکاتی زانینی دورونزیکی ئەوان دەتوانرێ مەدای کاریگەری چەکەکانی دەستی پێشمەرگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی داعش بزانرێ. بۆ نمونە زانراوە کە مەدای فیشەکی کلاشینکۆف ١٠٠٠ مەتر دەڕوات، بەلام لە ٣٥٠ مەتردا کاریگەرە. ئەگەر دەرکەوت داعشەکان لەدوری بۆ نمونە ٦٠٠ مەترەوە کە مەدای کاریگەری چەکی M4 ە تەقەیانکردوە، واتە چەکی کلاشینکۆف ی دەستی پێشمەرگە ڕۆڵی نابێ!! بۆیە دەبێ  چەکی هاوشێوە بۆ پێشمەرگەکانی سەنگەرەکانی پێشەوە دابین بکرێ.

حەوتەم : بەپێێ قوربانیەکانی ئەم دوو هەفتەی ڕابوردا دەرکەوت کە تەکتیکی تیرۆریستان نانەوەی لوغم و کەمین بوە، لە نیوان دوو رەبایەدا، لەکاتی چونی هێزی تردا بۆ بە هاناوە چونی هاوڕێ کانیان  کەوتونەتە داوی تیرۆریستانەوە. بۆ پوچەڵ کردنەوەی ئەم تاکتیکەی داعش، یان دەبێ لەنیوان رەبایەکاندا کەمینی شەوانەی پێشمەرگە هەبێ بەڕەچاوکردنی موعەدەلی ئەو کاتانەی کە داعش تیایدا هێرشیکردوە، یان نابێ بەبێ زانیاری و ئاگاداری پێشوەختە لە سەلامەتی ڕێگەکە هێز بەشەو بەڕێ بخرێ. بەڵام دەبێ پێشمەرگەکان بەشی پێویست تەقەمەنیان لەلابێ.

لەم کورتە سەرنجانەدا، بەندە ڕۆڵی پارێزەری شەیتانی بینیوە. هیوادارم  لەم جۆرە پارێزەرانەمان زۆربن. بێگومان بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگە، نەک بۆ شکاندنیان.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن