وتار

سیستمی کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ (point-to-point speed camera)

8/26/2022 12:51:00 PM 497 جار خوێندراوەتەوە
خالید ڕەزا

لێرە بەدواوە لە جیاتی پۆینت تو پۆینت دەستەواژەی (خاڵ بۆ خاڵ ) بەکار دەهێنم.


هۆڵەندا وەک نموونە:
چەند سەرنجێکی خێرا لەسەر مێژووی کامێرای پێوانی خێرایی لەسەر جادەوبانەکان.
زانیاریەکانی ئێمە کە لێرەدا قسەی لەسەر دەکەین، لەسەر سیستمی کۆنترۆڵکردنی خێراییە لە ڕێێ کامێراوە، بۆیە مێژووی سیستمەکە بە کورتی ئاماژە پێ ئەدەین.

# کورتەیەک لەسەر سیستمی ترافیک و کامیرای تۆمارکردنی خێرایی لە هۆلەندا:
لە گلۆپی سورەوە بۆ پێوانی خێرایی
لەگەڵ زیاد بوونی ئۆتۆمۆبیل لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا حکومەتی هۆڵەندا  تێبینی ئەوەیکرد کە شتێکی باش لە پێوانی خێرایی دا هەیە. لە ساڵی ١٩٦٦ دا یەکەم کامێرای گڵۆپی سووریان لە شاری (هارلم) دانا. سەرەتا سیستمی لولەیی لاستیکی بوو، لەساڵی ١٩٧١ دا پەرەیان پێ دا کردیان بە کامێرای سندوقی کە لەرێی دانانی تەل لەناو قیری جادەکاندا کە بە کامێراکانەوە پەیوەست بوو کۆنترۆڵی خێرایی دەکرد، ئەم سیستمە هەتا ساڵی ١٩٨٠ بەکار هێنرا، ئینجا مۆدێلی کامیرای ڕادار بەرهەم هێنرا کە بەهۆی گەورەیی کامیراکەوە  لەناو سەیارەدا جێگیر دەکرا. بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیاوە گۆڕانکاری لە قەبارەیدا کراو  لە ساڵی ١٩٨٢ وە  بۆیەکەم جار کامێرای ڕاداری فلاشدار  لە قەراخ ئۆتۆبانەکاندا جێگیرکرا. لە ساڵی ١٩٨٨ وە کامێرای کۆنترۆڵی جووت سیستمی (سوور و پێوانی خێرایی ) خرایە بواری ئیشپێکردنەوە. لەساڵی ٢٠١٤ یشەوە سیستمی کامێرای کۆنترۆڵی خێرایی (خاڵ بۆ خاڵ) خرایە گەڕ.  

# سودی گوماناوی
زیاتر لە ١٤٠٠ کامێرای کۆنترۆڵی خێرایی لە هۆڵەندا هەیە. ئەم تەکنۆلۆجیایە لە  ٦٠ ووڵات زیاتردا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. کەواتە بەرهەمێکی سەرکەوتوە. بەڵام زۆربەی خەڵک ڕقی لەم کامێرایانەیە. سەرەڕای ئەم ڕق لێبوونە خەڵکانێکی زۆریش گومانیان لەوە هەیە کە ئەم کامێرایانە سودی بۆ سەلامەتی هاتوچۆ هەبێ. شۆفێرەکان لە نزیکی کامێراکان خێراییەکانیان کەم دەکەنەوە و کە لێێ تێ پەڕین  خێراییەکانیان زیاد دەکەنەوە. لەساڵی ٢٠١٤ شەوە سیستمی کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی  (خاڵ بۆ خاڵ) لە هۆڵەندا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. لە ٢٠١٤ هەتا ٢٠١٦ لە سەرتاسەری هۆڵەندا لە ١١ شوێن سیستمی کامێرای کۆنترۆلکردنی خێرایی (خاڵ بۆ خاڵ) دانران. داهاتی ساڵی ٢٠١٦ ی ئەم سیستمە بۆ خەزێنەی حکومەت گەیشتە ١١٣ ملیۆن یۆرۆ. بەزیاد کردنی ئەم سیستمە لە شوێنەکانی تر کە چڕی دانیشتوان و هاتوچۆ تیایاندا زۆرە داهاتی ئەم سیستمەش بۆ حکومەت زیاد دەکات.

 # ژمارەی سەرپێچییەکان و غەرامەکان بە پێی ساڵەکان بەم جۆرە بوو:
+
ساڵی ٢٠١٤  نزیکەی ١ یەک ملیۆن و ٧٠٠ حەوت سەد هەزار غەرامەکراو.
+ + ساڵی ٢٠١٥ نزیکەی ١ یەک ملیۆن و ٩٥٠ نۆسەدو پەنجا هەزار سەرپێچی غەرامەکراو. 
+ ساڵی ٢٠١٦ گەیشتە نزیکەی دوو ملێۆن و پێنج سەد هەزار سەرپێچی غەرامەکراو.
هەتا ژمارەی دانانی سیستمەکە زیاتر بێ ژمارەی سەرپێچیکردنی تۆمار کراو زیاتر دەبێ  وداهاتیش زیاتر..


# سەرەتا دەبێ ئەوە ڕوون بێ کە ئامانجی دانانی ئەم کامێرایانە بۆ:
یەکەم:
 سەلامەتی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە کە ئامانج تییدا پاراستنی  ژیانی مرۆڤەکانە.
 دووەم: بۆ ئەوەیە کە خێراییەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا رێکبخات و ڕۆشتن بەردەوام و بێ کێشە بێ .
 سێیەم: بۆ کەمکردنەوەی غازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پاراستنی ژینگەیە.
 چوارەم:  بۆ کۆکردنەوەی داهاتە بەمەبەستی خەرج کردنەوەی لە ڕیگاوبانەکاندا، کە ئەمەشیان جارێکی تر خزمەت بە سەلامەتی هاتوچۆ، واتە مرۆڤ دەکات.

# لە زۆرێک لە وڵاتان سیستمی کۆنترۆڵکردنی ڕێگاوبانەکان لە ڕێی کامێرا جیا جیاکانی چاودێری خێراییەوە، کارپێکراوە. بەڵام سیستمی کامێرای چاودێری (خاڵ بۆ خاڵ) لەهەموو وڵاتیکدا نییە.

# پیش ئەوەی بچینە سەر باسی کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکانی هاتوچۆ بەهۆی کامێرای چاودێرییەوە باشترە هەندێک خاڵ دیاری بکەین کە دەکرێ ناوێ بنێین پێداویستیە پێش مەرجەکانی دامەزراندنی سیستمی کامێرای چاودێری هاتوچۆ:


یەکەم:
پێش هەرشتێک دەبێت هەرێمی کوردستان لەڕێێ دەسەڵاتی یاسا دانانەوە یاساکان دەربچوێنێ و پۆلێن بەندی لە جۆری سەرپێچیکردن و بڕی سزادانەکاندا بکات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و داواکاری گشتی بزانن لەسەر بنەمای چ یاسا و ڕێسایەک سزاکان جێبەجێ دەکەن...

دووەم: ڕێگاو بانەکانی کوردستان هەمووی پۆلێن کرابێ. جۆرەکانی بە ژمارە دیاریکرابێ بۆنموونە: کام جادە مەرجەکانی ڕێگای خێرا و کام جادە و بانانە مەرجەکانی ڕێگای نۆرماڵ و کام لە ڕیگا و بانانە دەکەونە ناو شوێنی نیشتەجێ بوون و ناو شار و شارۆچکەکانەوە. لە رێێ بۆردی هاتوچۆوە خێراییەکانی هەر یەکێ لەو جۆرە جادانە دیاری کرابێ. مادام هەرێمی کوردستان دەیەوێ تێکەڵ بە سیستمی دیجتاڵی جی پی ئێس ببێ زۆر پێویستە جادەکان بەتایبەت جادە خێراکان و جادەی نۆرماڵەکانی ئۆتۆمۆبیل بکات بەژمارە و ئەوناوە دورودرێژانەی کە لێیان نراوە لا ببرێن.  

سێیەم: هەموو جادە خێرا و نۆرماڵەکان جگە لە پۆرتاڵ و بۆردە سەرەکیەکانی کە ناو و دووری شوێنەکانی لەسەرنووسرابێ. پیویستە بەدرێژایی ڕێگا سەرەکیەکان لەدەستە ڕاستی ئاراستەی رۆیشتن دا  لە ئاراستەی ڕاست و ئاراستەی چەپەوە لە سفرەوە هەتا درێژی هەرجادەیەکی دیاریکراو ناوەکەی دیاریکرابێ و لە هەر ١٠٠ مەترێک دا بۆردێک لە قەراخ جادەکان چەقێنرابێ و درێژەیەکی لەسەر نوسرابێ ئەم بۆردە بچوکانە بە هۆڵەندی پێی دەوترێ (Hectomete) سەیری وێنەکە بکە. بۆنموونە له‌شاری سلێمانی: لە دەروازەی شارەوە(باخی بەختیاری) بە ئاراستەی کەرکوک با وای دابنێێن خاڵی سفری دەستپێکی جادەکە بێ و هەتا چەمچەماڵ ٨٠ کیلۆمەتر بێ. ئەم جادەیە ناوبنێن جادەی (A1) دەبێ بەدرێژیی ئەو ٨٠ کیلۆمەترە هەر ١٠٠ مەترێک لەقەراخی جادەکەدا بۆردێک چەقێنرابێ هەم ڕاست یان چەپ، هەم درێژی جادەکەی تیا نوسرابێ. بۆ بەرچاو ڕوونی بڕوانە وێنەکە کە بۆردێکی تەخت سەوزە ناوی جادە  کیلۆمەتردرێژی  و چەپ (Li)ی لەسەر نوسراوە. ئەم وردەکارییانە بۆ ئەوەیە کاتێک کامێرایەکی کۆنترۆڵکردنی خێرایی وێنەی سەرپێچیکەرێک دەگرێ لەکاتی نوسینی غەرامەکەدا شوێنەکە بە دروستی تۆمار و دیارکرابێ.


لێرەدا بە دیاری کراوی لەسەر سیستمی کامێرای پێوانی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ دەوەستین کە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە لیوای سلێمانی جاران دەست بە دانانی کراوە. بە ڤیدیۆ سیتمەکە ڕوون دەکەینەوە، هەروەها سزای سەرپێچکەران لە هۆڵەندا ڕوون دەکەینەوە. پێم باش بوو لە ماڵپەڕی داواکاری گشتی هۆڵەندا کە تەنها دەزگایە دەسەڵاتی سزاکانی هەیە، جۆری یاسا و ڕێسا و  سزاکان کە لەشێوەی پرسیار و وەڵام دا دایان ناوە بیانکەم بەکوردی. هیوادارم بەرچاوی ئەوانە ڕووناک بکاتەوە کە قسەی لەسەر دەکەن. بێگومان بەش بەحاڵی خۆم  پشتیوانی لە پرۆژەیەکی وا دەکەم، بەتایبەت بۆ ئەو ڕێگا و بانانەی کە ڕووداوی زۆری هاتوچۆ تیایاندا ڕوو ئەدەن. یان بۆ کەمکردنەوەی ژاوەژاوی ئۆتۆمۆبیل لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کاتێک  جادە خێراکان بە نزیک یان بەناو شوێنی نیشتەجێ بوون دا دەڕۆن. کەمکردنەوە و دیاریکردنی خێرایی خزمەت بە ژینگە دەکات.

قسە لەسەر لایەنی یاسایی ناکەم کە دەبێ لەلایەن پارلەمانی کوردستانەوە بۆی دەربکرێ. بەڵام ئەگەر بەپێێ ئەوزانیارییانە بێ کە تائێستە بڵاو کراوەتەوە و قسە لەسەر داهاتەکە و بەشکردنی دەکرێ بە جۆرێک: 70٪ بۆ کۆمپانیاکە بێ و 30٪ بۆ حکومەت، ئەمە گرێبەستێکی نا هاوسەنگە. ئەگەر چی حکومەت پارەی کاشی تیا خەرج ناکات، بەڵام بە شیکی زۆر لە لە کارەکان خراوەتە سەر داودەزگاکانی حکومەت. لە هۆڵەندا  ئەو کۆمپانیانەی کە کامێراکان دا ئەنێن و چاکسازی تیادا ئەکەن و نۆژەنی دەکەنەوە  بە پێی گرێبەستەکە مەرج دارە و بەتەنها پارەی تێچون و بڕی قازانجی خۆیانی دەخەنەسەر. گرێبەستەکە هاوبەش نییە و  داهاتی هەموو جۆرەکانی کۆنترۆڵکردنی ڕیگاوبانەکان دەچێتەوە خەزێنەی حکومەتەوە، داهاتەکەش مەرکەزی نییە و بەپێی سنوری جوگرافی شوینەکە داهاتەکە ئەدرێت بە شارەوانی یان هەرێم یان وەزارەتی تایبەت.

 گریمان با ئەو داهاتەی کە لەساڵی ٢٠١٦ دا حکومەتی هۆلەندی بەتەنها لە سیستمی کۆنترۆڵکردنی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ  دا کۆیکردۆتەوە و بڕەکەی ١١٣ ملیۆن یۆرۆ بووە، وەک نموونە بۆ ئەم گرێبەستەی حکومەتی هەرێم کردویەتی وەربگرین بزانین چەندی بۆ کۆمپانیا ئەهلیەکە و چەندی دەچێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمە:
١١٣ ملیۆن یۆرۆ:
لە ٧٠٪ بۆ کۆمپانیا = ٧٩.١٠٠ یۆرۆ حەفتاونۆ ملیۆن و ١٠٠ هەزار یۆرۆ بۆ کۆمپانیاکەیە.
لە  ٣٠٪ بۆ حکومەت کە دەکاتە ٣٣.٩٠٠ یۆرۆ سیوسێملیۆن و نۆسەد هەزار یۆرۆ بۆ حکومەت.
ئەو نمونەیەی سەرەوە وەکو گریمانە وەرمان گرتووە و بۆ ڕوونکردنەوەیە. جا با ١١٣ ملیۆن یۆرۆ نەبێ، سەدوسیانزە ملیۆن دینار بێ.

# سیستمی (خاڵ بۆخاڵ) ی بەش بەش (فرە بەش)
لەهەندێک شوێن سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، بەش بەش کراوە.  بەتایبەت لەو شوێنانەی کە دەرچوون و هاتنەناوەوە (داخڵ ) بوونێک یان زیاتری تیابێت. بۆ کۆنترۆڵکردن هیچ جیاوازی نییە ئەگەر کەسێک بەهەموو بەشەکاندا بڕوات  یان بەشێکی. کامێراکان هەر بەشە و بەجیا  تێکرای خێرایی تیا تۆمار دەکەن. ئەگەر ئۆتۆمۆبیلێک لە یەک (1) بەش دا تیژڕەوی کردبێ، غەرامە دەکرێ. ئەگەر هاتوو لە بەشەکانی تردا تێژڕەوییەکەی  بۆ خوار خێرایی ڕێگا پێدراویش  کەم بکاتەوە.

تیژڕەوی لە سەرەتای بەشی یەکەمی سیستمەکەدا، بە هێواش لێخوڕین لە بەشەکانی تردا قەرەبوو ناکرێتەوە، بۆ ئەو بەشانەی دەرچوون و داخڵ بوونی هەیە.
ئەگەر ئۆتۆمۆبیڵیک لە زۆر بەش دا تیژڕەوی بکات، خاوەنەکەی تەنها یەک غەرامە دەکرێ. غەرامەکەش بۆ ئەو بەشەیانە کە بەرزترین خێرایی تیا کراوە.

ئەم پرسیار و وەڵامانە لە ماڵپەری فەرمی وەزارەتی داواکاری گشتی (OM)Openbaar Ministerie  وەر گیراوە:

# سیستمی خاڵ بۆ خاڵ چۆن ئیش دەکات؟
پرسیار:
 ئەگەر من لە بەشی یەکەم دا تیژ لێم خوڕی، لە بەشی دووەمیش زۆرتیژ ترو لە بەشی سێهەمیش ئەوپەڕی خێرایی لێم خوڕی، بۆ کام لەو بەشانە سزا ئەدرێم؟
وەڵام:
 ئەوانەی کە بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ دا تێ دەپەڕن، ئەگەر لەهەموو بەشەکانی دا سەرپێچیان کردبێ و تیژ لیێێان خوڕی بێ، ئەوا تەنها ئەو سەر پێچییەی بۆ ئەژمار دەکرێ کە بەرزترین تیژڕەوی تێادا ئەنجام داوە. بۆیە باشترە پابەند بیت  بە خێرایی دیاریکراوەوە.
پرسیار:
 ئایە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ هەموو جۆرە ئۆتۆمۆبیلێک دەناسێتەوە؟
وەڵام:
 هەر ئۆتۆمۆبیلێک بەپێی بەشە جیا جیاکان لە پۆلێک ئۆتۆمۆبیلی دیاریکراودا کۆنترۆڵ دەکرێ. لە هەندێک حاڵەتی کەم دا ئەشێ لە پۆلێنکردن و ناسینەوەی تابلۆکەیدا هەڵە ڕوو بدات. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە سیستمەکە بەرزترین خێرایی بەهەڵە بۆ ئۆتۆمۆبیلێکی تر تۆمار بکات، سزاکە بنێر درێت بۆ ئۆتۆمۆبیلێکی تر کە سەر پێچی نەکردوە و بڕیار و سزای هەڵە درابێت. ئەگەر گومانت هەبوو لە سزادانەکە ئەوا بۆت هەیە داوای وێنەی دیجیتاڵی چرکەساتی سەرپێچیەکە بکەیت بە ژمارەی تابلۆ و وێنەی شۆفێرەکە لە سەنتەری هەڵگرتن و پاراستنی سەرپێچییەکان هەڵدەگیرێ بۆت بنێرن تا دڵنیا ببی لە ڕاستی و ناڕاستی سزادانەکە.

پرسیار:
 سیستمی کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ چۆن کار دەکات؟
وەڵام:
 لە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ دا لە زۆر جێگە کامێرای پێوانەی خاڵ بۆ خاڵ لە قەراغ جادەکاندا هەڵدەواسرێن. ئەم کامێرانە هەرچی سەیارەیەک بەو جادەیەدا بڕوات، وێنەی دەگرێ و تۆماری دەکات. ئەو (کات)ەی کە ئۆتۆمۆبیلەکە لە نێوان دوو خاڵدا دەیبڕێ، پیشانی ئەدات کە بە چ خێراییەک ڕۆشتووە. ئەگەر لە بەرزترین خێرایی دیاریکراو زیاتر بوو، ئەوا خاوەنی تابلۆی ئۆتۆمۆبیلەکە بڕی سزای سەر پێچیکردنەکەی بە پۆست دا بۆ دەچێتە ماڵەوە.
پرسیار:
 ئایە لە سیستمێکی کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵدا، دەکرێ لە یەک بەشی ئاراستەکەدا  سزا بدرێـم (یەک بەش لە  سیستمەکە)؟.
وەڵام :
 بەڵێ، لە سیستمی کامیرای کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵدا کە لەچەند بەشێک  پێکهاتبێ. کورت ترین دووری (مەسافە)کە تێکڕای خێرایی تیا حساب بکرێ لانیکەم ٢٠٠ مەترە. ئایە تۆ بەناو سیستمێکی کۆنترۆلێ چەند بەشیدا تێ ئەپەڕی؟ ئەوا لەم کاتەدا تەنها لەو بەشەدا غەرامە دەکرێیت کە تیایدا بەرزترین خێرایی لێتخوڕیوە. 
پرسیار:
 بۆچی لە سیستمی کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵی فرە بەش دا، تێکڕای خێرایی (موعەدەلی خێرایی) لەسەر کۆی درێژی ئاراستەکە حساب ناکرێ کە ئۆتۆمۆبیلەکە لە ناو سیستمەکەدا بڕیوێتی؟
وەڵام:
 بۆئەوەی هەموو شۆفێرێک بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. 
وای دابنێ، کەسێک تەنها لە بەشی یەکەم دا بەرزترین خێرایی لێیخوڕیوە، لەیەکەم دەرچوندا  لائەدات و ئاراستەکەی ئەگۆڕێ و لە سیستمەکە دەچێتە دەرەوە، شۆفێرێکی تر بەهەمان خێرایی دێت و بەشی یەکەمی کۆنترۆڵەکە دەبرێ و بەردەوام دەبێ و لە بەشەکانی تردا  زۆر خاوی دەکاتەوە.  ئەگەر سیستمەکە تێکڕای خێرایی ئەژمار بکات، دەبێ شۆفێری دووەم لە شۆفێری یەکەم کەمتر سزا بدرێ وەکو لە شۆفێری یەکەم. هەرچەندە  هەردوو شۆفێرەکە بەهەمان خێرایی سەرپێچییان کردوە. لەم حاڵەتەدا غەرامەکردنی وەک یەکی هەردوو شۆفێرەکە بەهۆی هەمان خێرایی لێخوڕین لە خاڵ بۆ خاڵی بەشی یەکەمی ناو سیستمەکەدا ، شتێکی مەنتقییە. (ئەمە بۆ ئەو شوێنانەیە کە لەناو بەشی یەکەمی خاڵ بۆ خاڵەکەدا دەرچوون هەیە، واتە لادانی تێ ئەکەوێ. یەکەم لە کۆی سیستمەکە دەچێتە دەرەوە، بەلام هی دووەم کە بەردەوامە بەلام وا حساب دەکرێ ئەمیش لێێ چوەتە دەرەوە، چونکە گریمانەکە وایە کە لەبەشەکانی تردا خاوی دەکاتەوە و سەرپێچی ناکات. کەواتە بۆ ئەوەی داد پەروەری هەبێ هەردووکیان لەسەر هەمان سەرپێچی کە لەبەشی یەکەمدا بەهەمان خێرایی کردویانە، وەکو یەک غەرامە دەکرێن- وەرگێڕ)
پرسیار:
بۆچی سیستمی کامێرای کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵ دابنرێ؟
وەڵام:
سیستمی خاڵ بۆخاڵ بۆ سەلامەتی هاتوچۆیە، بۆ ژینگە و بۆ بە بەردەوام لەبەر ڕۆشتنی هاتوچۆیە. بۆ ئەوانەی کە ئۆتۆمۆبێل لێدەخوڕن بەرچاویان ڕوونتر و ئارام تربێ، جیاوازی خێراییەکان کەمتر بکاتەوە. سیستمی کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی تەنها بۆیەک بەش و خاڵ نییە، بەڵکو بۆ دیاریکردنی تێکڕایی خێراییە لە مەسافەیەکی درێژی چەند بەشییدا. سیستمەکە حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەک و ٢٤ سەعاتە کراوەتەوە و کۆنترۆڵی خێرایی دەکات.
پرسیار:
بۆچی هەندێک لە هەندێک شوێن سیستمی کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵ، بەش بەش کراوە؟
ئەمە پەیوەندی بە چۆنێتی جادەکەوە هەیە، زۆر جار بەهۆی ئەوەوە کە دەرچوون و هاتنە سەری لێ دەبێتەوە. (سەیری ڤیدیۆکە بکە - وەرگێڕ)
پرسیار:
ئایە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ هەمیشە لەکاردایە، دەتوانم لە دوورەوە بیبینم کە ئاخۆ ئیش دەکات یاخود نا؟
وەڵام:
نەخێر، ناتوانی لە ڕووکاری دەرەوە بیبینی کە ئاخۆ سیستمەکە داگیرساوە. بە گشتی سیستمەکە بەردەوام داگیرساوە و ئیشی خۆی دەکات. تەنها لەکاتی نۆژەنکردنەوەی ئامێرەکان و جادەکەدا بە شیوەیەکی کاتی ئەکوژێنرێتەوە.
پرسیار:
ئایە ئەم سیتستمە لەسەر ئەو لەین(خەت)انەش ئەکتیڤە کە لەینی فریاکەوتنی خێرایە، گۆڕین لە خەت (لەین) یکەوە بۆ خەتێکی تر؟
وەڵام:
بەڵێ، سیستمی خاڵ بۆ خاڵ  چاودێری هەموو لەینەکان دەکات، هەموو جۆرەکانی ئۆتۆمۆبیل و ماتۆڕێک دەناسێتەوە ئەگەر(لەین)ەکانیش بگۆڕن.
پرسیار:
ئایە سیستمی کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵ بۆ ماتۆڕ/ پاس/ گەڵابە و لۆری/ سەیارە کە عەرەبانەیان پێوەیە، ئیش دەکات؟
وەڵام:
بەڵێ، ئەم سیستمە بۆ هەموو هۆیەکانی گواستنەوەیە کە ڕێگە پیدراون بەوێدا تێبپەڕن. خوێندنەوەی تابلۆی ماتۆڕ هەروەکو خوێندنەوەی تابلۆی ئۆتۆمۆبیلەکانە.
بۆ لۆری و گەڵابە، پاس و ئەو ئۆتۆمۆبیلانەی کە عەرەبانەیان لێ بەستراوە، سیستمەکە ئاماژە ئەدات بە درێژی و پانی، یان تابلۆکە، کە بەرزترین لێخورێنی ڕێگە پێدراوی لەسەر نوسراوە( بۆ نموونە بەرزترین خێرایی( ٨٠ یان ٩٠ کم/سەعات )
پرسیار:
ئایە ئەو خێراییەی کە سیستمەکە تۆماری دەکات، ئۆتۆماتیک خۆی ڕاستکردنەوە(Correction)ی بۆدەکات؟
وەڵام:
بەڵێ، وەکو هەموو جۆرەکانی تری کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی، هەموو خێراییەک کە تۆماری دەکات ڕاستەوخۆ ڕاستکردنەوەی بۆ دەکات. ئەم ڕاستکردنەوە  کە لە خێرایی تۆمار کراودا دەیکات، بریتییە لە ٣ کم/ سەعات هەتا ئەوپەڕی خێرایی ١٠٠کم/سەعات. لەسەروو ئەمەشەوە ئینجا لەسەدا سێ ٣٪ لە تێکڕای خێرایی تۆمارکراو دەریدەکات.
بۆ جادەیەک کە بەرزترین خێرایی ١٢٠ کم/ سەعات دیاریکرابێ، بەتەنها ٣ کیلۆمەتری ڕاستکردنەوەی لێ دەردەکات. ٤کم/سەعات زیاتر بی لەدوای ڕاستکردنەوەکە غەرامە دەکرێ.
ئەمە مانای وایە:
* واتە بۆ بەرزترین خێرایی ٨٠کم/سەعات، غەرامەکردن لە ٨٧کم/سەعات ەوە دەست پێ دەکات(٣ کم ڕاستکردنەوە، ٤ کم چاوپۆشی - marge ).
* لەو شوێنانەی بەرزترین خێرایی ڕێگە پێدراو ١٠٠کم/سەعات بێ، ئەگەر بە خێرایی ١٠٧ کم/سەعات لێبخوڕیت ئەوە  سەرپێچییە وغەرامە ئەکرێی.
* ئاگاداربە: لەو شوێنانەی کە بەرزترین خێرایی تیایدا بە ١٣٠کم/سەعات دیارکراوە، ڕاستکردنەوەی خوارەوە نامێنێ و لەیەک ١کم/سەعات خێراترەوە  غەرامە دەست پێ دەکات (لەدوای ڕاستکردنەوەوە)

تێبینی:
وەکو لەسەرەتاوە  ئاماژەم پێداوە، زانیاریەکانی من لەسەر هۆڵەندایە بۆیە پێم باشە ئەم زانیاریانەش لە کۆتایی دا بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر بنووسم.
‌هەتا ئێستا لە هۆلەندا سیستمی کامیرای خاڵ بۆ خاڵ لە جادە خێرا (Snelwegen) کان و جادە نۆرماڵەکان  واتە ئەو جادانەی کە جادەی خێرانین  و بە (N-wegen) ناونراون بەم ژمارانە دانراون:
- لە کۆی  ١٦٢ جادە خێراکان(Snelwegen) ، لەم ژمارەیە تەنها لەسەربیست( ٢٠) جادە ئەم سیستمە دانراوە ئەویش بۆ بەشێکی دیاریکراو کە یان رووداوی هاتوچۆی زۆر تیا ڕویداوە، یان بە نزیک شوێنی نیشتەجێبوون دا دەڕوات هەم  بۆ کەمکردنەوەی ژاوە ژاوی ئۆتۆمۆبیل لەو شوێنەدا هەم بۆ کەمکردنەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کە هەردووکیان دەچنە خزمەتی مرۆڤەکانەوە.
- لە کۆی ٦٤٧ ڕیگای نۆرماڵ (N-wegen) تەنها لەسەربیست (٢٠) جادە ئەویش لەو شوێنانەی کە پێوسیتن دانراوە، ئەوەش لەبەر هەمان هۆی ڕێگا خێراکان کە ئاماژەمان پێداوە.
- لەسەر زۆربەری زۆری جادەکان بە جادەی خیرا و  نا خێراوە، بە ناوشارەکان و چوار ڕێکانەوە  سیستمی کامیرای فلاش، کامیرای پێوانی خێرایی  کامیرای جووت سیستمی واتە( لە ترافیکی سوور و هەم کۆنترۆڵکردنی خێرایی) بەهەموو جۆرەکانی تری کۆنترۆڵکردنەوە، دانراون. وەک لەسەرەتاوە ئاماژەم پێداوە ئەم نوسینە زیاتر لەسەر سیستمی کامیرای کۆنترۆڵکردنی خێراییە لە خاڵ بۆ خاڵ.
- پێویستە لەهەرشوێنێک کە کامێرای جێگیری کۆنترۆڵی خێرایی بەهەموو جۆرەکانیەوە، یان سیستمی کامێرای کۆنترۆڵی خاڵ بۆ خاڵ هەبێ، پێویستە بە چەند سەد مەترێک پێشتر بۆردی گەورە لە قەراغی جادەکان دانرابێ و وێنەی کامیرای کۆنترۆڵ و لەسەری نوسرابێ کە ئەم ناوچەیە لەژێر کۆنترۆڵی کامیرادایە بۆئەوەی شوفێر ئاگادار بکرێتەوە.
من بەش بەحاڵی خۆم لە گەڵ دانانی کامێرای چاودێریم بۆ سەلامەتی هاتوچۆ، بۆ کەمکردنەوەی رێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پاراستنی ژینگە، بۆ کۆکردنەوەی داهات. هەروەها دژی هەموو جۆرە کارێکی تێکدەرانەم کە کامێراکان بشکێنن، لەکاریان بخەن.  بەڵام  لەپێش ئەم سیستمی کامێرای چاودێری خاڵ بۆ خاڵە، باشتربوو کە تەرکیزیان لەسەر سیستمەکانی تری کامێرای کۆنترۆڵی خێرایی و ترافیک لایتەکان بکردایە چونکە ئەم سیستمە هەمووی دە ساڵێکە لە هۆڵەندا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا کاری پێ دەکرێ لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنە تەکنۆلۆجیا و کوالیتی جادە و بانەکان و باری گوزەرانی هاوڵاتیان. دەقی گرێ بەستەکە کە شارپرێس بڵاوی کردەوە  بەوردی خوێندمەوە، خاڵ و بەندەکانی ناوگرێبەستەکە  زیاتر لە بەرژەوەندی کۆمپانیای جێبەجێکارە.
 بێگومان دەبێت و پێویستە کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان قازانج بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن. بەنیگەرانییەوە لەکوردستان کەرتی تایبەت زیاتر لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بەحیزبەوە مۆنۆپۆڵکراوە و پرۆژەکان بەنرخی گران و لەسەر حسابی بودجەی گشتی بەبێ مونافەسە ئەدەن بە کۆمپانیاکانی خۆیان.  بە حوکمی زیاتر لە  ١٤ ساڵ کارکردنم لە یەکێ لە ١٠ کۆمپانیا گەورەکەی هۆڵەندا لەبواری ڕێگاوبان و لە بەشی (تەندەرو پلانکردن). پێویستە  ئاماژەی پێ بکەم کە لەهەر پرۆژەیەک دا کە حساباتمان بۆ دەکرد دوو ڕێژە مان وەکو ستاندەر لە دوای کۆی تێچووی پرۆژەکە دەخستە سەری: یەکەم لەسەدا ٨٪ بۆ خەرجی گشتی و لە سەدا ٤٪ بۆ قازانج یان زەرەر کردن. زۆربەری جار بۆ ئەوەی پرۆژەکە ببەیتەوە  لە سەدا ٤٪ کەمان لێ لادەبرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەی ئەو کەسانەی لەم کۆمپانیایەدا کاریان دەکرد و ژیانیان لەسەری بوو  نزیکەی ٣٧٠٠ کەس بوون. با لەکوردستان نسبەتی قازانج ی کۆمپانیاکان ٢٠-٢٥٪ بێ. بەڵام ناکرێ ئەوە ڕێژە زۆرە قازانج بدرێ بە کۆمپانیاکان بەتایبەت ئەوانەی لە حیزبەکانی دەسەڵاتەوە نزیکن، لەسەر حسابی بودجەی گشتی. پرسیار ئەوەیە ئەم کۆمپانیایە کە ئەم پرۆژە گەورەیەی دراوەتێ  چەند کەس کاری تیادا ئەکەن؟ بۆ ئەوەی ڕیژەی بێکاری کەم بکرێتەوە و باری سەرشانی حکومەتەکەشمان سووک بکات؟ هەتا کەرتی تایبەت  نەک (مۆنۆپۆڵ) پێش بکەوێ ڕێژەی بێکاری کەم دەبێتەوە و ژایانی خەلک باشتر و باری سەرشانی حکومەت و سوکترو ژمارەی موچەخۆرانی دەوڵەت کەم دەبێتەوە.

هیوادارم توانیبێتم بەرچاوڕوونی بدەم هەم بە هاوڵاتیان هەم بەو فەرمانبەر و پارلەمانتار و چاودێرانەی کە لەسەر ئەم کەیسە قسە دەکەن.
سەرچاوەکان:
+ پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنی (RTL)ی هۆلەندی کە لەسسڵی ٢٠١٧ دا لەسەر سیستمی خاڵ بۆ خاڵ کردووێتی.
Aantal trajectcontroles verdubbelt: zo werken ze - RTL NIEUWS - YouTube
+ ماڵپەڕی داواکاری گشتی هۆلەندا
Trajectcontrole - Openbaar Ministerie (archive.org)
+ سەرچآوەی تر..

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن