وتار

لە نێوان چون و نەچوندا بۆ دەنگ دان!

10/8/2021 10:54:00 AM 165 جار خوێندراوەتەوە
خالید ڕەزا

گرنگە هەموو ئەوە بزانین. ئەوەی وامان لێ دەکات لەوەی کە دودڵ بین لە چون و نە چون بۆ دەنگدان، هۆکارەکان جۆراوجۆرو جیاوازن. با لێرەدا بە شێنەیی گفتوگۆیەک بکەین کە ئاخۆ ئەو هۆکارە دیاریکراوانە چین کە وامان لێ دەکات دەنگ نەدەین، سەرەتا وا باشە هەندێ لەو هۆکارانە بە شێوەیەکی گشتی تاوتوێ بکەین:

یەکەم: دەنگدانی من هیچ جیاوازیەک دروست ناکات !
شانسی ئەوەی کە بەتەنها دەنگی تۆ کاریگەری گرنگی هەبێ، بێگومان ئەوەنە گەورە نیە. بەلام دیمۆکراسی بەرمەبنای هەموو دەنگەکانە. ئەگەر دەنگی تۆ بەتەنها و هەموو جارێک گرنگ بێ، ئەمە تەنها پەیوەندی بە ژیانی تایبەتی خۆتەوە هەیە و پەیوەندی بەوەوە نیە کە دەنگی تۆ لەناو دەنگەکانی تردا هەمیشە یەکلا کەرەوە بێ. بەڵکو ئەمە کارێکی هەرەوەزیە، کە دەنگی تۆ وەکو تاک لە پاڵ دەنگەکانی تردا ئەتوانن کاریگەری گەورە و یەکلا کەرەوەیان هەبێ و پێکەوە چارەنوسی حکومەت و شارەوانی و ئەنجومەی پاریزگاکان دیاری بکەن.
لەم کاتەدا تۆ لەگەڵ ئەوانی تردا بەڵێ بەدڵنیاییەوە ئەتوانی جیاوازی گەورەدروست بکەی. بەڵآم ئەگەر هەرکەسێک  لای خۆیەوە وتی دەنگ بدەم و دەنگ نەدەم وەکو یەکە! ژمارەی بایکۆت زۆر بێ، ئەوە بێگومان نەک هەر ناتوانرێ گۆڕانکاری بکرێ، بەڵکە بە مانایەکی تر بەشدار دەبی لە هێشتەوەی ئەو دۆخەکەدا، کەوای لیکردویت نەچی بۆ دەنگ دان.

دوەم: بڕوا و متمانەت بە سیاسەت نیە یان نەماوە!
ئەمە پرسیارێکە شایەنی لەسەر وەستانە و دەبێ گرنگی پێ بدرێ. بێگومان حیزبەکانی دەسەلات و سیاسیەکان هەڵە دەکەن، هەندێک جار کارەساتی گەورەش ئەخولقێنن، ئینجا لێرەدا جوانی هەڵبژاردن دەردەکەوێت، بە هەموو ئەو گزی و فزیەی تیایدا دەکرێ. تۆی دەنگدەر ئەتوانی لەدەنگداندا، سزای ئەوانە بدەی کە پێت وایە خراپی کردوە، پاداشتی ئەوەیان بکەیت کە پێت وایە هەندێک شتی باشی کردوە یان ئەتوانێ باشتری بکات، شانسی تازە بدە بەوانەی کە بە بەرنامەیەکی جیاوازەوە هاتونەتە کایەکەوە. بەلام کە نەچویت بۆ دەنگدان و بایکۆتت کرد، ناتەوێ یان ناتوانی نە لەسزادانیان دا بەشداری بکەیت نە لە پاداشتکردنی ئەوانی تر کە دەیانەوێ وەزعەکە بەباری باشەدا بگۆڕن! کە بایکۆتت کرد، ئیتر لەدوای دا هەرچی بڵیی نە جێ دەگرێ و نە گوێت لێ دەگیرێ. بۆیە دەوترێ دەنگ دان هەم مافە هەم ئەرک.


سێیەم: هیچ بژاردەیەک نیە تا دەنگی خۆمی بدەمێ!
چەندین حیزب و هاوپەیمانی هەیە، هەمویان بەرنامە و بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن و تۆش لە ژیانی رۆژانەتدا دەسوپەنجەت لەگەڵ گفتار و کردار یاندا نەرم کردوە. سەرباری ئەوەش هیچ ممکن نیە هەرچی تۆ دەیخوازی و بڕوات پێ یەتی لە بەرنامەی حیزبێک دا هەبێ مەرجیش نیە وابێ . تۆ ئەبێ بۆئەوە بگەڕیی کە چ شتێک بەلای تۆوە وەکو شەخس گرنگە کام لەو لیستانە دەیانەوێ بیکەن، لەلای خۆتەوە تەتەڵەی حیزبەکان بکە، پاک و پیس جیابکەرەوە. لەناو پاکەکاندا هەلبژاردن ئاسانتر دەبێ و کام لەوانەت لا باش بو دەنگی خۆتی بدەرێ.
لە تابلۆ گشتیەکەدا، بۆچونێک هەیە کە پێی وایە مادام ئەندام و لایەنگری هیچ کام لەو حیزبانە نیت، ئیتر پێویست ناکات بچیت بۆ دەنگدان! ئەمە تێگەیشتنێکی دروست نیە. پرۆسەی دەنگدان گشتیە و بۆ هەموو ئەوانەیە کە بە یاسا مافی دەنگدانیان هەیە. مەرجیش نیە و ناشبێ هەموو خەلك ئەندامی ملتزمی حیزبە سیاسیەکان بن، مەگەر لە ولاتێک دا کە بەتەنها حیزبێکی شمولی حوکمڕان بێ. حیزبی بەعس و صدام حسین و هەڵبژاردنەکان وەک نمونە!
ئەگەر جاران پارتی و یەکێتی ڕێکەوتنی ستراتیژی یان هەبوبێ و فیفتی فیفتی لەنێو خۆیان دەنگ و ڕەنگی خەڵکیان دابەشکردبێ. ئێستە ئەوە نەماوە و چەندین حیزب و گروپی سیاسی تر لە مەیدانەکەدان. بۆیە هەم بژاردەی زیاتر و هەم زەمینەکە گونجاوترە بۆ ئەوەی بچی بۆ دەنگ دان. رۆژی ١٠ ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ وەک هەر هاولاتیەکی تر بڕۆ بۆ دەنگ دان. بێگومان ئازادیش لەوەی کە دەستبەرداری مافی دەنگ دان ببی و نەچی و ئەو ئەرکەی لەسەر شانتە جێ بەجێی نەکەیت، بەلام دوایی قسەیەکت نابێ بۆ وتن جگە لەوەی بڵێێ خۆ من دەنگ پێ نەداون! ئەوەش پاسیڤترین هەڵوێستە.

چوارەم: دەنگدانی ستراتیجی  یان تاکتیکی !
لە سیستمی پارلەمانی دا ئەم جۆرە لەدەنگ دان هەیە. ئەکرێ دەنگدانەکە لە نێوان دوو کاندیدی سەرۆکایەتی، یان لە  نێوان حیزبەکاندا روبدات لە لایەن دەنگ دەرانەوە. لە ئێستەدا خەلکانێکی زۆر هیشتا دودڵن لەوەی دەنگ بدەن، یا خود دودڵن و نازانن دەنگ بەکام حیزب یان کاندیدی کام حیزب بدەن. بەڵآم لە رۆژی دەنگدان و لەڕیێ ڕوماڵ  و پایڵین ەوە  دەبینن و هەست دەکەن حیزبی فڵان لە پێش حیزبی فیسارەوە یە، پێم باشە ئەم حیزبی فڵان و فیسارە  بکەم بەنمونەی واقیعی. لە کوردستان دوو هیز ڕکەبەری گەورەی یەکترن. پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لیستی هاوپەیمانی کوردستان(یەکێتی و گۆڕان). ئەو خەڵکانەی کە تا رۆژی دەنگدان دودڵن لە دەنگدان کاتێک لە ڕێێ ڕوماڵی بنکەکانی دەنگ دانەوە هەست بەوە دەکەن کە دەنگدەری لایەکیان لە وی تر زیاترە، تیکچونی باڵانسەکەی پێ باش نیە، یەکسەر بیر دەکاتەوە و بڕیار ئەدات بروات دەنگی خۆی بەولایە بدات کە نایەوێ لەبەرامبەر نەیارەکەیدا بشکێ جا با تا ئەو چرکە ساتەش بەتەمای ئەوە نەبوبێ دەنگ بدات، بەڵام بەسەر دودڵیەکەی خۆی دا زاڵ دەبێ و بایکۆتەکە لەبەر هەستکردنی بە بەرپرسیارێتی ئەشکێنی و دەنگی خۆی بەولایەنە ئەدات، کە مەرج نیە لە ئاستی خواست و ئارەزوی ئەودا بێ و هیچ جۆرە ئیلیتزاماتێکی حیزبی پێ یانەوە هەبێ. بەدەنگ دانیان وەک کارێکی تەکتیکی  دەتوانن هاوکێشەکان بگۆڕن. ئەمەش ڕیک وەکوتەکتیکی ئەو ڕاهێنەرە وایە  کە لە درێژکردنەوەی کاتدا  تیپەکەی گۆڵی سەرکەوتن تۆمار دەکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement