وتار

جگە لە کورد! هیچ نەتەوەیەک نادۆزیتەوە!

5/17/2022 1:19:00 PM 494 جار خوێندراوەتەوە
خالید ڕەزا

زمانی دایک !
سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین کە لە سەرانسەری جیهان‌دا نزیکەی ٦٠٠٠ زمان هەیە. یونسکۆ ڕۆژی ٢١ی شوباتی وەک ڕۆژی جیهانی زمانی دایک ناساندوە.

ئەتڵەسی زمانەکانی یونسکۆ ئاماژەی بەوە داوە، کە  ٦ هەزار زمان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە، کە ٢٥٠٠ زمانیان بە لاواز وەسف کراون. ئاخۆ زمانی کوردیی لە کوێی زمانەکانی دونیادا جێگەی گرتوە، لە گروپی یەکەمدایە یان هی دووەم یان هیچیان؟

# بۆچی دەوترێ زمانی دایک، ناوترێ زمانی باوک؟
هەر کە ئەندامی بیستنی کۆرپەلە لە سکی دایکی‌دا گەشەی کرد، ئەو بەردەوام گوێێ لە ڕیتمی دەنگی زمانی دایکی دەبێ.  ناو بە ناو و هەندێ جار گوێێ لە دەنگە دەنگی باوکی دەبێ. لە دوای لە دایکبوون ئینجا مناڵەکە بە زمان و دەنگی باوکیشی ئاشنا دەبێ.

# بۆچی زمانی دایک گرنگە ؟
منداڵ کاتێک کە لە دایک دەبێ هەتا فێری قسەکردن دەبێ، تەنها بە گوێ لێ بوون فێری زمانی بیستن دەبێ. هەتا دەکەوێتە گڕوگاڵ و گۆکردن و دواتر گەورە دەبێ. زۆر گرنگە بە پێێ قۆناغەکانی گەشەکردنی مێشکی مناڵ، زمانی دایکی بە هەر سێ بەشەکەی تری (قسەکردن، خوێندنەوە و نوسین) بە باشی و ڕەوانی فێر ببێ.

ئەو بنچینەی زمانی دایکە کە لە سەرەتاوە دای ئەنێی بێ ئەندازە گرنگە  بۆ گەشەکردنی کەسایەتی مناڵ و دواتر فێربوونی زمانی تر. فێربوونی زمانی زیاتر لە سەر بنەمای بە ڕەوانی فێربوونی  زمانی دایکەوە دەست پێ دەکات. واتە چەندە بە باشی و ڕەوانی بە زمانی دایک قسەبکات، کارئاسانی زیاتر دەکات بۆ زوو فێربونی زمانی تر. ئەڵبەت فێربوونی زمانی تر یارمەتی گەشەکردنی زمانی دایک ئەدات، بە مانایەکی تر بناغەی پتەوی فێربوونی زمانی دایک سودێکی دوو سەرەی هەیە هەم لە کارئاسانی بۆ فێربوونی زمانی تری بێگانە و هەم دەوڵەمەند کردنی زمانی دایکدا.

# جیاوازی چیە لە نێوان زمانی دایک و زمانی باوک دا؟
لە ڕوی زانستییەوە وایە، هەرلەگەڵ دروستبون و گەشەکردنی ئەندامی بیستنی کۆرپەلە لە سکی دایکدا، لەوکاتەوە کۆرپەلەکە گوێی لە ڕیتمی قسەکردنی دایکێتی. ڕەنگە لێرە و لەوێ گوێی لە سەدای دەنگی باوکی بێ، بەڵام کۆرپەلە زیاتر و بەردەوام زمانی دایکی دەبیستێت. دوای لە دایک بوونی ئینجا لەگەڵ زمانی باوکی ئاشنادەبێ.

بەڵام بۆ دەڵێین زمانی دایک؟ لە ڕوی مێژوییەوە  قسەیەک کە زۆر باوە ئەوەیە کە منداڵانی ساوا زۆرجار بە شێوەیەکی سەرەکی لە دایکیانەوە فێری قسەکردن دەبن. بەدڵنیاییەوە لە ڕابردوودا ئەمە وابوو کە پیاوەکە بە درێژایی ڕۆژ کاری دەکرد و ژنەکەش ئاگاداری منداڵەکان بوە. زمانی دایک بەم مانایە لە سەدەی ١٧ هەمەوە بەکار هێنراوە.

# ئایە دەکرێ کاتێک مناڵ لەدایک دەبێ لە یەک کاتدا دوو زمان فێر ببێ؟
بەڵێ، ئەگەر هاتوو دایک و باوکی مناڵەکە لە دوو نەتەوە و دوو زمانی جیاواز بن، هەر لە منداڵیەوە بەو دوو زمانە گەورە دەبێ. کەواتە ئەتوانین بڵێین مناڵەکە لەیەک کاتدا دوو زمانی دایکی دەبێ، زمانێکیان هی دایکی و زمانەکەی تریش هی باوکی، بەڵام ئەگەر ژن و مێرد لەیەک نەتەوە بن و یەک زمانی هاوبەشیان هەبێ، ئەوا مناڵەکە یەک زمانی دەبێ ئەویش زمانی دایکێتی.

# لەدوای ئەو کورتە سەرنجانە بە پێویستی دەزانم کە ئەم باسە بوروژێنم و ئاورێک لەو کارەساتانە بدەینەوە کە بەسەر ڕێنووس، ڕێزمان و نوسینی زمانی کوردی دا هاتوە، کە بێگومان بەرپرسی یەکەم لەم پاشاگەردانیەدا  دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستانە کە سی ساڵە حوکـمڕانی هەرێمەکەیە. ئەڵبەت سۆشیەل میدیاش لەمەدا بێ خەتا نیە!

# یەکێکی تر لەو کارە ترسناک و خراپانە ئەوەیە کە بەشێک لە خێزانەکان، مناڵەکانیان لە قۆناغی دایەنگەوە دەنێرنە ئەو شوێنانەی کە بەزمانی بێگانە مناڵەکانیان فێری قسەکردن دەکەن، ئینجا لەدوای دایەنگە وە دەیاننێرن بۆ قوتابخانە ئەهلیەکان بە پارەیەکی گران، کاتێک کە دەچنە قۆناغی بنەڕەتی و ناوەندی وانەی کوردی یان پێ ناخوێنرێ، فێری نوسین و خوێندنەوە ناکرێن ئەمەش پرۆسەیەکە بۆ لەبیر بردنەوەی زمانی دایک. لەمە کارەساتبار ترئەوەیە کە دایک و باوکی ئەو مناڵانە بەجۆرێک لە شانازیکردنەوە وەک پیاهەڵدان بە شان و باڵی مناڵەکانیاندا بەخوێن ساردییەکی لەڕادەبەدەرەوە بەهەستکردن بە خۆبادان و غرورەوە  دەڵێن: مناڵەکەمان وەکو بولبول زمانی ئنگلیزی، تورکی یان ... ئەزانێ و کوردی نازانێ!!
ئەمە بەر لەهەر لێکدانەوەیەکی تر ئەوپەڕی هەستکردنە بە خۆ بەکەم زانین وەکو کورد لە بەرامبەر زمان و کەلتووری نەتەوەکانی تردا. ئەمە ئاستی هۆشیاری دایک و باوکەکانمان بۆ دەرئەخات. ئەم هەستی خۆ بەکەم زانینە لەبەرامبەر نەتەوە و زمانەکانی تردا تێکەڵەیەکن لە دایکان و باوکانی هەم نەخوێندەوار و هەم خوێندەوار و خۆ بە زلزان لەبەرامبەر ئەوانی تردا! ئێستە لە کوردستانی عیراق ئەمە لە حاڵەتەوە بوە بە دیاردە. لە کاتێک دا لە بەشەکانی تری کوردستان بۆ بەرگری کردن و فێرکردنی مناڵان بە زمانی شیرینی کوردی، ملیان لە چەقۆی ڕژێمەکانی تورک و فارس و عەرەب ئەسوون!
بەپێی ئەو پرسیار و بەدوادا چونانەی کە کردومن لە ئێستەدا مناڵانی ئەو خوێندگە ئەهلیانە نەک هەر کوردی بە نوسین و خوێندنەوە نازانن، بەڵکە لە قسەکردن یشدا وەک مناڵانی غەیرە کورد وان کە تازە فێری کوردی بوبن!

دەبێ ئاماژە بەوەش بدەم کە بەنیگەرانییەکی قوڵەوە، مناڵانی کورد ئەوانەی بە سەرتاسەری دونیادا بڵاوبونەتەوە بەهۆی کەمتەرخەمی دایک و باوکیانەوە، زۆرینەیان ناتوانن چەند ڕستەیەکی کوردی بەسەر یەکەوە قسە بکەن، کاتێک گوێت لە ئاخاوتنیان دەبێ هەست ناکەیت مناڵێکی کوردە قسە دەکات، لەوە دەچێ کەسێکی غەیرە کوردبێ و فێری کوردی بوبێ، لەکاتی گەرانەوەی ئەمانەدا بۆ کوردستان ناتوانن لەگەڵ هاوتەمەنەکانی کەسوکاریاندا تام و چێژ لە سەردانەکەیان ببینن بە باشی لەیەکتری تێ ناگەن! بەشێک لەو بێگانانەی کە ئێستە لەکوردستان ئەژین و فێری کوردی بوون لە هەندێک لەمانە باشتر بەکوردی قسە دەکەن. بێگومان لەناو مناڵە کوردەکانی هەندەرانیش دا، تیایاندایە کە بەکوردییەکی پاراوی وا قسە دەکات، هەست ناکەیت لە ئەوروپا گەورە بوبێ، بێگومان دایک و باوک لەمەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبوە، جگە لەوەی لە قوتابخانەی تایبەت فێری نوسین و خوێندەوەیان کردون.
لە هۆلەندا ژمارەیەکی زۆر پەنابەری لە نەتەوەی جیاواز تیایە، ساڵی ٢٠٠٦ زانکۆی (نایمخێن) لێکۆڵینەوەکیان لەسەر مناڵانی پەنابەران کرد، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان ئەوەی پیشان دابوو کە ئەو مناڵانەی کە لەماڵەوە بە زمانی دایک پەروردە دەکرێن و قسەیان لەگەڵ دەکرێ و بە باشی فێری زمانی دایک دەکرێن، لەو مناڵانە زوتر فێری زمانی هۆڵەندی دەبن کە لە ماڵەوە بەزمانی دایک قسەیان لەگەڵ ناکرێ. بێگومان وەک لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێداوە چەند زمانی زیاتر فێر ببن باشترە و ئاسۆی بیکردنەوەیان زیاتر دەکات، بەڵێ‌م کەی و لە چ قۆناغێکی تەمەندا؟ دکتۆرە ئێڤی ڤاومانس (Evy Woumans) لە زانکۆی خێنت (Gent)ی وڵاتی بەلچیکا لە لێکۆڵینەوەیەکی دا لە سەر گرنگی زمانی دایک و فێربونی فرە زمانی بە گرنگ وەسف دەکات و دەڵێ" فرە زمان زانی جۆرێکە لە ڕاهێنانی مێشک، بە پێی لێکۆڵینەوەکەم. ئەوانەی کە شارەزای فرە زمانین باشتر توانای بیرکردنەوەی ئەبستراکیان هەیە و ئەگەری توش بونیان بە ئەلزەهایمەر کەمترە".
 بێگومان نابێ  نە لەسەر حسابی زمانی دایک بێ، نە لە قۆناغی سەرەتای فێربونی مناڵەکەدا بێ. دەبێ ئەوە بزانین کە زانینی زمانی دایک بە پاراوی، زمانی دووەم بە هێزتر دەکات.

# قەدرزانین بۆ زمان و کەڵتوری خۆت
گرنگە وەک دایک و باوک قەدری زمان و کلتوری خۆمان بگرین. تۆ دەبێ ئەم ڕێز لە زمان و کەڵتوری خۆگرتنە بە جۆرێک پیشانی مناڵەکەت بدەیت کە هەستی شانازیکردن بە زمانەکەی خۆی لا دروست بکەیت، نەک لەبەرچاوی بێ نرخی بکەیت. ئەمەش هەستی متمانە بە خۆ بونی لا زیاد دەکات و دەبێتە بناغەیەکی باش بۆ سەرکەوتنی لە قوتابخانە. زۆرێک لە توێژینەوەکان کەلەم بارەیەوە کراون جەخت لە وە دەکەنەوە کە ئەگەر هات و دایک و باوک قەدری زمان و کەڵتوری خۆیان بگرن بەزمانی دایک قسە لەگەڵ مناڵەکانیان بکەن، پاڵپشتێکی گرنگ دەبێ بۆ ئاسان فێربوونی زمانی دووەم:(ئۆکازاکی، لە: کومینز، ٢٠٠١).

 کۆتا پەیامم ئەوەیە: فێربونی زمانی دایک بۆ مناڵان بێ ئەندازە گرنگە و هیچ میلەتێک پارە نادا بۆ ئەوەی زمانی دایک لەبیری مناڵەکانی  بباتەوە!
ئەفسوس جگە لە هەندێک کوردی باشور، هیچ نەتەوەیەک نادۆزیتەوە، پارە بدات بۆ ئەوەی مناڵەکەی زمانی دایکی لەبیر بچێتەوە و وەک شانازیش باسی بکەن !!

-هۆڵەندا
17-5-2022

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن