وتار

پەرلەمانی کوردستان..کاتی خۆ کەرەنتینەکردن نیە!

3/30/2020 2:41:00 PM 701 جار خوێندراوەتەوە
خالید ڕەزا

لەهەمو دونیادا، پەرلەمان چەند کارێکی سەرەکی هەیە لەوانە:
# باوەڕ بە خشین و باوەڕ سەندنەوەیە لە سەروەزیران و وەزیرەکان.
#  لێکۆلینەوە و پەسەندکردنی بودجە و چاودێریکردنی جۆری دابەشکردن و جۆری سەرفکردنی بەسەر کەرتەکانی کۆمەڵدا.
# چاودێریکردن و لێپرسینەوەی ئیش و کارەکانی حکومەت.
# بەشداریکردنە شان بەشانی حکومەت لەداڕشتنی کاروباری سیاسی وڵات وڕێگە چارەکانی دا، بە تایبەتی کێشە چارەنوس سازەکان.

گەرچی پەرلەمانی کوردستان، لەسەرەتای دروستبونییەوە، هەتا ئیستا هیچ کام لەو ئەرکانەی خۆی بەباشی جێبەجێ نەکردوە. کەچی لە جیاتی ئەوەی لەخەمی خەڵکی دا بێت، لە خەمی خۆیی و ئیمتیازەکانی دا بوە.

بەداخەوە لەم کاتە ناسکەدا کە مرۆڤایەتی گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوە و، رۆژانە دەیان مرۆڤ ئەکوژێ. هاوزەمان  کوردستانیش لە ناو ئەو جیهانە پڕ مەترسیەدایە و گەورەترین هەڕەشەی  لەسەرە، لەباتی  ئەوەی لەخەمی خەڵک و، چاودێریکردنی بەردەوامی حکومەت و لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنادا بێت، ئەوەتا لە رۆژی 29-3-2020 بە بەیاننامەیەک خۆیی (کەرەنتینە) کردوە. 
ئێوە خەڵکی کوردستان دەنگی پێ داون، بەرپرسن لەژیان و گوزەرانی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس. شورەییە لە تەنگانەیەکی وادا، کە سەرباری ترسی کۆرۆنا، وا برسێتی خەریکە تەنگ بە خەڵک هەڵئەچنێ، ئیوەش بە بەیاننامەیەکی شەرمنانە  خەڵکەکە بەجێبهێلن و، بە بەهانەی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپاراستن، خۆتان سڕ ئەکەن.!. لەجیاتی ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە خۆتان و ئیش و کارەکانتان لەگەڵ هەلومەرجی نوێ بگونجێنن و لەپاڵ خەڵکی خۆتاندا بمێننەوە.


 ئێستا وڵاتی نیدەرلاند (هۆلەندا) بەشیوەیەکی فراوان کۆرۆنای تیدا بڵاوبوەتەوە، بەپێی ئاماری رۆژی 29-3-2020 واتە ئەو رۆژەی کە ئیوە بڕیاری خۆ کەرەنتینەتان تێدا داوە، ژمارەی توش بوان 10866 کەسە و، مردن یش گەیشتۆتە 771 کەس. بەڵام پەرلەمان نەک کارەکانی خۆی سڕ نەکردوە ، بەڵکە خۆیان گونجاندوە بەپێی ڕینماییەکانی خۆپاراستن. لەخوارەوە زۆر بەکورتی ئاماژە یان پێ ئەدەم هیوادارم ئێوەش دەرس و پەندی لێوەربگرن . بەخۆتاندا بچنەوە و، گەلی کوردستان بەجێ نەهێڵن !! 

# لە هۆڵەندا پەیمانگای نیشتیمانی بۆ تەندروستی گشتی و ژینگە، سەرپەرشتی بەرەنگار بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات. ئەم لیژنەیە رێنمایی خۆپاراستن و چۆنیەتی بەرەنگاربونەوە دائەریژن، سەرۆکوەزیر و چەند وەزیریکی تری پەیوەندیدار، تەندروستی ودەرمان، مالیە ی تیایە، حکومەت ئەرکی جێبەجێکردنی گرتوەتە ئەستۆ. بەداخەوە لەوە ئەچی لە کوردستان هێشتا لیژنەیەکی باڵای کوردستانی دروست نەکرابێ وهەر پاریزگایەک بۆخۆی بێت و، سەرۆکوەزیریش لەدورەوە تەماشاکەر! 

# بەپێی ڕێنماییەکان هەم ئەنجومەنی وەزیران هەم پەرلەمانی هۆڵەندا، خۆیان گونجاندوە، نەک خۆیان (کەرەنتینە) کردبێ! 

# سەرۆکوەزیر و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان رۆژانە لە پەیوەندیدان بۆ سەرپەرشتیکردنی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا و هەفتانە چەند جارێک کۆبونەوەدەکەن. سەرۆک وەزیران (مارک ڕوتە)، سەردانی سوپەرمارکت و خەستەخانەکان دەکات و لە نزیکەوە چاودێری بازاڕ و، کەرتی تەندروستیش دەکات. لەکاتی پێویستدا سەرۆکوەزیر و سەرۆکی لیژنەی باڵا پرێس کۆنفڕانس دەکەن و وەڵامی پرسیار ئەدەنەوە. هەمو ئەمانە لە تەلەفزیۆنەوە راستەوخۆ پەخش دەکرێت.ئەگەر بتانەوێت ئیوەش ئەتوانن لە کوردستانەوە بینەری بن!

# پەرلەمانی هۆڵەندا، کۆبونەوەی گشتی هەڵپەساردوە، بەڵام بەردەوام  سەرۆکی فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبونەوە ئەکەن. هەمو رێوشوێنەکانی خۆپاراستن رەچاو دەکەن، دور لەیەک دائەنیشن، تەنانەت ئەو میکرۆفۆنانەشی قسەی لێوە دەکەن لەجیاتی بەدەست دابگیرسیندرێت، کردویانە بەقاچ. کۆبونەکانی ئەمانیش راستەوخۆ پەخش دەکرێت، فراکسیۆنەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هەمویان لەخەمی ئەوەدان، کە باشترین رێوشوێنەکانی خۆپاراستن جێبەجێ بکرێت، لەسەرەتاوە زۆرینەی فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن پشتیوانی حکومەتیان کرد، تەنها دو فراکسیۆن نەبێ، کە هەردوکیان لە پۆپۆلیستەکان بون، ئەوانیش رەخنەی توندیان لە حکومەت گرت کە هەندیک خاو خلیچک بو لە گرتنەبەری رێوشوێنەکاندا، هەروەها لە هاوکاریکردنی کۆمپانیاکان و خەڵکدا، حکومەت گوێێ لێگرتن و، رێوشوێنەکانی خۆپاراستنیان توندتر کرد، ئیستا هەمو حکومەت و ئۆپۆزسیۆن پێکەوە هاوکارن بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا.
 
# پەرلەمان هەفتەی چەند جارێک سەرۆکوەزیران و وەزیری تایبەتمەند و سەرۆکی لیژنەی بەرەنگار بونەوەی کۆرۆنا (RIVM) بانگ ئەکەن بۆ ئەوەی بزانن هەنگاوەکانی بەرەنگار بونەوە چۆن بەرێوە دەچن، چیان کردوە بۆ ئامادەکردنی نەخۆشخانەکان و نەخۆشەکان، رەخنەی توند لەسەر وەزیرئەگرن، لێپرسینەوە دەکەن، پرسیاریان لێ دەکەن و داوای وەڵامیان بۆ کۆبونەوەی داهاتویان لێ دەکەن. 

پرسیاری من بەتەنها لە ئێوە وەک پەرلەمان نیە، لە سەرۆکوەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵای بەرەنگار بونەوەی کۆرۆنایە لە کوردستان (ئەگەر هەمان بێت). ئایا تا ئێستا چەند جار سەردانی مەیدانیتان کردوە بۆ نە خۆشخانەکان؟ بۆ ئێوەش ناتوانن وەک هۆڵەندا بەتەنها دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەوام بکەن، چاودێری پڕۆسەی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا ناکەن؟ بۆ سەرۆکوەزیر بانگ ناکەن و پێی بڵێن کەی وەختی خۆشاردنەوەیە؟ ئەی کەی وەختی ئەوەیە ئیوە خۆتان کەرەنتینە بکەن؟

ئێوە ئەرکتانە ئێستا هەفتانە کۆبونەوەی فراوان نا، بەڵکە بەتەنها سەرۆکایەتی و سەرۆک فراکسیۆنەکان، وەزیری تەندروستی و وەزیری دارایی وئابوری بانگ بکەن تاوتوێێ قەیرانی ئابوری و چۆنیەتی خۆئامادەکردن بۆ روبەڕوبونەوەی دەرهاویشتەکانی قەیرانی کۆرۆنا بکەن؟ فشار بکەن حکومەت خەرجیەکانی خۆی کەم بکاتەوە، یاسای چاکسازی سەرباری کەموکوڕیەکانی بەپەلە جێبەجێ بکات.
ئەگەر ئەمانە ناکەن، بێگومان بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر خوای خۆتان و ئەوسویندەی خواردوتانە، بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر گەل و ویژدان ومیژودا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن