چەند سەرنجێک لەسەر دیاریکردنی تەمەنی خانە نشینی!
1/24/2025 11:33:00 AM
خالید ڕەزا ئەمین
پارلەمان وحکومەتی ئیتیحادی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ دا تەمەنی خانەنشینی بە ٦٣
ساڵ دیاریکرد، لە ساڵی ٢٠١٩ هەمواریکرد و کردی بە ٦٠ ساڵ، وا ئێستا جارێکی تر
پارلەمانی عیراق پرۆژە یاسایەکی ئامادە کردوە تا بیکاتەوە بە ٦٣ ساڵ. بەهانەی
حکومەتیش بۆ کەم کردنەوەی تەمەن ئەوەبو تا خەڵکێکی زۆر خانەنشین ببێ و جێگە بۆ گەنجان
و بێ ئیشەکان چۆڵ بکەن و دایان بمەزرێنن. لە هەرێمی کوردستانیش تەمەنی خانەنشین
بون ٦٣ ساڵ بو، حکومەتی کاربەرێکەر لە ١٥/١/٢٠٢٥ وە یاسای خانەنشینی یەکگرتوی
عێراقی جێ بەجێکرد و تەمەنی خانەنشینی کرد بە ٦٠ ساڵ و خستیە بواری جێ بەجێکردنەوە.
لێرەدا قسەم لەسەر لایەنە باش و نەباشەکان، سودمەند بون و سودمەند نەبونی ئەو
فەرمانبەر و موچەخۆرانە نیە کە خانەنشین دەبن و کاری منیش نیە. بەڵکو ئەخوازم چەند
پرسیارێک سەبارەت بە هۆ و ئامانجی دیاریکردنی تەمەنی ٦٠ ساڵ بۆ خانەنشین بوروژێنم
کە لەسەر چ بنەمایەکی زانستی تەمەنی
خانەنشین بون لە عێراق و کوردستان دیاری ئەکرێ، بۆیە تۆمار کردنی ئەم چەند خاڵە بە
باش ئەزانم:
یەکەم: بێگومان بەهۆی پێشکەوتنی سیستەمی
تەندروستی و خزمەتگوزاریەوە مرۆڤ ساڵ بەساڵ تەمەنی درێژ تر دەبێ. ئامار و
زانیاریەکان پێمان دەڵێن لە داهاتودا تەمەنی مرۆڤ هەتا سەدساڵ و بەرەوژورتر
دەڕوات.
دوەم: وەکو زانراوە دیاریکردنی تەمەنی
خانەنشین بون ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە تێکڕای درێژی تەمەنی مرۆڤەکانی هەر وڵات و
ناوچەیەکەوە. بۆ نمونە تێکڕای تەمەن لە وڵاتێکی وەکو هۆڵەندا پیاوان (80.3) ساڵە،
ژنان (83.3) ساڵە. لەسەر بنەمای تێکڕای تەمەن درێژی مرۆڤەکان، پارلەمان و حکومەت
تەمەنی خانەنشین بون دیاری ئەکەن. لە هۆلەندا لە مڕۆدا تەمەنی خانەنشین بون ٦٧ ساڵە.
پرسیارەکەم لێرەدایە، ئاخۆ لە عێراق و هەریمی کوردستان دا ئامارێکی زانستیان
لەبەردەسدایە و دەزانن تێکڕای تەمەنی مرۆڤی عێراقی و کوردستانی چەندە؟ تا لەسەر
بنەمای ئەو ژمارەیە تەمەنی خانەنشینی دیاری بکەن؟ یان وەکو هەموو شتەکانی تر بە
میزاج و بە گۆترە و بۆ دەفعی بەڵایە؟
سێیەم: خاڵێکی تر کە ئەکرێ لەدیاریکردنی
تەمەنی خانەنشینی دا ڕۆڵی هەبێ، پەیوەندی بە هاوسەنگی و لاسەنگی رێژەی (گەنج) و
(بەتەمەن) ەوە هەیە. رێژەی زاوزێ لە کۆمەڵەگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەک، لە
وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر ئەگۆرێ، وەکو
زانراوە ڕێژەی مناڵبون لە کۆمەڵگە و وڵاتە دواکەوتوەکاندا زۆر زیاترە لە کۆمەڵە
شارستانی و وڵاتە پێشکەوتوەکاندا. بۆنمونە ژنی هۆلەندی بە تێکرا 1.49 منداڵ یان
ئەبێ(منداڵ دروست ئەکەن) ئەگەر سەیری وڵاتێکی وەکو عێراق بکەین ڕەنگە چەند قاتی
ئەم ڕێژەیە بێ. مناڵ خستنەوەش کاریگەری لەسەر رێژەی (گەنج)ی و (پیر)ی کۆمەڵگە
بەگشتی ئەبێ. ئەو وڵاتانەی کە نەوە کەمتر دەخەوە هاوسەنگی لە نیوان گەنج و تەمەن
دارەکاندا لە ئاستی نۆرماڵ دا نابن. بەمەش کۆمەڵگەکە کۆمەڵگەیەکی خۆڵەمێشی
(ڕەساسی) دەرئەچێ و هێندە گەنج یان نابێ تا فریای شوێنی ئەوانە پڕ بکەنەوە کە
کاردەکەن، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە ناچار دەبن تەمەنی خانەنشین بون بەرزتر
بکەنەوە کە لەگەل تێکڕای تەمەن درێژیش دا ئەگونجێ. لە ئێستەدا کۆمەڵگەی هۆڵەندی بە
کۆمەڵگەیەکی خۆڵەمێشی ناو دەبرێ. بۆیە تەمەنی خانەنشین بونیان لە ٦٥ ساڵەوە و
کردوە بە ٦٧ ساڵ و لە بەرنامەشیاندایە لە داهاتودا بیکەن بە ٦٨ ساڵ. پرسیارەکە
لێرەدایە ئایە لە عێراق و کوردستان لەسەر بنەمای چ زانست و داتاو زانیاریەک تەمەنی خانەنشین بونیان کردوە بە ساڵ٦٠
و ئێستە دەیانەوێ بیکەنەوە بە ٦٣ ساڵ؟ چ
فەلسەفەیەکی ئیداری و مالی و دیمۆگرافی و هیزی کار .. لە پشتی ئەم
گۆڕانکاریانەوەیە؟ ئەمانە کۆمەڵە پرسیارو زانیاریەک
بون کە بەباشم زانی بیخەمە بەردیدەی ئەوانەی کە سەریان لەم کارانە دەرئەچێ، یاخود
ئەندامی پارلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراقن بەڵکو سودێکی بۆیان هەبێ.
23-1-2025
دێڵفت- هۆڵەند