وتار

شەن و کەو!

8/4/2020 11:35:00 AM 210 جار خوێندراوەتەوە
خالید ڕەزا


ئەڵقەی یەکەم !
لەم رۆژانەدا کتێبیک بەناوی مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە (1979-1991) لە کوردستان بلاوکراوەتەوە.
نوسەری ئەو پەرتوکە ناوی شەهاب کەریمە، بە پێی گێرانەوەکانی لە ساڵی ٩٧٩ و لە ١٧ ساڵیەوە چوە بۆ پێشمەرگایەتی و دواتر لە لایەن ئاسۆی قومریەوە گیراوە و خۆشی نازانێ لەچ ساڵیک و بەپێی ژمارەی کام لێبوردنی گشتی بەرەلڵا بوە ، جارێکی تریش بوەتەوە بە پێشمەرگە. کتێبەکە وەک چێشتی مجەوەر وایە و لەوە ئەچێ هەر ماڵەوە جۆرێک لە خواردنیان بۆ کردبێتە دەفرەکەیەوە و، خۆی زۆر ئەزیەتی بە لێنانەکەیەوە نە کێشابێ !!
باشتر بوو نوسەری کتێبەکە هەتا ساڵی ١٩٨٧ ی بنوسیایە نەک هەتا ساڵی ١٩٩١. بۆچی؟ ئەمە لە بەشەکانی تردا ڕوون ئەکەمەوە.
هەتا کاتی نوسینی یەکەم بەشی ئەم زنجیرە وتارەم، بەندە هەتا لاپەرە 130 م لیخوێندۆتەوە، بۆیە پیم باش بو لەسەر ئەو بەشانەی کە خۆیندومەتەوە سەرنج و تیبینیەکانی خۆم هەم وەک یەکێک لە ڕیکخستنە دێرینەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و، هەم وەک پێشمەرگەیەکی دێرینی تا ڕاپەڕین لەسەر کتێبەکەی بنوسم ، بە چەند بەشێک وەڵامی بدمەوە و خوێنەرانیش بکەم بە داد وەر و بڕیاری خۆیان بدەن.
سەرنجی خوێنەر بۆ ئەوە ڕائەکێشم کە ئەبێ ئەم میژوە بەپێێ کات و سەردەمی خۆی بخوێنرێتەوە هەڵوێستی لەسەر بدەن و رەخنەی لێ بگیرێ ، نەک بە چاوی دونیای ئەمرۆ.بیگومان بۆیە مێژوو ئەنوسین و ئەخوێنینەوە تا دەرس وپەندی لێ وەربگرین.بەلام گرنگە لە نوسینەوەی بیرەوەریەکانماندا ڕق و تۆڵە سەندنەوە بەرچاومان لێل نەکات.
کاتێک میژوی پیش ڕاپەڕین ئەنوسینەوە نابێ زوڵم و زۆری بەعس و جینایەتی داودەزگا سەرکوت کەرەکانی بەعس مان لە بیرچوبێتەوە.
نابێ ئەوەمان لە بیربچێتەوە کە "حیزبەکانی کوردستان چونکه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێکی سه‌ختی خه‌باتی ژێرزه‌مینی و خه‌باتی چه‌کداری خوێناوی‌دا له‌ دایک بون و دامه‌زراون و گه‌شه‌یان کردوه‌، رێکخستنه‌کانی خۆیان به‌ پێ‌ی سه‌ره‌تا رێکخراوه‌یی و سیاسی و له‌ سه‌ر شێوه‌ی حیزبه‌ شیوعیه‌کانی یه‌کێتی سۆڤێتی جاران دامه‌زراندوه‌. وه‌ ئه‌گه‌ر وا نه‌بونایه‌ به‌رگه‌ی په‌لاماری ده‌سه‌ڵاتی داگیرکه‌ریان نه‌ئه‌گرت. بۆیه په‌یکه‌ره‌ی رێکخراوه‌یی حیزب که‌‌ له‌ شانه‌وه‌ ده‌س پێ ئه‌کا تا ئه‌گاته‌ مه‌کته‌بی سیاسی زۆرتر له‌ په‌یکه‌ره‌ی رێکخراوه‌یی له‌شکر و سپا و جه‌یش ئه‌چێ تا حیزبی پارله‌مان" ١.
نوسینەوەی ئەو مێژوە بەبێ لە بەرچاوگرتنی هەلومەرجی سەرهەلدان ومەترسیەکانی ئەو رۆژگارە ناتەواو دەرئەچێ. لە بیرتان نەچێ یەکێ لە پرەنسیپەکان کە زیاتر سەربازیانە بووە وەک لە سیاسی بریتی بو لە (نفذ ثم ناقش)(جێبەجێی بکە ئینجا مناقەشەی بکە) بوە! رەنگە تاکو تەرای ئەندامی حیزب هەبوبێ رەخنەی لەو پرەنسیپە هەبوبێ، بەلام لە دواجارادا ریکخراوە سیاسیەکەش وەک یەکەیەکی سەربازی و وەک گشت کاری پێکردوە.
ئایە لەو خەباتە ریکخراوەیی و سیاسی و چەکداریەدا هەڵە و پەڵە، کاری توندوتیژی و بەکارهێنانی ئیجتهادی شەخسی هەبوە؟ بەلێ بێگومان هەبوە و جیی ڕەخنەیە!
ئایە ئەو ڕەفتار و کردارە خراپانە کە بەشیکی کەمی وێنە گشتیەکەن ئەتوانن، هەموو وێنەکە و هەموو تابلۆ جوانەکە ناشیرین و تێک بدەن، بێگومان نەخێر.
ئەوانەی ئەمرۆ دەستیان بە گێرانەوەی لایەنە نیگەتیڤەکانی ئەو مێژوە کردوە ڤیدیۆ و کۆڕ و کۆبەندی تەلەفزێۆنی لەسەر ئەگرن، رەخنەی لێ ئەگرن و تەڕو وشک پێکەوە ئەسوتێنن، چەند جورێکن:
هەندێک یان کە کەمینەن خۆیان لەناو ڕوداوەکاندا بون و زیاتر ڕق و کینەی کۆن ئاراستەیان ئەکات بە هوشیاریەوە ئەمە ئەکەن، ئەمانە ترسناکن وەک پەندە کوردیەکە ئەڵێ حەز بە تۆپینی خۆیان و زەرەری ساحێب یان ئەکەن!
هەندێک هەیە لەڕوی نەبونی زانیاری دروست ەوە خەتیکی ڕاست و چەپ بەسەرهەمویدا ئەهێنن. بەشیکی زۆریش نەوەیەکی توڕەن، توڕەن لە دەسەلاتی کوردی، توڕەن لەو هەموو نادادی و گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانەی دەسەلات کە لەلایەن ژمارەیەکی کەم لە سەرکردە و فەرماندە وبەرپرسەکانی خەباتی پێشمەرگانەی شاخەوە ئەنجام ئەدرێن وبون بە تێژێکی زاڵم و باکیان بە خەباتی خۆیان نیە کە ئەگەر بشیان ژمێرین رەنگە لە نیوان 100 تا 200 کەسێک دا بن، کە دڵنیام  خۆم و هەزاران پێشمەرگە و تێکۆشەری دێریینی ناوشارەکان وەک ئێوە لەو دێوەزمانە توڕە و نیگەرانن.!

بۆیە هەڵەیەکی گەورەیە لەداخی ئەوکەسانە تەڕو وشک پێکەوە بسوتێنرێن، لەداخی ئەوانە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیا باران و قەسابخانەکانی ئەبوغرێب، هەیئەی خاسەی کەرکوک و ئەمنەسورەکە و قەسابخانەکانی موسڵ مان لە بیر بچێتەوە. لەداخی دەسەلاتی کوردی داوای گەڕآنەوەی بەعس و حوکمی مەرکەز بۆ هەریم بکەین!! کە وامان کرد، ویژدانمان ئاسودە نابێ.
سەرەتا ئەمەوێ ئەوە بڵێم کاتێک ئەم کتێبە ئەخوێنیتەوە هەست بەوە ئەکەیت کە چەندین کەس بەشدارییان لەم شتەدا کردوە، چونکە بەئاسانی هەست بە جۆری داڕشتن و شێوازی نوسین و زمانی نوسینەکانیان ئەکەیت، بۆیە خوێنەری هۆشیار زەینی بۆ ئەوە ئەچێ ئەوەی ناوی خۆیی خستۆتە سەر کتێبەکە خاوەنی هەموو بەش و بابەتەکانی نیە. پرسیار ئەوەیە ئەی بۆ ئەمەی قبوڵکردوە؟
شەهاب کەریم لە سەرەتادا باسی ئەوە ئەکات لەگەڵ حسێن ناوێک کە بەسودفە ناسیویتی چۆن ملی رێی چون بۆ پێشمەرگایەتی یان گرتۆتە بەر... وای دەگێرێتەوە کە لەشار خزم و کەسانی سەر بەڕیکخستنی ناسیوە و هەر ئەوان ناردویانە بۆلای کەسێک لە پێنجوین و لەوێ بەهۆی چایچیەکەوە بۆیان دەرئەکەوێ کە ئەو کەسەی چون بۆلای سەربە ڕژیم بوە و بەسودفە چایچیەکە گوێی لە قسەکانیان ئەبێ و دوای رۆشتنی دەلیلەکەیان چایچیەکە ئاگاداریان ئەکاتەوە کە لەوێ برۆن ئەگینا ئەتانگرن بۆیە دەستبەجێ چآیخانەکە بەجێ دەهێڵن... بەپێی گیرانەوەکە بێ ئەبێ هاوینی ٧٩ بی چونکە ئەڵێ کە لە چایخانەکە رامانکرد کە تەپوتۆز لە بنی پێڵاوەکانمان بەرز ئەبوەوە، ئەلێ پێنجوین وەک ئێستە گەورە نەبون، بەلام نوسێوێتی کە لە چآیخانەکە دەرچوین دەمەو ئیوارەیەکی درەنگ بەراکردن گەیشتینە گەرەکی خوار پێنجوین !! ئەگەر واببوێ ئەبێ پێنجوین بەقەدەر سلێمانی ئێستە گەورەت بوبێ !! چیرۆکەکە لە شێوەی فیلمی هندی دا درێژەی ئەبێ، خواو راستان لە پێنجوین دا ماڵێک داڵدەیان ئەدات و، توێشەبەرەی رێگایان ئەداتێ و چاوساغیان بۆ ئەکات تا لەشاری پێنجوین دەریان ئەکات... لەم بەشەدا کە بەشێکی زۆری پێشەکی کتێبەکەی داگیر کردوە، شەهاب باسی ئەوە ئەکات کە دوای فەلاکەتێکی زۆر ئەگەنە لای پێشمەرگەکانی کاک جەمالی حەمەی خوا کەرەم لەسنوری گوندەکانی پێنجوین و لەوێ لەبەر ئەوەی نامەی رێکخستن یان پێ نابێ و بروایان پێ ناکەن بۆیە لە  ئاوی خەوزێکێان هەڵئەکێشن و دارکاریان ئەکەن و گومانی پیاوی رژێم یان لێ ئەکەن . چونکە هیچ نامەیەکی رێکخستنەکانی شار یان پێ نابێ وەک پشتگیریکردن(بێگومان لەگەل ئەو لێدان و سوکایەتێپێکردنانەدا نیم ئەگەر ڕاست بێ!)... چیرۆکەکە دریژە و لەوەش ناچێ داڕشتنەکەی هی نوسەر بێ و رەنگە کەسێکی تر بۆی ڕیک خستبێت... لەم حیکایەتەدا رەنگە ئەم پرسیارانە لەجێی خۆی دا بێت:
یەکەم: باشە مادام شەهاب کەریم لەڕێی خەلكانی نزیک لە رێکخستنەکانەوە  ڕێنوێنی کراون و ناردران بۆ پێنجوین. ئەی بۆ نامەی پشتگیریان بۆ هێزی پێشمەرگە بۆ نە نوسین ؟  لە سالی ٩٧٩ دا کە ئەکەوێتە دوای کارەساتی هەکاری و کەس بەبێ تەزکیەی رێکخستنەکانی ناوشار بە پێشمەرگە وەر نەدەگیرا یان دەبوایە لە گوندەکاندا خەلكانی باوەڕ پێکراو کەفالەتیان بکردایە ! بۆیە گێڕانەوەکە زیاتر لە حیکایەتێک ئەچێ تا ڕاستی.
دوەم: دوای ئەو هەموو ڕێگە دورە کاتیک دەگەنە لای کاک بەکری حاجی سەفەرلەسنوری سلێمانی  ئەویش متمانەیان پێ ناکات و دوای لیکۆلینەوە گوایە داوای ئەوەیان لێ ئەکرێ کە بچنەوە بۆ سلیمانی، دوو رومانەیان ئەدەنێ (شەهاب و حسێن ) و فێریان ئەکەن چۆن لەدژی داودەزگاکانی بەعس لە سلێمانی بەکاریان بهێنن و، وەک بەڵگەش داوای ئەڵقەی رومانەکانیان لێ ئەکەن لەدوای ئەنجامدانی چالاکیەکەیان تا دڵنیا ببن، وەک ئەو باسی ئەکات زیاتر لە چەند سەعآتیک ئەڵقەی رومانەکانیان ترازاندوە و ئەم دەست  و ئەو دەستیان پێکردوە تا دەستیان ماندو نەبێ و بتەقنەوە! بیهێنەرە بەرچاوت ساڵی ٧٩ لە قەرەباڵگ ترین شوینی شاردا زوو زوو رومانەی ئەڵقە ڕاکێشرا و لەم گیرفانت دەربهێنی و بیخەیتە ئەو گیرفانەکەتەوە !! لە ڕاستیدا هیچ پێویست بە راکێشانی ئەلقەکە ناکات چونکە پێش هەڵدانی ئەڵەقەکە ی ڕائەکیشری و لەدەستدا ئەبێ و بەدەستەکەی ترت ئەتوانی هەڵی بدەیت... لەو چالاکیەدا شەهاب رزگاری ئەبێ و حسێن ی هاورێی بە ئێستەشەوە بێ سەروشوێنە ! سەیرە شەهاب لەو کتێبەدا ئاگای لە زۆر روداوە کە خۆشی تیا نەبوە، کەچی وەک خۆی ئەڵێ ئێستە و ئەوساش بێ سەروشوێن بونی هاورێ گیانی بەگیانیەکەی خۆیی لای بۆتە مەتەڵ ! و رەخنە لە کاک بەکری حاجی سەفەر و پێشمەرگەکان ئەگرێ کە داوای ئەڵقەی ڕومانەکانیان لێکردونەتەوە وگومانی لەوە هەیە ئەڵقەی رومانەکە لە گیرفانی حسێن کۆیی دا گیرابێ و بەعس بێ سەروشوێنی کردبێ !
لە درێژەی حیکایەتەکەیدا باسی ئەوە ئەکات کە چۆن پێشمەرگەکانی یەکێتی ئاسۆی قومری مام ئاراس کە پێشمەرگەی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان (حسک) بون لە شارباژێڕ چەک دەکەن و، ئەمیش بەهۆی تێکەلاوی ناسیاوی شارەوە لەگەڵیان ئەڕوات بۆ سەرکردایەتی بۆ ناوزەنگ ئەوان بۆ بارەگاکانی حیزبی خۆیان لە دۆڵەتوو و ئەمیش ئەچێ بۆ سەرکردایەتی یەکێتی  لە دوای تەنها دوو ڕۆژ ئەگەڕێتەوە بۆ شارباژێر لە ڕێوە بۆ خوا حافیزی ئەچێتە دۆڵەتوو سەریک  لە مام ئاراس ئەدات و لەوێ ئاسۆی قومری نورە کۆپە ئەوان ئەبینێ ئیزنیان لێ ئەخوازێ کە دەگەڕێتەوە بۆ شارباژێر وەک خۆی ئەلێ بەهەمان رێگەدا نیوە بەپێ و نیوە بەسەیارە لە بلەکێ و چاڵە خەزێنە وە ئەچێتە وە شارباژێر لەوێ سەلاحی مهندس ئەبینێ !! و داوای لێ ئەکات رێی پیشان بدات بۆ سلێمانی، خوێنەری ئەزیز دیقەت بدە ئێستە شەهاب هەموی چەند رۆژێکە ئاسۆی قومری لای مام ئاراس لە سەرکردایەتی جی هیشتوە، لەماوەی کەمتر لەهەفتەک دا گەیشتۆتەوە سلێمانی! لەوێوە گوایە سەرکردایەتی نامەی پیا ئەنێرنەوە بۆ ڕێکخستنەکانی ناوشار بۆ رەزاق ناوێک، ئەم کە تەنها دوو رۆژە گەیشتۆتە ناوزەنگ  نە کەس ئەیناسێ و نە کەس ئەناسێ چۆن مەلا بەختیاری ناسی و ئەم متمانەیە چۆن دروستبو کە نامەی بۆ ڕێکخستنی شار پێابنێرنەوە، لەکاتێک دا خۆی وتەنی نە جەمالی حەمەی خواکەرەم و نە بەکری حاجی سەفەر متمانەیان پێ نەبوە، ئیتر چۆن بەتەنها دوو رۆژ مانەوە لای مەلابەختیار کردیان بە تەتەر! بەراستی لە فیلم ئەچێ! بۆ چونە ناوشار شەهید سەلاحی مهندس ڕێوشوینی بۆ دائەنێ. بەپێی چون و گەرانەوەکەی بێ دەوروبەری کۆتایی ٧٩ ئەگاتەوە سلێمانی، گوایە  ئەم ئاگای لەوە نابێ کە ئاسۆی قومری تەسلیم بۆتەوە! بیرت نەچێ ئەم پێش ئاسۆ گەیشتۆتە سلێمانی ئەم ئاسۆی لە کانی توو جێ هێشتوە... کەچی شەهاب هاتوە باسی ئەوە ئەکات کە لە دایکی بیستوە ئاسۆی قومری چەند جارێک سەردانی ئەوانی کردوە و گەر ئەیەوێت بیبینێ با مەوعید دابنێن چونکە ئەگەڕێمەوە. بۆ بەیانی لە مەوعیدەکەدا ئاسۆ و نورە کۆپە شەهاب ئەگرن ! کە ئاسۆی قومری دەیگرێ و تەسلیمی ئەمنی دەکات و لەبەر خاتری مام ئاراس ی حسک وەک خۆی نوسیویتی خاتری ئەگرێ و زۆری بۆ تێناچێنی! دوای گرتن و ئەشکەنجەدانی زۆر ئازاد ئەکرێ. من ناڵێم ئاسۆی قومری گرتویەتی یان نا من ئەوەم لە نوسینەکەی خۆی دا دەرهێناوە ، ئایە تۆش وەک من پرسیارت نییە؟ باشتر بوو تۆزێک باشتر سیناریۆکەت داڕشتایە!
لەسەر ساڵی گرتن و ساڵی ئازاد بونی بەروار و ساڵەکانی بەجۆرێک تێکەلاوکردوە خۆشی نازانێ چی نوسیوە بۆ نمونە:
# لە لاپەڕە ١٦ دا  نوسیوێتی کە بوم بە پێشمەرگە تەمەنم ١٧ ساڵ بو، کەچی لە لاپەڕە ٥٥ دا لە نێوان دوو کەوانەدا نوسێوێتی تەمەنم ١٨ ساڵ بوو!
# لە لاپەڕە ٧٦ دا کاتیک ئەگاتەوە ماڵی خۆیان نوسێوێتی کاتێک بووم بە پێشمەرگە، هێشتا مۆڵەتی سەربازیم ساڵێکی مابوو، بەلام ئەو کاتەی کە هاتبوومەوە؛ ئەو مۆڵەتەم نەمابوو بەمەرجێ هێشتا باسی ساڵی ٧٩ دەکات !!
# لە لاپەرە ٩١ دا نوسێوێتی لە ساڵی ١٩٨٠ گیرام، دوای ٣ ساڵ بە لێبوردنی گشتی ئازاد کراوم، بە بێ دیاریکردنی مانگ و ڕۆژ و رەقەمی لێبوردنە گشتیەکە !
# لە لاپەرە ١٠٦ دا نوسیوێتی ساڵی ٩٨٠ گیرام تا سالی ١٩٨٣ بە بێ دیاریکردنی مانگ و رۆژی ساڵەکان!
# لە لاپەڕە ١١٥ دا نوسێوێتی دوای دوو ساڵ ئازاد کرام!
# لە لاپەڕە ١٢١ دا ئەڵێ ساڵی ٩٨٣ ئازاد کرام !
# لە لاپەڕە ١٥٧ دا ئەڵێ لە کۆتایی ساڵی ٩٨٠ دا ئاسۆی قومری گرتمی لە ساڵی ٩٨٣ لە موسڵ ئازاد کرام !!
لە شوێنێک ئەڵێ لەسەرەتای ٩٨٠ ئاسۆی قومری گرتومی، لە شوێنێکی تر نوسیوێتی لە کۆتایی ٩٨٠ گرتومی !
لە شوێنێک ئەڵێ دوای ٣ ساڵ ئازاد کرام، لە جێگەیەکی تر نوسیوێتی دوای ٢ ساڵ ئازاد کرام!
لە نوسینەوەی بیروەری و مێژودا رۆژ و مانگ و هەنێدک جار سەعاتەکەش گرنگە، کەچی ئەم برادەرە بازی بەسەر مانگ  و رۆژ و ساڵیش دا، داوە.
گەلۆ کەسێک ساڵ و مانگ و رۆژی گرتن، ساڵ و مانگ و رۆژی ئازاد کردن و ژمارەی بڕیاری لێبوردنی گشتی کە خۆیی پێ ئازاد کراوە نەزانێ، چۆن ئەتوانی بە ئەمانەتەوە مێژوی شۆڕشێک بنوسێتەوە؟ ئەگەر پێێ یان نەکردوە؟
ماوێتی..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement