وتار

لەنێوان مردن و سەرمابوون دا!

12/27/2021 9:30:00 AM 333 جار خوێندراوەتەوە
خالید ڕەزا


ئەم وتارە بۆچی؟
هەواڵەکان دوو روداوی دڵتەزێن یان بڵاوکردەوە. یەکەمیان لە شەوی ٢٢-١٢-٢٠٢١ ، لە گوندی (قوبکێی ) قەزای ئاکرێ دایکێک و چوار مناڵ بەغازی خەڵوز خنکاون. دوەمیان لە شەوی ٢٥-١٢ دا بوە لە دەربەندیخان دوو برا یەکێکیان بەغازی خەڵوزەکە مردوە و ئەوی تریان زەهراوی بوە.

دیارە بەداخەوە ڕوداوی خنکاندن بە هۆی غازی خەڵوزەوە پەرەی سەندوە، کە ئەمەش پەیوەندی بە ساردوسەرما ونەبوونی زانیاریەوە هەیە لەسەر ترسناکی غازەکە.

بۆیە بە پێویستم زانی ئەم زانیاریە گشتیانە لەسەر مەترسی غازەکە لە هۆلەندیەوە، بکەم بە کوردی و سەرنجەکانی خۆمی تیکەڵاو بکەم و بڵاوی بکەمەوە. بەو هیوایەی بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی کارەساتەکان.

ئەم غازە چیە؟

غازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO )، زۆر خەتەرە. غازێکی بێ ڕەنگ و بێ بۆنە و بەچاو نابینرێ. بە ڕیژەیەکی زۆر کەم لە بەرگی هەوادا هەیە کە کەمترە لە (<0.001%)، غازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لە سوتاندنی ئەو سەرچاوە وزانەدا پەیدا دەبێ کە (کاربۆن) یان تیایە، وەکو خەڵوز، تەختە، نەوت و غاز.

کاتێک کە ئۆکسجین (O2)هەبێ، ئەوا یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنCO ئەگۆرێ بۆ دوەم ئۆکسیدی کاربۆن CO2 کە زەهر نیە. ئەگەر ئۆکسجینی پێویست لە شوێنەکەدا نەبێ ، رێژەی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ ئاستێکی ترسناکو پڕ مەترسی بەرز دەبێتەوە.

# کاربۆکسی هیمۆگڵۆبین Carboxyhemoglobine

هیمۆگلۆبین ئەوپرۆتینەیە کە لە خوێن دا ئۆکسجینی هەڵگرتوە و بەهەموو لەشدا ئەیگوازێتەوە و ئەیبات بۆ هەموو ئۆرگانەکانی لەش.
یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن زۆر خێراتر و توندتر بە هیمۆگلۆبینەوە دەنوسێ وەک لە ئۆکسجین، بۆیە کاربۆکسی هیمۆگڵۆبین دروست دەبێ و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن شوێنی ئۆکسجین دەگرێتەوە. لەبەر ئەمە هیمۆگلۆبین ناتوانێ ئۆکسجین وەربگرێ و بەناو خوێندا بیگوازێتەوە. بۆیە ریژەی ئۆکسجین لە خوێن دا کەم دەبێتەوەو بەستەرەشانەکان دەمرن، ئۆرگانەکانی دڵ و مێشک لە کار دەکەون.

# سەرچاوەی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن

ئەشێ سەرچاوەی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO) لە ماڵ دا بێ بەهۆی:
+ خراپی سیستمی خۆگەرمکردنەوە و گەرمکەر؛
+ هەروەها خراپی سیستمی هەواگۆڕین (کەم بونەوەی ئۆکسجین لە ژوردا).

پەیامی من لە م نوسینە پێدانی زانیاریە بە هاونیشتمانیەکانم تا لە مەترسی گازی زەهراوی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن کە لەرێێ سوتانی خەلوز، دار، نەوت و غاز ە وە ئاگادار بکەمەوە وداوایان لێ بکەم ئەگەر هەر ناچارن خەڵوز و دار لەناو ماڵ دا بۆ خۆ گەرم کردنەوە بەکار بهێنن، پێویستە بەردەوام پەنجەرە، ناوبەناویش دەرگا بکەنەوە بۆ ئەوەی ئۆکسجینی پێویست بێتە ژورەوە ، ئەگینا کارەساتەکان دووبارە و چەند بارە دەبنەوە.

وەکو وتمان غازی خەڵوز و دار لە ناوماڵدا زەهرە و خنکێنەرە، بەهۆی ئەوەی نە بۆنی هەیە، نە ڕەنگ و نە بەچاو دەبینرێ بۆیە هەستی پیناکەیت هەتا کار لەکار ئەترازێ.

 ئەبێ پێش نوستن خەلوزەکە ببەنە دەرەوەی ژورەکە و بیکوژێننەوە.

تکایە خۆتان بپارێزن. رەنگە بپرسن بلێن ئەی بۆچی زۆپای دار مەترسی نیە خۆ دار ئەسوتینێ، لەبەر ئەوەی ئەو یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەی کە لەئەنجامی سوتانی دارەکەدا دروست دەبێ، بە لولەی زۆپاکەدا ئەڕواتە دەرەوە.

ئەم غازە کە لە ئەنجامی خەڵوز و دار و غازی ماڵاندا دروست دەبێ، ئەگەر ژورەکە داخراو بێ، جا ئەم ژورە لەکوردستان بێ یان لە ڕاقی ترین ولاتی دونیادا جیاوازی نیە و مرۆڤەکان ئەخنکێنێ. بۆیە دەبێ خۆمانی لێ بپارێزین.

لە نێوان مردنی حەتمی و سەرمابوونی کاتی دا دووەمیان هەڵبژێرە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن