9وتار

سیناریۆی عەلی زەیدی و هاوسەنگی دوو هێزەکەی هەرێم و دووبارەبوونەوەی مێژوو.

11/25/2026 12:30:00 PM
بەختیار نامیق


دووانەی هێزی ڕەق و نەرم لە ستراتیژیی هەژموونگەرایی ئێراندا
بنیاتی هەژموونگەرایی ئێران لە ناوچەکە و بەتایبەت لە عێراقدا، لەسەر هەڵسەنگاندنێکی پراگماتیکی بۆ دوو جۆر هێز بونیاد نراوە کە لە هاوکێشەی سیاسیدا وەک دوو ئاراستەی پێچەوانە و تەواوکەر کار دەکەن (هێزی ڕەق) و(هێزی نەرم ) هێزی ڕەق، کە لە بەرەی مقاوەمە و ئامرازە سەربازی و فشارە مەیدانییەکاندا کورت دەبێتەوە، لە کاتەکاندا وەک ئامرازێکی ڕووبەڕووبوونەوە و یەکلاکردنەوەی بنبەستەکان بەکاردەهێنرێت ، لە بەرامبەردا هێزی نەرم لەو دۆخە سیاسییانەدا کارا دەکرێت کە هەلومەرج بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی بەرژەوەندی لە نێوان ئێران و لایەنە نەیار یان ڕکابەرەکاندا لەبار دەبێت بەشێوەیەک کە بتوانرێت لە ڕێگەی کەناڵە سیاسی و ئابوورییەکانەوە پەسەند بکرێت.

ئەگەر لە قۆناغەکانی پێشوودا پێویستیی گۆڕانکاری یان لێدان لە دۆخە کۆنکرێتییەکان وایکردبێت پشت بە هێزی ڕەق ببەسترێت ، ئەوا لە دوای لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی زلهێزە جیهانییەکان (ئەمریکا، ڕووسیا ، چین) هاوکێشەکە بەرەو ڕاگرتن و سڕکردنی هێزی ڕەق و کاراکردنەوەی هێزی نەرم دەڕوات.

 لەم چوارچێوەیەدا دەرکەوتن و ڕۆڵی (عەلی زەیدی) وەک بەرجەستەکەری هێزی نەرم دەخوێنرێتەوە ، بەتایبەت کە جووڵەی سیاسی و کارگێڕیی عێراق لە دەرەوەی حیسابات و ڕۆڵی ئێراندا بە شێوەیەکی کردەیی ئەستەم دەبینرێت.

دیوی پشتەوەی نمایشە سیاسییەکان و هاوسەنگیی هێز لە هەرێم.
ئەو دیمەن و بەیاننامە فەرمییانەی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەردەکەون ، زیاتر لەوەی گوزارشت لە ناکۆکییەکی سەرەتایی و ڕاستەقینە بکەن ، وەک سیناریۆ و نمایشێکی ئاراستەکراو بۆ دەرەوەی خۆیان دەردەکەون لەم هاوکێشەیەدا ، یەکێتی وەک لایەنێکی ڕێککەوتوو لەگەڵ بەغداد دەردەکەوێت کە پشتیوانیی ئێران و ڕەزامەندیی ناڕاستەوخۆی ئەمریکای لە پشتە و لە دۆسیەی (جرف ئەلسەخر)ەوە هەنگاوەکانی دەست پێ کردووە.

بەم شێوەیە یەکێتی توانیویەتی لە ڕووی باڵانسی سیاسی و پەرلەمانییەوە هەنگاوێکی گەورەتر لەو پێشهاتانە بنێت کە لە پەرلەمان بەرامبەری کراون
لە بەرامبەردا ، پارتی لە دۆخێکی جیاوازدا مامەڵە دەکات بەوپێیەی تورکیا لەم قۆناغەدا سەرنج و ئەولەویەتی سەرەکیی لەسەر دۆسیەی سووریایە نەک عێراق ، تەنها بەرژەوەندییە ئابوورییە دوولایەنەکان بۆی گرنگن ، ئەم بەرژەوەندییە ئابوورییانەش لەگەڵ ئاراستەی (عەلی زەیدی) و هێزی نەرمدا زیاتر یەکدەگرنەوە وەک لەوەی لەگەڵ ئەجێندای پارتی بگونجێن لە ئەنجامدا کەمبوونەوەی پشتیوانیی دەرەکی و گۆڕانی هاوکێشەکان ، پارتی لەبەردەم واقیعێکدا دادەنێت کە ناچار بێت دۆخە خوازراوەکەی ڕکابەر و هاوکێشە نوێیەکە قبوڵ بکات.

پەنابردن بۆ دەستوور و هەڵوەشانەوەی عورفی سازان ( مەبدەئی تەوافق )
لە خوێندنەوەیەکی سیاسی بۆ ئەم پێشهاتانە، پەنابردنی پارتی بۆ دەستوور وەک دەرچەیەک یان بەڵگەیەک، زیاتر لەوەی هەنگاوێکی سەرکەوتوو بێت، وەک نیشانەی پاشەکشە و شکستی سیاسی دەخوێنرێتەوە، لە کاتێکدا هەڵوێستە توندەکانی یەکێتی لەم نێوەندەدا وەک کاردانەوەیەکی ڕووکەش یان بەشێک لە یارییە سیاسییەکە دەبینرێت کە پێشوەختە لەسەری ڕێککەوتوون ،

لە ڕووی بنەمای حوکمڕانیشەوە، جەختکردنەوە لەسەر دەقە دەستوورییەکان لەم دۆخەدا بە مانای لێدان و تێکشکاندنی پرەنسیپی سازان (تەوافق) دێت ، پرەنسیپێک کە لە عێراقی دوای ٢٠٠٣دا لە پراکتیزەکردنی سیاسیدا وەک عورفێکی باڵاتر لە دەستوور مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و بووەتە بڕبڕەی پشتی ڕێککەوتنەکان ، و گۆڕانکارییەکانی ئێستاش دەرخەری دووبارەبوونەوەی هەمان ڕیتمە مێژووییەکانی ململانێ و سازشکردنە لە ناوچەکەدا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن