5وتار

ئــــــــــاودز

11/24/2026 4:08:00 PM
کاروان ئەنوەر

هەزاران جوتیار و باخەوانی كورد لەسەر ئاو و شەڕی (نۆراو ـ نۆرەئاوـ نۆبەئاو-سەرەئاو) بەدەستی ناسیاو و برا و ئامۆزا و خەڵكی هەمان گوند كوژراون، دەیان كێشەی خێزان و بنەماڵە و خێڵ و هۆز و گوندانە و ناوچانە و سنورانە.... لەسەر ئاو قەوماون، رەنگ بێت هەندێكیان چارەسەر كرابن و هەندێكیان بە ئاڵۆزیی مابنەوە، بەشێكیشیان تائێستا چەخماخەی كێشەكە و پەنجەكان لەسەر پەلەپیتكەكان بن.. چەكی بەكارهاتوو لەشەڕی ئاودزیندا (خاكەناس، تەور، تەوراس، تەورزێن، هەورێن، پاچ، بەرد، دار، تێڵا، شوڵك، كوتەك، كەرەمتوو، قیمەكێش، شەن، سێلك، قانگڵە، گۆچان-گۆپاڵ، سیرۆكۆ، كێرد، بەفرماڵ، بێڵ، چەقۆ، قەڵەمبر، قەمە، حەربە، چەكی ئاگریی بچوك و ناوەند و هەندێك جار چەكی قورس وەك نارنجۆك وRBG) بوون.. راستە ئاو شادەماری ژیانە (وجعلنا من الما‌‌‌ءِ كلَّ شيء حي- سورة الأنبیاء) بەڵام ئەمە بیانوو نیە بۆئەوەی لەسەر سەعاتێك نۆبەتی ئاو، برا لەقەو تەقە لە برای بكات، لەكاتێكدا زۆربەی ئاو و سامانی سروشتی كوردستان هەر لەكۆنەوە دزراوە و دەدزرێت، هەزاران مەتر سێجا لە ئاوی كوردستان لە سنورەكانەوە دادەبڕێن، لەكاتێكدا ناتوانین یەك مەتر سێجا لە ئاوی كوردستان بگرینەوە.

كورد واتەنی (ئاو و ئاوەدانی)، بەڵام كە ژمارەی دانیشتوان زیاتر دەبێت، بەتایبەت لەباشوردا، كێشەكە قەبە دەبێت وپەیوەست دەبێت بە ئەمنی هەرێمی و نیشتەجێی و بۆمبێكی ئامادەكراو دەبێت بۆ پاشەڕۆژێكی نزیك.. سەرم لە مەسەلەیەك دەرناچێت: بۆچی بنیاتنانی شارە گەورەكانی كوردستان و زۆربەی شارۆچكەكانیش لەبری ئەوەی لەسەر روبار دروست كرابن، وەك ئەوەی لەهەموو دنیادا باوە، كەچی كورد هەمیشە شارەكانی لە بناری شاخ و چیا و بەری پێدەشتەكاندا دروست كردووە، چونكە وەك سەنگەرێك بیری لە شار كردوەتەوە نەك وەك كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێی مرۆڤ و مرۆڤەكان، كە بەراوردی شارەكانی كوردستان دەكەین بە وڵاتی عیراق بەدەگمەن پارێزگایەك دەبینین لەسەر روباری دیجلە یان فورات نەبن، یان لە لێواریاندا نەبن، بۆیە وشكەڵانی و سروشتی بیابانیی كاری لە ئەمنی خۆراك و ئاوی ئەو شارانەی عیراق نەكردوە و هەمیشە كارتێكی براوەیان بەدەستەوەیە، لە ئەوروپا و ئەفریقا و سەرجەم وڵاتانی تر هەمدیسان شارەكانیان لەسەر روبار و رۆخی دەریاچەكان بنیاتناوە تا ئابڵۆقەی دوژمن و وشكەساڵی و بێبارانی و بەبیابان بوون كاریان تێنەكات!! كەچی كوردی داماو لەبری ئەوەی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەر روباری تانجەرۆ و سیروان دروست بكات هەستاوە لە بناری چیاكانی گۆیژە و شنروێ‌ دروستی كردوون، دهۆكیش هەروەها، هەولێریش لەناو قەڵاو دەوروبەری قەڵاوە بوەتە شار، كەواتە لەئێستاوە تا داهاتویەكی نزیك ئەم كارتی فشارە لەسەرشانی نەوەكانی داهاتوومان بەردەوام دەبێت و كێشەكەیان لە كێشەی ئەمڕۆی ئێمە زۆر زیاتر و گەورەتر دەبێت، چونكە ئێستا وا خەریكە (با و تیشكی خۆر) دەبنە شوێنگرەوەی سوتەمەنی و وزە، بەڵام ئەی خەڵكی ئەم شارانە بەچی خۆیان بشۆن، مەلە بكەن؟؟ لەكاتێكدا لەم سەرزەمینە شار هەیە 25 تا 30 ملیۆن مرۆڤ تێیدا دەژین كەچی كێشەی ئاویان نیە..

من بزانم كورد لە مێژە هەستی بەم مەترسیە كردوە، بەبەڵگەی ئەوەی ئەگەر برینێكی جەستەی زۆر سەخت بێت و توشی هەوكردن هاتبێت، دەڵێت ئەو برینە (ئاودز) ی كردوە، كەچی بیری لە چارەسەرێك بۆخۆی نەكردوەتەوە ئەگەر ئاوەكەی دزرا برینەكەی چی بەسەردێت؟ یان كورد لەجیاتی ئەوەی بڵێت: لە تێنوێتیدا مرد.. دەڵێت لە تینوێتیدا خنكا.. سەیرە وشەی خنكان بۆ بێئاویی بەكاردەهێنێت، لە كاتێكدا خنكان لە ناو ئاودایە نەك لە بێ ئاویدا، ئەمەش مەتەڵێكی ترە!!

ئەمانە هەموو مەتەڵی ئاوین، ناشزانین چی بڵێین و چی بكەین و چۆن وەڵامی نەوەكانی داهاتوو بدەینەوە؟؟؟ تەنها ئەوەندە نەبێت بڵێین:
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
(سێگۆشەی خڕ) ناونیشانی گۆشەیەکی ھەفتانەیە، ھەموو دووشەممەیەک لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)بڵاودەبێتەوە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن