میزی بە چاودا دەكردم
5/6/2020 3:06:00 PM
ئەرسەلان بایز
(86)
دوای بەسەربردنی بیست ساڵ ژیانێكی سەخت و ناخۆش لە زیندان، ئازاد كرا. لەڕێگەی هەڵبژاردنێكی ئازادو پاك و بێگەرد، بوو بە سەرۆكی وڵاتی ئەفریقیای باشوور. لە بۆنەیەكی جەماوەریدا دەگێڕێتەوە:
دوای ئەوەی بووم بە سەرۆك كۆمار، رۆژێك داوام لە هەندێ لە گاردی پارێزگاری كۆشكی كۆمار كرد، بەیەكەوە گەشتێكی ناو بازاڕ بكەین و وەكو هەر مرۆڤێكی ئاسایی لە یەكێ لە رێستۆرانتەكان نانێ بخۆین. لە یەكێ لە چێشتخانەكان لامانداو لەسەر مێزێك دانیشتین، هەر یەكێ لە ئێمەمانان بۆ خۆی داوای خواردنی كرد.
پاش ماوەیەك شاگردەكانی رێستۆرانتەكە خواردنەكانیان بۆ هێناین، سەیرم كرد پیاوێك لە مێزەكەی ئەوبەرمانەوە بە تەنیا دانیشتبوو. منیش بە یەكێ لە سەربازەكانم وت بچێ پێی بڵێ بێتە سەر مێزەكەی ئێمەو بەیەكەوە نان بخۆین، كابراش خواردنەكانی خۆی هەڵگرت و هاتە سەر مێزەكەی ئێمە، ئیتر هەموومان خەریكی نانخواردنی خۆمان بووین. دوای تەواوكردنی، هەموومان هەڵساین و رۆیشتین، لەڕێگای گەڕانەوەماندا یەكێ لە سەربازەكان لێم نزیك بووەوەو پێیوتم:
-گەورەم..! دەزانی ئەو پیاوە نەخۆش بوو..؟
-منیش لێم پرسی: چۆن دەزانی…؟
-ئاخر لەكاتی نان خواردنەكەیدا هەردوو دەستی دەلەرزین.
منیش پێم وت:- ئەو پیاوەو دەست لەرزینەكەی چیرۆكی خۆی هەیە.
-چۆن قوربان… جەنابت دەیناسی…؟
ئەو ساڵانەی لە زیندان بووم، زۆربەی رۆژەكان دەیانبردم بۆ ئەشكەنجەدان، چەند یاساوڵێكی زیندان بەردەبوونە گیانم… تێڵا، بۆكس، شەقو بە جنێوی سووكەوە تاكو شلوكوت دەبوون لێیان دەدام. منیش هەموو گیانم دەكەوتە سەر گۆمی خوێن. ئیتر بە چواردەست فڕێیان دەدامەوە ژوورە بچوكە تاریكەكەم.
تۆ واز لە ئازاری دەروونی و جەستە بێنە. تۆ واز لە خوێنڕۆشتنی دەم و لوت و جەستەم بێنە… تۆ واز لە ژێرپێیەكانم بێنە، كە لە ژێر زەبری قامچی فەلەقەیان دەبوو بە (هیزەی رۆن)+، گەرووم… گەرووم هێندە وشك دەبوو زۆر بە زەحمەت هەناسەم بۆ دەدرا، خەریك بوو تینوێتی بمخنكێنێ، بۆیە بە نووزە داوای پەرداخێك ئاوم لەو پیاوە دەكرد كە ئەوسا پۆلیس و چاودێری ژووری زیندانەكەم بوو.
جا سەیرەكە لەوەدایە ئەو پیاوە هێندە دڵڕەق و بێ بەزەیی بوو سەرباری گاڵتەپێكردنم، سەرباری جنێودانی سووك، لە بری هێنانی پەرداخە ئاوەكە دەهات (میز)ی بە دەم و چاومدا دەكرد.
ئێستاش كە سەیر دەكات، بەندە لە زیندان دەرچووم و بووم بە سەرۆك كۆمارو كۆمەڵێك سەربازم لەگەڵدایە بۆ پارێزگاری، لەوە دەترسێ تۆڵەی لێبكەمەوە، ئەو دەست لەرزینەی بەهۆی نەخۆشییەوە نییە، بەڵكو لە ترسانایە، بەڵام من چۆن شتی وا نامرۆڤانە دەكەم، ئەوە نە لە پیاوێكی وەكو من و نە لە ئاكاری من دەوەشێتەوە.
ئاخر عەقڵیەتی تۆڵەكردنەوە دەوڵەتی پێ دروست ناكرێ، چونكە تۆڵە تۆڵەی لە دوایە، عەقڵیەتی لێبوردەیی؛ گەلان دروست دەكات.
*هیزە: ئەو پێستەی جاران كوردەواری (ڕۆن)یان تێدا هەڵدەگرت.
-سوپاس بۆ هاوڕێم قوباد مەلا رەسوڵ، كە ماوەی چەندین ساڵ بەیەكەوە پێشمەرگە بووین ئەم بابەتەی بۆ ناردم. منیش لەبەر گرنگی و بایەخی بابەتەكە، كردمە ئەڵقەیەكی گۆشەكەم.