كۆنگرەی تەبایی یان لەیەكتر ترازان؟
7/31/2019 7:37:00 PM
ئەرسەلان بایز
بە درێژایی مێژووی ڕێكخراوو حزبە چەپەكانی دنیا. سەركردەو
كادیرەكانی؛ هێندەی سەرقاڵی ململانێی ناوخۆو باڵ باڵێنە بوون، هەر هێندەش
پڕژاونەتە سەر جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوریی ڕێكخستنەكانیان.
دژایەتی یەكتر لەسەر بچووكترین بۆچوونی جیاواز، دابڕان و لەتبوون، ئینجا سەرلەنوێ
یەكگرتنەوە، سیمای دیاری حزبە سۆسیالیستەكان بووە. بۆیە گونجان و بەیەكەوە كاركردن
لەپێناوی پاراستنی یەكگرتوویی رێكخراوەكە، هەمیشە پێویستی بە جۆرێك لە (توافق)
بووە. زۆربەی جارەكانیش ئەو پرۆسەیە لەلایەن ڕەمزو كارێزمای ڕێكخەری ڕێكخراوەكە،
بەڕێوەچووە.
(ی.ن.ك)یش كە وەك ڕێكخراوێكی چەپ لە سێ باڵی جیاواز پێك هاتبوو،
لە ڕێكخستن و سیماو ڕەفتاری حزبەكانی هاوشێوەی خۆی بەدەرنەبوو. هەندێ جار ناكۆكی
نێوان سێ باڵەكە دەبووە هۆی تێكدانی كۆبوونەوەكانی (مەكتەبی سیاسی) بگرە بۆ
ماوەیەكیش دڕدۆنگ بوون لەیەكتر. هەندێ جاری وا بووە (كۆمەڵە) و (شۆڕشگێڕان) هێندەی
ڕێكخراوو حزبەكانی دەرەوەی (ی.ن.ك) ڕقیان لەیەكتر هەڵگرتووە.
شەڕی ڕاگەیاندن و
لەیەكتر هەڵگەڕانەوەی كادیر لە نێوانیاندا باو بوو. بۆیە مێژووی (ی.ن.ك) پڕە لە
جیابوونەوەو (إنشقاق) و جار جارەش یەكگرتنەوە، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانە هەمیشە
(مام جەلال) ضەمانی (توافق)ی نێوانیان بووە. ئەگەر پشوودرێژی و وردبینی و حیكمەتی
(مام) نەبوایە، ئەو سێ باڵە كە (كۆمەڵە زیاتر %80 و شۆڕشگێڕان و خەتی گشتی %20)ی
ڕێكخستن و پێشمەرگەكانی (ی.ن.ك)یان پێك دەهێنا، چۆن دەیانتوانی ئاوها بەیەكەوە
خەباتێكی شێلگیرانە بكەن؟
دوای هاتنەوە شارو
توانەوەی هەر سێ باڵەكەش لە یەك ڕێكخستنی یەكگرتووی سەرانسەری كوردستان، باڵ
باڵێنی نوێ هاتە كایەوە. ململانێی كوتلە نوێكان لە جارانی باڵەكان توندوتیژبوون
لەبەرامبەر یەكتردا. بۆیە هەر سێ كۆنگرەی ڕابردووی (ی.ن.ك) بە (توافق) كۆتاییان
هاتووە.
كۆنگرەی یەكەم تەنیا
چەند كەسێك %51ی دەنگی ئەندامانیان هێنا.
دوای یانزە ڕۆژ لە
بێنەو بگرەو گفتوگۆ نەتوانرا بۆ ئەندامانی تر هەڵبژاردن بكرێتەوە. دواتر بە
(توافق) چارەسەریان كرد. لە كۆنگرەی دووەم، (مام جەلال) بەڕێزان (د.فوئاد و
د.بەرهەم) و (بەندە)ی ڕاسپاردە لای (كاك كۆسرەت) كە ئەوسا سەرمای بوو بوو لەناو
جێگا بوو، ئەویش وتی: (مام جەلال) چی پێ باشە من ڕازیم، ئەوەبوو ژمارەیەك لە
هەڤاڵان لەسەر داوای (مام) بە تەزكیە دانران. لە كۆنگرەی سێیەمیش بە هەمان شێوە بە
(توافق) كۆتاییهات، تەنانەت بەندە بووم بە قوربانی ئەو (توافقە) (ئەگەر پێویستیش
بكات دەتوانم وردەكارییەكانیش بڵاوبكەمەوە).
جا ئەگەر (مام
جەلال)ێك بەو گەورەیی و كارێزمایەی خۆیەوە لەپێناوی تەبایی و پاراستنی یەكگرتوویی
(ی.ن.ك) ئەو سیاسەتەی پیادە كردبێت، ئەی ئەبێ كێ لە (مام جەلال) گەورەترو خاوەنی
كارێزماو ئەو دەسەڵاتەی هەبێت بە جۆرێكی تر كۆنگرەی (ی.ن.ك) بەڕێوەببات؟