410وتار

چەند دیاردەیەك

7/27/2020 4:46:00 PM
ئەرسەلان بایز

# خود پەرستی: لەسەر بچووكترین شت گلەیی دەكات و ڕەخنە لە هەموو كەس و لایەنێك دەگرێ. كاتێ‌ یەكێكیش پەنجەی گلەیی و ڕەخنەی بۆ درێژ دەكات، وەك فیشەكە شێتە دەچێ‌ بە ئاسمانا. چونكە خۆی پێ لە هەموو كەس بێ عەیب و زیرەك و عاقڵترە.

# گەرم…سارد: كاتێ‌ پلەو پایەی حیزبی و حكومیی نەبوو، هەشت هەشت ڕەخنەی دەگرت. وتاری ئاگرینی بڵاو دەكردەوە. كاتێ‌ دەستیشی لە ئەڵقەی لێپرسراوێتی گیربوو. بە بەرامبەرەكانی دەوت: ئەبێ‌ ئاگامان لە وەزعەكە بێ‌، واقیعیانە بیر بكەینەوە، دۆو دۆشاو تێكەڵاو نەكەین..!!

# قبوڵ خاص: بە قبوڵ خاص لە زانكۆ وەرگیرابوو، كەچی باسی لە گەندەڵی دەكردو لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان پێشنیاری بۆ چاكسازی دەكردو (بەرق)ی لە گەندەڵكاران دەگرت.

# تەبایی: هەموو حیزبە كوردستانیەكان لە ماوەی شانزە ساڵدا نەمانتوانی ماددەی (140)ی دەستوری عێراق بە حوكمڕانانی شیعە جێ بە جێ بكەین. ئەی باشە ئەگەر ناتەبابین، یەك یەك چۆن دەتوانین پارێزگاری لە مافەكانی گەلی كورد بكەین..؟

# لە ترسان و لە برساندا وڵاتی خۆی جێ‌ هێشتووەو چۆتە ئەوروپای (گاوران). لەوێ‌ ژیان و كارو ئاسایشیان بۆ دابین كردووە. كەچی لەوێ‌ دزییان لێدەكات، بێهودە هەوڵی بە موسوڵمان بوونی گاوران دەدات.

# بۆخۆی چەكداری ڕژێمی بەعسی عێراق بوو، كەچی شەرم ناكات تەقییمی پێشمەرگە دانەبڕاوەكان دەكات و ڕەخنەیان لێدەگرێت.

# هەردوو لایان موسوڵمانن كەچی بە (ئایەت) و (حدیث) یەكتر تەكفیر دەكەن، كوشتن و سەر بڕینی یەكتر حەڵاڵ دەكەن.

# داوای شەراكەتی حوكمڕانی لە بەغدا دەكەین، كەچی خۆمان لە هەرێم لەسەر شەراكەتی حوكمڕانی شەڕمانە. تەنانەت لەنێو خودی حیزبەكانیشدا شەراكەتی بڕیار نیە.

# لەكاتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و كۆنفرانس و كۆنگرەی حیزبدا، گلەیی و ڕەخنە لە نادادپەروەری و كڕینی دەنگ دەكەین، كەچی خۆشمان بە پای پیلان خەریكی دەنگ كڕینین.

#لەنێو فەرمانبەرانی دائیرەكەی خۆی بە گەندەڵ ناسرابوو. كەچی هەشت هەشت وتار لەسەر گەندەڵكاران دەنووسێ‌.

# كاتێ‌ لە دەسەڵات نیە پیاوێكی زۆر باشەو باس لە دیموكراتیەت و بڕیاری بە كۆمەڵ دەكات. بەڵام كاتێ‌ دەسەڵاتی گرتە دەست دكتاتۆرو دژی دیموكراتیە.

# سەرۆكی حیزبێكی موسڵمان دەڵێت: (ئەرێل شارۆن)ی (جاران) سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە فلان (…) سەرۆكی حیزبی ئیسلامی باشترە. جا توخوا جوتیارێكی موسڵمانی نەخوێندەواری كوردستان چۆن سەر لەو مەتەڵە دەربكات..؟ كامیان بەڕاست بزانێت..؟ چونكە هەردوو سەرۆكی حیزبە موسڵمانەكە نوێژ دەكەن.. ڕۆژو دەگرن…قورئان دەخوێنن.

# عەبدولكەریم سروش دەڵێ‌: (تا ئاینەكان لەنێوان خۆیاندا جۆرێك ئاشتەوایی دروست نەكەن مرۆڤایەتی ئارامی بەخۆیەوە نابینێ) لە كوردستانیش تا حیزبەكان جۆرێك لە ئاشتەوایی و بەیەكەوە ژیانی دادپەروەرانە لەنێوان خۆیاندا فەراهەم نەكەن، نەتەوەی كورد بە ئاسودەیی ناژێت و ئیسراحەت لەخۆی ناكات. هەرگیز نابێ‌ بە دەوڵەت.

# هیچ هەقێكی پاك و ناهەقیەكی پاك نیە..ئەگەر وانەبووایە كەس بەلای ناهەقیدا نەدەڕۆیشت. هەموومان دەچووینە لای هەق. (سروش).

# ئاین و مەزهەب و بیرو باوەڕی حیزبەكەی خۆی زۆر لا پیرۆزە كەچی گاڵتە بە بەرامبەرەكەی دەكات. نازانێ‌ یان خۆی لەوە نەبان دەكات كە خەڵكانی تریش وەكو ئەو ئاین و مەزهەب و بیرو باوەڕی خۆیان لا پیرۆزە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن