577وتار

لە دەستدانی هەلە مێژووییەكان

12/15/2019 6:38:00 PM
ئەرسەلان بایز

(سمیر عطالله) وای نووسیبوو رۆژنامەی شرق الاوسط
ژیان دەرفەت و هەلە. وڵاتان وەكو مرۆڤەكان، گەلێ‌ جار دەرفەت و هەلی مێژووییان بۆ هەڵدەكەوێت. ئەوانە براوەو بەختەوەرن كە هەلەكان دەقۆزنەوەو ناهێڵن لە دەستیان بچێت. بەڵام بەختەوەری پێویستی بە پێشبینی و ڕوانینی ئاسۆی ئایندەو، حیساباتی وردو، نیاز پاكی هەیە. ئێمە گەلێكین لەسەر كەلاوەی ڕووخاوی هەلە لە دەستچووەكان دەگرین. پێویستیش بەوە ناكات دەرفەتی هەلە لە دەستچووەكان بژمێرین، چونكە هێندە زۆرن لە ژماردن نایەن.
بەناوبانگترین لە دەستدانی هەلی مێژوویش، ئەوەبوو كە ( جۆن فۆستر دالاس) وەزیری دەرەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی (1954) لە كۆنگرەی چارەسەری ئاشتی شەڕی ڤێتنام لە دەستیدا. كۆنگرەكە بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا لەسەرانسەری ڤێتنام. لە باكوورو باشوور هەڵبژاردنی ئازاد بكرێت كەچی (دالاس) ترسا لەوەی نەوەكا كۆمۆنیستەكان هەڵبژاردنەكە ببنەوەو، هەردوو ڤێتنام یەكبگرنەوەو دەوڵەتێكی نوێی كۆمۆنیستی دابمەزرێنن. بۆیە لە كۆبونەوەكە كشایەوە.
ئەو ملهوڕییە، ئەو كورت بینیە، بووە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕێكی گەورەی درێژخایەن. كە زیاتر لە چوار ملیۆن مرۆڤ كوژران. ئەمریكا زیاتر لە شەست هەزار سەربازی كوژرا. بە دەیان ملیار دۆلار زیانی ئابوری بەركەوت. دواتر پانتایی شەڕەكە گەورەتر بوو دەوڵەتانی (لاوس) و (كەمبودیا)ی هاوسێی ڤێتنامیشی گرتەوە. شەڕەكە وایلێهات بوو بە شەڕی ( بەوەكالەت)ی یەكێتی سۆڤیەت و چین لەگەڵ ئەمریكا. باری ئاسایشی جیهانیش كەوتە مەترسیەوە.
دوای ئەو هەموو ساڵانەی شەڕ، دوای ئەو هەموو ماڵوێرانی و قوربانی و بە هەدەردانی ئابورییە، دوای ئەو هەموو ساڵانەی شەڕو ماڵوێرانیە. سەرەنجام شەڕەكە بە شكستی ئەمریكاو سەركەوتنی ڤێتنام و یەكگرتنەوەی هەردوو بەشەكەو دروست بوونی دەوڵەتێكی نوێی كۆمۆنیست كۆتایی هات.
دیارە چەند ساڵێك پێشتریش فەرەنسا لە گۆلاوەكانی (هیندی-چینی) بەشكستێكی شەرمەزارانە كشابۆوە، ئەمریكا سودی لە ئەزموونی شكستی سەربازیی فەرەنسا وەرنەگرت. وایاندەزانی شەڕی پارتیزانی ڤێتنامیەكان بە ئاسانی لەبەردەم هێزە گەورەو كاریگەرەكەی ئەمریكا بەچۆكدادێت…! بەڵام تێڕوانین و حیساباتی ئەمریكا هێندەی ئاسمان و ڕێسمان ناڕاست و هەڵە بوو.
شەڕ تەواو بوو هێزە چەكدارەكانی ئەمریكا شكستیان خواردو كشانەوە. بەڵام لە دوای خۆیان ناوچەكەیان كرد بە بێستانی مین و بۆمب. تاكو ئەمڕۆش ڕۆژانە دەیان مین و بۆمب لە ژێر قاچی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە دەتەقێتەوەو دەبنە قوربانی پاشماوەی ئەو شەڕە.
ئێستاش ڤێتنام بۆتە مەڵبەندێكی گرنگی گەشتیاران و بازاڕێكی گەورەی وەبەرهێنانی ئابوری ئەمریكا.
(ئاخۆ ئەبێ‌ سەركردە سیاسیەكانی گەلی كورد بە درێژایی مێژوی پڕ لە هەورازو نشێوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، چەندین دەرفەت و هەلی زێڕینی لەباریان بۆ هەڵكەوتبێ و نەیان قۆزتبێتەوەو لە دەستیان دابێت…؟؟!!.)
(تۆ بڵێی «ی.ن.ك» لەم كۆنگرەیەدا هەڵەیەكی كوشندە نەكات و هەرچی هەیەو نیە لە دەستی بدات…؟ تۆ بڵێی جەمسەرەكان دڵیان بە خۆیان و خوێنی شەهیدان و «ی.ن.ك» و گەلی كورد بسوتێ و ڕێگای ژیرانە بگرنە بەرو ئەم هەلە بقۆزنەوەو كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بگرن..؟! كۆنگرەیەك كە «ی.ن.ك» بخاتەوە خانەی خۆیەو دڵی ئەندام و دۆست و لایەنگرەكانیش خۆش بكات…)

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن