شوو بە تەك تەك دەكەم
11/14/2019 3:34:00 PM
ئەرسەلان بایز
*((ئێوە بە (هەمەر) پەلامارمان دەدەن، ئێمەش بە دەستی بەتاڵ و (تەك تەك) ڕوو بە ڕووتان دەبینەوە، دڵنیام سەركەوتووش دەبین. ئەمە قسەی خۆپیشاندەرێكی گۆڕەپانی (تحریر)ە لە بەغدا))
پێشمەرگەكانی كوردستانیش لە شۆڕشەكانیاندا بە تفەنگی بڕنۆو جامبێزار ڕوو بە ڕووی فڕۆكەی جەنگی (مێك)ی ڕوسی و تانك و زریپۆش دەبوونەوە، سەركەوتووش بوون. ئەو دوو دیمەنەی سەرەوە لە ئەنجامی ستەم و برسێتی و پێشێل كردنی مافی مرۆڤەكان لە دایك دەبێت. لە هەر شوێنێكیش ستەم و غەدر هەبێ چاوەڕوانی تەقینەوەش بكەین. هیچ هێزێكیش خۆی لەبەردەم ئیرادەی جەماوەری برسی و ستەم لێكراوی توڕە، ناگرێت.
*(شوو بە خاوەنی تەك تەك دەكەم، یان شوو ناكەم) ئەمە قسەی كچە جوان و ناسك و برسییە ڕاپەڕیوەكانی شەقامەكانی بەغدایە.
(ئەم سنگە نەرم و نۆڵە بۆ پێشمەرگەی كۆمەڵە) ئەمەش قسەو بانگەوازی كچە شۆخەكانی كوردستان بوو لە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی (1984)ی (ی.ن.ك) لە سورداش.
بێبەشبوون لە ئازادی و مافی ژیانێكی ئاسایی، كەڵەكەبوونی ناهەقی، كچان دێنێتە دەنگ بۆ پشتیوانی كردن لە شاسوارە بێ چەكە برسییە ئازاكانی ڕوو بە ڕوو بوونەوەی زۆرداران.
*كچێكی گەنج بە گریانەوە ملوانكە ئاڵتونەكەی ملی دادەكەنێ و پێشكەشی خاوەن (تەك تەك) سوتاوێك دەكات.
لە شۆڕشی كوردستانیش لە كاتی چالاكییەكانی پێشمەرگە لەناو شارەكاندا دەرگای ماڵان دەكرایەوە، كچان بە نان و ئاوو شیرنەمەنییەوە بە تاسوقەوە لەبەر دەرگاو كۆڵانەكان لە چاوەڕوانی بینینی پێشمەرگەدا بوون.
*بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لەسەردەمی حوكمڕانێتی دكتاتۆر (سەدام حسێن) رایانكردبووە دەرەوەی وڵات و لە ئاوارەیی دەژیان. دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی (2003) و گەڕانەوەیان بۆ عیراق، خۆیان بە ماف خوراوو ستەم لێكراو (قوربانی) دەزانن، باری دەروونی بەشی هەرە زۆری قوربانیەكانیش لەكاتی حوكمڕانێتیدا، هەق بە خۆیان دەدەن دەسەڵات و سامانی وڵات لە ژێر دەستی ئەواندا بێت. ئەو هەست كردنە بە قوربانی و باری دەروونیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ژیانی ئاسایی و كۆمەڵگای وڵاتەكەیان دوور دەخاتەوە، ئیتر جیاوازییەكی گەورە دەكەوێتە نێوان دەسەڵاتدارە حوكمڕانانی دەوڵەت و عەوامی خەڵك. بەمجۆرە بەرەو تاك ڕەوی و دكتاتۆریەت دەڕۆن. خۆیان دەوڵەت و خۆیان حوكمڕان، خەڵكیش پاشكۆو گوێ ڕایەڵ. (پسپۆرانی دەروونزانانی عیراق نووسیبویان).
ئەنجامی ئەو حوكمڕانیە هەڵەیەی دەسەڵاتدارانی عیراق، هۆكاری ئەو هەموو خۆپیشاندانە گەورانەیە لە سەرجەم شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق. خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆی عیراق لە هەموو چین و حیزب و مەزهەبە جیاوازەكانن. داوای دەرچوون لە (كۆیل)ە یی حیزب و ئاین و مەزهەب دەكەن. گیانبازی لە پێناوی مافەڕەواكانیاندا دەكەن.
*هەقە حیزبە حوكمڕانەكانی كوردستانیش دەرس و پەند لە ئەزموونی گەل و وڵاتان وەربگرین. ئاگاداری میللەتەكەی خۆمان بین و نەهێڵین درزی گەورە لە نێوان دەسەڵاتداران و عەوامی خەڵك دروست بێت. دابین كردنی پێویستیەكانی ژیان و خزمەتگوزاری و ئاسایش مافی سادەی خەڵكە.
*ئەمانەی سەرەوە هەمووی لە شوێنی خۆی. بەڵام ئەبێ ئەوەش بپرسین:- ئەو كامیۆنە پڕ لە بیبسی و پەرداخە ئاوە، ئەو سەدان بەستە بەتانی لۆك، هەزاران لەفەی (گەس وفلافل) ڕۆژانە لە كوێوە دێن.. كێ دەیانێرێ… بۆ دەینێرن…ئایا هەژارەكان دەتوانن ئەوە بكەن…؟ یان دەستی ئەم و ئەو وڵاتانەی لە پشتە..؟!!.
تك تك: ماتۆڕسكیلێكی سێ تایەیە، بەهۆی بچووكی و هەرزانی، لە ناوەڕاست و خوارووی عیراق بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەكاردەهێنرێت.