2042وتار

دایكم

8/18/2020 12:08:00 PM
ئەرسەلان بایز



دایكم، ژنێكی كورتەباڵای هەندێ تێك چەقی بوو، هەتا بڵێی هێمن و لەسەرخۆ و كەمدوو بوو، زۆر بە دەگمەن شێلو دەبوو، بەهۆی بارودۆخی كۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە نەچووبووە بەر خوێندن، بەڵام هەتا بڵێی دڵپاك بوو، هەرگیز لە پشتەوە باسی كەسی نەدەكرد، ئەگەر شتێكت لێ بپرسیبایەو نەیزانیبایە، بە هێمنییەكەی خۆی وەڵامی دەدایتەوە.

–داكێ‌، بەخوای نازانم.
لەهەموو ژیانمدا تەنیا یەك جار بینیم باوكم لێی توڕە بوو (ئەویش بە ناهەق)، یەكجاریش لەسەر لاساریم و بەگوێنەكردنی؛ لێیداوم، بەڵام هەمیشە بە دەست منداڵەكانییەوە گیرۆدەو دووچاری غەم و پەژارە دەبوو. لەلایەكەوە سەركێشییەكانی (بەندە) بە كاری سیاسەت و زیندان و دەربەدەریی شاخ و وڵاتان. لەلایەكی تریشەوە زیندانیكردنی (عەلی بەگ)ی برام و بێسەروشوێنبوونی بۆ ماوەی چەندین مانگ. دوا كارەساتیش زیندانی و لە سێدارەدانی (كەمال)ی برا گەورەمان و دواتریش شەهیدبوونی گەنجە چاونەترسەكەی (حەمە)ی برازامان و ئینجا ساڵ و نیوێك زیندانیكردنی لە (الفضیلیه). كوردەواریی وتەنی ئیتر دایكم دوای ئەو هەموو بەسەرهات و نسكۆی بنەماڵەكەمان، ئەژنۆی شكا.

#دوای ئەوەی كەوتمە زیندانی (ئەبو غرێب) و چوار ساڵ حوكمدرام، هەموو چەند مانگ جارێك دایكم لەگەڵ باوكم، یان براكانم دەهاتنە سەردانم. دیارە ئەو پێشتر جیا لە شاری هەولێرو سلێمانی، ئەویش سەرپێیی؛ ئەگینا شوێنێكی تری نەدیبوو. دیارە كاتێ‌ هاتبووە بەغدا. ئەو شارە گەورەو ئاپۆرە زۆرەی خەڵكەكەو ئەو هەموو ئۆتۆمبێل و تەلارە بەرزەی دیبوو، حەپەسابوو، بۆیە كاتێ‌ هاتە لای من بۆی باس كردم. منیش دەستیم ماچ كردو پێموت:

–دە باشە، تۆ هەر گلەیی دەكەیت. ئەگەر من كاری سیاسەتم نەكردایەو زیندانی نەكرامایە، تۆش بەغدات نەدەدیت.
ئەویش بە زەردەخەنە ئاساییەكەی خۆیەوە، وتی:

–كوڕم، نە شیری حوشترو نە دیداری عەرەب.

#بۆ من، دیارە بۆ هەموو كەسێكی تریش. دایك و باوك قەڵان…
ئەگەر رۆژانە دەیان كێشەو گرفتم ببوایە، ئەگەر لەنێو دەریای كێشەكان خەریكی نقوم بوون بوومایە، كاتێ‌ ئێواران سەردانی باوكم و دایكم دەكرد. كاتێ‌ سەرم بەسەر ڕانی دایكم دەكردو ئەویش وەكو سەردەمی منداڵی دەستی دەخستە نێو قژم و یاری پێدەكرد، ئیتر هەرچی كێشەو گرفتی كەڵەكەبووی دەروونم هەبوو سەر ئاو دەبوون.

#ساڵی 1992 بۆ چارەسەركردنی نەخۆشی، سەفەری دەرەوەی وڵاتم كرد، پێش سەفەرەكەم بە چەند رۆژێك، سەردانیم كرد، ئەوسا ئەو نەخۆش بوو لەسەر جێگا كەوتبوو، دەستیم ماچ كردو وتم: سەفەر دەكەم، باوەشی پیاكردم و وتی: سەفەری خێرو خۆشی بێت و بەسەلامەتی و بە قاچی خۆت بێیتەوە، بەڵام بەخوا رۆڵە ئەمە دوا دیدەنیمانە، كاتێ‌ تۆ دێیتەوە من لە دنیایەكی ترم.

لەڕاستیدا قسەكەی وا دەرچوو، دوای حەوت مانگ، كاتێ‌ هاتمەوە، یەكسەر رامكردە ژوورەكەی ئەو، كەچی نە ئەو و نە جێگاكەشی لەوێ‌ نەبوو، رامكردە ژوورەكانی تر، هیچ بوونێكی نەبوو، ئیتر بەرەو رووی (ژیان)ی ئامۆزاو براژنم رۆیشتم و دامە پڕمەی گریان و هاوارم كرد:

–كوا دایكم…؟!.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن