سەرتان دەبڕین…!!
9/1/2019 10:06:00 PM
ئەرسەلان بایز
کۆڵە پشت
لەنیوەی یەكەمی هەشتاكانی سەدەی رابردوو، لەڕێگای
ڕەحمەتی (د.عەبدولڕەحمان قاسملو) سكرتێری ئەوسای حزبی دیموكراتی كوردستان-ئێران.
دەرگای دانوستاندن لەنێوان رژێمی ئەوسای عیراقو (ی.ن.ك) كرایەوە. شاندێكی باڵای
(ی.ن.ك) بەڕابەرایەتی رەحمەتی (مام جەلال)و بەهاوڕێیەتی (د.قاسملو) لەگوندی
(زیخان)ی دۆڵی بالیسانی ناوچەی خۆشناوەتی بەكۆپتەر سەردانی بەغدایان كرد.
لەگفتوگۆی توندی یەكێك لەزنجیرە دانیشتنەكانی دانوستاندنەكاندا، (تاریق عەزیز) كە
ئەوسا وەزیری دەرەوەی حكومەتی عیراق بوو، روو لە (مام جەلال) دەكاتو پێی دەڵێ:
-ئەگەر ئەمجارە
لەگەڵمان رێكنەكەونو بگەڕێنەوە شاخەكانو شەڕمان بكەنەوە. یان پێوەندی لەگەڵ
ئێرانو سوریا نەپچڕێنن سەرتان دەبڕین..!!.
كاتێ (مام جەلال) گوێی لەو قسەیەی (تاریق عەزیز) دەبێ زۆر توڕە
دەبێ عەینەكەكەی لەچاو دادەگرێو دەفتەرو كاغەزەكانی پێش خۆی كۆدەكاتەوەو پێی
دەڵێ: گوێبگرە:
-ساڵەهایە شەڕتان
دەكەینو نەتانتوانی بمانشكێنن، ئەگەر ئێوەش لەگەڵمان رێكنەكەونو دان بەمافە
رەواكانی گەلی كورددا نەنێن، دڵنیابە دەگەڕێینەوە شاخەكانو وەكو جاران بگرە
توندتریش شەڕتان دەكەینەوە. ئێوەش هەرچیتان لەدەستدێت وەكو رابردوو درێغی مەكەن.
سەراپای ئەو قسانەی تۆش رەتدەكەمەوەو بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەم.
دوای ئەو قسە توندانەی هەردوولا (مام جەلال) كورسییەكەی
پێچەوانە دەكاتو پشت دەكاتە شاندی حكومەتو روو لەدیوار دەكات. ئیتر كەشی
دانیشتنەكە ئاڵۆز دەبێت، ئەندامانی شاندی حكومەت بەچرپە بە(تاریق عەزیز) دەڵێن هەق
نەبوو بەو جۆرە قسەبكەیت. دواتر (تاریق عەزیز) دەكەوێتەوە قسەكردنو دەڵێ:
-مام جەلال…!
داوای لێبوردن دەكەم.
-مام جەلال دەڵێ:
-قەبوڵم نییە.
-مام جەلال…!
داوای لێبوردن دەكەم قسەكەشم وەردەگرمەوە (سحب دەكەمەوە).
لەو كەینوبەینەدا (كاك فەرەیدون عەبدولقادر) كە ئەوسا ئەندامی
مەكتەبی سیاسیو ئەندامی شاندی (ی.ن.ك) دەبێت، روو لە(تاریق عەزیز) دەكاتو دەڵێت.
-هەقە سەرۆكی
دیپلۆماسیەتی حكومەتی عیراق بە ئەدەب قسە لەگەڵ (مام جەلال) بكات.
-(تاریق عەزیز) دەڵێ:
-دە فەرموو
(فەرەیدون) چیم پێ دەڵێ…!!
ئیتر شاندی هەردوولا دوای لێبووردنەكەی (تاریق عەزیز) تكا لە
(مام جەلال) دەكەن كە ئارام بێتەوەو لێبوردنەكەی قەبوڵ بكات.
(د.قاسملو)ش لەپارچە
كاغەزێك دەنوسێ (مام جەلال) خەریكە وەزعەكە بێتام بێت، ئیتر (مام جەلال)یش
كورسیەكەی ئاسایی دەكاتەوە. بەمجۆرە كۆبوونەوەكەی ئەو رۆژە دوادەخرێت.
پاش چەند رۆژێك (مام جەلال) (سەدام حسێن) دەبینێ، (سەدام) پێی
دەڵێ:
-تۆ لەشەڕو ئاشتیو
لەشاخو شار پیاوێكی ئازای، ئەو هەڵوێستەی ئەو رۆژەشت بەڵگەی ئەوەیە كە بەڕاستی
دەتەوێ رێكبكەویت. بۆیە دەمەوێ لەگەڵت رێكبكەوم.
بەپێی وتەی شاندی ئەوسای حكومەتی عیراقو سەرچاوەی تر، حكومەتی
ئەوسای توركیا هۆكار بووە لەتێكدانی ئەو دانوستاندنەی نێوان رژێمی عیراقو
(ی.ن.ك).