چیرۆكی عاشقەكان وینی و ماندێلا
8/14/2020 9:38:00 AM
ئەرسەلان بایز
#(وینی) بووكێكی گەنج و جوان و بەهێزی رەشپێستی تەمەن 22 ساڵ، خاوەن كەسایەتی و ئیرادەیەكی پۆڵایینی نەلەقیوو، 19 ساڵ لە خۆشەویستە تەمەن 40 ساڵەكەی بچووكتر بوو. دوای ماوەیەكی كورت لە ژیانی خێزانی، خەباتی سیاسی و خۆشەویستیی نیشتمان، دژایەتیی رژێمی (ئەپارتاید) ئەو دوو خۆشەویستەی لە یەكتر دوورخستەوە.
(ماندێلا) بۆ خەباتی ژێرزەمینی و دواتر 27 ساڵ زیندانی لە ژوورە تاریك و تاكە كەسییەكان، ئازارو ئەشكەنجەو سووكایەتیپێكردنی رۆژانە. (وینی)ش دەربەدەری كوچەو كۆڵانە تەسك و هەژارنشینی گەڕەكی رەشپێستەكان، جار جارەش گرتن و راكردن لە دەستی پۆلیس و ئەمنە سپیپێستەكان.
#دوای گرتن و زیندانیكردنی ماندێلا، (وینی) بێ ترس و سڵكردنەوە لە فشاری دەزگا تۆقێنەرەكانی رژێم، بێباكانە لە ڕاوەدوونان و گرتن و مەرگ، ماوەی 27 ساڵ لە چاوەڕوانی هاوسەرەكەی، شانی دایەبەر ئەركی بەردەوامبوون لەڕێكخستنی گەنجەكان و رێبازی سیاسیی (ماندێلا). بۆیە هەر زوو بوو بە چەقی كۆكەرەوەی ئازادیخوازەكان.
ساڵی (1969) (وینی) بۆ ماوەی (18) مانگ زیندانی كرا، بەشی زۆری زیندانییەكەشی لە ژووری تاكەكەسی بەسەربرد. ساڵی (1978)یش ماڵەكەیان سووتاندو بۆ گوندێكی دوورەدەست دوورخرایەوە.
لە ناوەڕاستی هەشتاكانیش كاتێك خەباتی چەكداریی رەشپێستەكان لە دژی حكومەت دەستیپێكرد، (وینی) بە نهێنی گەڕایەوە ناو كورەی ئاگرەكەو بەشداریی لەو چالاكیانە كرد، بۆیە گەنجەكان ناویاننا (دایكی دایكەكان). (وینی) لە ژیانی خۆیدا بۆ ماوەیەك بوو بە جێگری وەزیری رۆشنبیری و هونەر، ماوەیەكیش بوو بە سەرۆكی دەستەی ژنان.
#دوای ئازادكردنی (ماندێلا) لە ساڵی (1996)، پەیوەندیی نێوان ئەو دوو خۆشەویستە بەرەو لەیەكترترازان رۆیشت، چونكە بەپێی چەندین بەڵگەنامە (وینی) دەستی بۆ كۆمەڵێك كار درێژكردبوو، كە بەپێچەوانەی بەرنامەی حزب و رێبازی سیاسیی (ماندێلا)ی عاشقی، بوو:
*رفاندن و پاشان كوشتنی گەنجێكی تەمەن (14) ساڵی سپیپێست بەناوی (ستومبـی سیبـی).
*تایەی لاستیكی ئۆتۆمبێلیان پڕ لە نەوت دەكرد، دەیانكردە گەردنی جاسوسە رەشپێستەكان و ئاگریان تێبەردەدا.
*دروستكردنی چەندین گروپی چەكداری تۆقێنەر لە گەڕەكەكانی (سویتو).
*تۆمەتباركردنی بە یاری قەرزی بانكەكان و گەندەڵی.
بۆیە سەرئەنجام ئەو دوو عاشقە دوای (27) ساڵ خۆشەویستی، بەشێوەیەكی فەرمی لە دادگا لەیەكتر جیابوونەوە. (ماندێلا) رایگەیاند: بەهۆكاری ئەو كارانە ناتوانێت لەگەڵ (وینی) بژی، بەڵام (وینی) تا دواهەناسەی، كە لە تەمەنی (81) ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، نازناوی (ماندێلا)ی لە پاشكۆی ناوی خۆی هێشتەوە.
#شیاوی باسە، لەكاتی دادگاییكردنەكەیاندا، (وینی) بە ئۆتۆمبێلێكی (مارسیدسی لیمۆزین)ی سپی دەورەدراو بە چەندین پاسەوان چووبووە دادگاكە.