كێ ئەم هەرێمە ئەكوژێ؟!
7/30/2020 4:50:00 PM
ئەرسەلان بایز
لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا، بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵكی كوردستان بە چەندین هەورازو نشێوو شكست و هەڵسانەوەدا تێپەڕیوە، بەبێ ئەوەی سوودمان لە هەموو ئەو ئەزموونانە وەرگرتبێت، وەك بڵێی لە بازنەیەكی داخراو بخولێینەوەو هیچ دەرەتانێكی دەرچوونمان نەبێت. بە پێچەوانەی گەلەكەمان، لەو سەد ساڵەی رابردوودا دەیان گەل و نەتەوە سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێناو بوون بە دەوڵەت.
لە بیستەكانی سەدەی رابردوودا، دوای تەواوبوونی یەكەمین جەنگی جیهانی، چەندین نەتەوەی وەكو میسرو هەنگاری و عەرەب… هتد، دوای شكست و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، رزگار بوون و سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند، تەنانەت دەوارنشینەكانی كەنداوی عەرەبیش چەند میرنشین و ئەمارەتێكیان بۆ خۆیان بنیاتنا. كەچی بەداخەوە شۆڕشەكەی شێخ مەحمودی نەمر، دوای ماوەیەكی كورت شكستیخوارد. جا نازانم بەهۆی سیاسەتی هەڵەی (شێخ) بوو، یان ناتەبایی نەتەوەی كورد، یان هەروەكو شاعیری مەزن و نەمری كورد (شێركۆ بێكەس) لە وەڵامی باوكێك بۆ كوڕەكەی دەڵێ:
-بابە بۆچی ئەسپەكەی (شێخ)
سەرنەكەوتە سەر ترۆپكی
پاشەڕۆژو شاخی هەتاو؟
-كوڕم…ئینگلیز
ئینگلیز…خستی
منیش دەپرسم: ئەی بۆچی ئینگلیز دەوارنشینەكانی كەنداوی نەخست..؟!
دوای یەك ساڵیش چرای ئاڵای كۆماری مەهاباد كوژایەوە، كەچی ژمارەیەكی تر لە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لە داگیركاریی فاشییەكان رزگاربوون. بۆچی ئێمەش نەمانتوانی پارێزگاریی لە كۆمار بكەین…؟ ئایا بۆچی پێشەوا قازی خۆی رادەستی سوپای (شا) كرد..؟!
دیسان (شێركۆ بێكەس) هەر لە زمانی باوكەكە بە كوڕەكەی دەڵێ:
-ئەی بابە بۆ..
چرای ئاڵای
ناو بەفرانباری مەهاباد
لە تەمەنێكی زۆر كورتدا
دڵی وەستا…؟
-كوڕم…! فووی ڕوس
گۆڕینەوەی خوێنی كوردستان بە نەوت.
ماوەی بیستونۆ ساڵیشە كوردستانی باشوور خاوەنی هەرێمێكی نیمچە سەربەخۆیە، كەچی هەموو تاكێكی كورد كاتێ شەوان سەر دەنێتە سەر سەرین، دەترسن بەیانی لەگەڵ هەڵسانیان لە خەو، حزبەكان پەلاماری یەكتریان دابێت و دۆو دۆشاویان تێكەڵاو كردبێت. ئەمڕۆ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆتە مەیدانی كێبڕكێی تیرو تەشەرو چاندنی تۆوی دوژمنكاری لە نێوان یەكتردا.
(بەندە) سەرم سوڕماوە، ئەگەر جاران ئینگلیزو ڕوس؛ كوردیان فرۆشتبێت، ئەگەر ئەوان غەدریان لە كورد كردبێت، ئەوا ئەمڕۆ پشتیوانییەكی نێودەوڵەتیی باشمان هەیە، ئەی كەواتە دەبێ ئەمجارە كێ غەدرمان لێ بكات و خوانەخواستە ئەم ئەزموونەشمان بە دەردی ئەوانیتر ببات.
دیسان شێركۆی مەزن، دەڵێ:
-ئەی بابە..! ئەم (مانگ)ەی ئێستا
كێ ئەیكوژێ؟!
-كوڕم…! كورد خۆی
هەر خۆی و خۆی