گریان لەسەر كەلاوەكان
9/9/2020 6:45:00 PM
ئەرسەلان بایز
میللەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ بە ئێمەی گەلی كوردیشەوە؛ یان بە شان و باڵی رابردووی خۆماندا هەڵدەدەین، یان لەسەر كەلاوەكانی رابردوو دەگرین. بێ ئەوەی لیژنەیەكی پسپۆڕی بێلایەنی دوور لە حزب دەستنیشانبكەین بۆ لێكۆڵینەوە لە شكست و سەركەوتنەكان و دەرس و پەندی لێوەربگرین.
بێگومان سەرجەم گەلان و حزبەكان لە مێژووی خۆیاندا بە چەندین هەورازو نشێوو كەوتن و هەڵسانەوەدا تێپەڕیوون، ئەوانە بەختەوەربوون كە پشتبەستوو بە رابردوو و روو لە ئاسۆ، بە وەرگرتنی پەند لە رووداوەكان نەخشەیان بۆ ئایندە كێشاو خۆیان نوێكردەوە، نوێبوونەوە لە فكرو ستراتیژیاندا هەیە بە هێنانەپێشەوەی گەنجی خوێندەوارو هۆشیار، بێ دابڕان لە رابردوو ئێستاو ئایندە.
میللەتی عەرەب، كە ئێمەی كوردستانی باشوور زۆر لەژێر كاریگەریی كلتورە سیاسییەكەی ئەوانداین، یان خۆیان بە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی عەرەبی هەڵدەكێشن، یانیش بە دیار كەلاوەكانی ئەو ئیمپراتۆریەتەو شكستەكانی فەلەستین دەگرین. بێ ئەوەی سوودیان لە هیچ كامێك لەو ئەزموونانە وەرگرتبێت. ئەمڕۆ زیاتر لە 20 دەوڵەتی عەرەب و زیاتر لە 300 ملیۆن عەرەب هەن، خاوەنی بەشێكی زۆری نەوتی ژێرزەوی و لەسەر چەندین لێواری دەریاو زەریای ستراتیژدان. كەچی لەبری تەبایی و سوودوەرگرتن لەو هەموو توانایە، بە جۆرێ پەرپووت بوون كەس ئێرەییان پێنابات. بەشێكیان سەر بە ئەمریكاو، بەشێكی تریشیان سەر بە ئێران و ئەوانیتریش سەر بە توركیان. بەشێكیش خەریكی كاری تیرۆرن. سەرباری ئەو هەموو پەرتەوازەییەش لە لاف و گەزاف و زوڵم و زۆرداری عەقڵیەتی (بەدو)ی خۆیان نەكەوتوون.
#لەو چەند رۆژانەی رابردوودا لە یادی 100 ساڵەی پەیمانەكانی (سیڤرو لۆزان). دەیان وتارو چاوپێكەوتن لە شاشەی تەلەفزیۆن و لە رۆژنامەو سایتەكان بڵاوكرانەوە. راستە (سیڤر) بەڵگەنامەیەكی مێژووییە بۆ پشتیوانیی مافەكانی گەلی كورد (لۆزان)یش كارەساتبارە، بەڵام ئایا تائێستاش سەنتەرێكی زانستیی كوردی؛ هیچ دیراسەیەكی واقعیانەیان لەوبارەیەوە بڵاوكردۆتەوە؟ ئایا سوودمان لێیانوەرگرتووە؟ ئایا باسمان لەوە كردووە كە ناتەبایی كورد بەشێك بووە لەو شكستە؟ ئەی (شەریف پاشا) كە سەرۆكی وەفدی كورد بوو لە پەیمانی ئاشتەوایی پاریس، بۆچی دەستی لەو ئەركە كێشایەوە؟ ئایا باسمان لەوە كردووە كە ئیمزای دەیان سەرۆك هۆزو عەشیرەتی ئەوسای كوردستانی باكوور، كە داوای ئۆتۆنۆمییان لەژێر چەتری دەوڵەتی توركیا دەكرد، هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی (شەریف پاشا) بوو؟!
#ئایا پەیوەندیی حزبەكانی ئەمڕۆی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ 100 ساڵ پێش ئەمڕۆ، چ جیاوازییەكیان لەگەڵ پەیوەندیی وەفدی كوردی بۆ كۆنگرەی ئاشتەوایی پاریس و سەرۆك عەشیرەتەكانی ئەوسای باكوور هەیە؟! جیا لە سیاسەتی رۆژانەی حزبی، جیا لە هەندێ سەنتەرۆكەو دەزگای میدیای سەر بە حزبەكان، چ دەزگایەكی زانستی بێلایەنمان هەیە بۆ دیراسەكردنی وەزعی سیاسی و ئابووری….هتد. بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەك بدەن بەلێپرسراوەكانی حكومەتی هەرێم.
شیاوی باسە، ستراتیژی حزبەكان لەسەر جنێودان بە یەكترو شكاندنی یەكتر، ژمارەی كورسیی پەرلەمان بنیادنراوە، نەك ستراتیژی نەتەوەیی.