لە خۆمان بپرسین بۆ؟!
9/2/2020 7:28:00 PM
ئەرسەلان بایز
ئەمڕۆ لە كوردستانی باشووردا سەدان مرۆڤی تێكۆشەر لە هەر سێ حزبە بەشداربووەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەن. هەموو تەمەنی گەنجێتی خۆیان لە خەباتی ژێرزەمینی شارەكان و زیندان و توولەڕێی سەختی شاخەكانی كوردستان بەسەربردووە. ئەمڕۆ لە كوردستاندا بە هەزاران كەسوكاری شەهیدان هەن، كەچی كەسانی بێ ئەزموون و پاشخانی سیاسی و پێشمەرگایەتی، بێ بوونی پاشخانی خەباتی نهێنی. كەسانێك نە رەمزو نە خاوەنی كاریزما، نە خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانن، كەچی هەر چەند مانگە و جارێك هەوڵی شڵەقاندنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەدەن. بەشێكیش لە گەنجەكان بەدەم بانگەوازەكەیانەوە دەچن و دەڕژێنە سەر شەقامەكان. دووریش نییە بەشێك لەو گەنجە خۆپیشاندەرانە ئەندام و لایەنگر و كەسوكاری شەهیدان و مووچەخۆری برسیی هەر سێ حزبەكە بن، كە لەتاو ئازار و هەڵگوشینی سكی خۆیان، لە ئەنجامی ناعەدالەتی، نەچووبنە سەر شەقامەكان. لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان جار جارە پەلاماری دامودەزگا حزبی و حكومییەكان دەدەن و دەیانسووتێنن، لە سنووری هەولێر و دهۆكیش پێشتر سەدان زێرەڤانی بۆ پێشگرتن لە كارە نەخوازراوەكان بە جلوبەرگی هەمەجۆرەوە شەقامەكان كۆنترۆڵ دەكەن.
باشە، ئێمە ئەو سێ حزبەی، كە بەشداری حكومەتین و لە ژمارەی (111) كورسی پەرلەمان (78) كورسی سەر بەو سێ حزبەن. كەچی كەسانێكی بێ پاشخانی سیاسی و پێشمەرگایەتی، بەو جۆرە شەقام دەجوڵێنن. ئایا ئەمە بەڵگەی ئەوە نییە كەموكوڕیمان زۆرەو خەڵك لێمان پڕ و ناڕازییە و هەر هێمایەكیان بۆ هاتنە سەر شەقام دەوێ؟!، ئایا بەڵگەی ئەوە نییە لە جەماوەرەكەی خۆمان دابڕاوین و نەمانتوانیوە ئاسوودەیان بكەین؟
ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە واقیعیانە بیربكەینەوە و سنوورێك بۆ تۆرانی جەماوەر دابنێین و هەوڵی ئاشتبوونەوەیان بدەین؟ ئایا هەق نییە سنوورێك بۆ ناعەدالەتی و گەندەڵی و ناشەفافیەت دابنێین و لایەك لەو خەڵكە هەژارە بكەینەوە و نەهێڵین كەسانی نامۆ بیانكەن بە دەسكەلای مەرامەكانی خۆیان؟ ئەی هەق نییە ناڕەزایی ئەو خەڵكە وەكو زەنگێكی مەترسیدار و هۆشیاركردنەوە، پێناسە بكرێت؟
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەی سەرەوەشدا، پەلاماردانی دامودەزگا حكومی و حزبییەكان (بەتایبەت نەخۆشخانە) و پۆلیس و ئاسایش، دەچنە خانەی دەرچوون لە یاساو كاری تێكدەرانەوە. ئەو جۆرە رەفتارانە هەقی خۆپیشاندەر بەفیڕۆدەدات و رووبەڕووی دادگای دەكاتەوە. هەر وەك چۆن ئەركی پۆلیس و ئاسایش پارێزگاریی كردنە لە خۆپیشاندەران.