1124وتار

هەیهو… هەیهو

12/5/2019 5:42:00 PM
ئەرسەلان بایز

هاوینی ساڵی (1980) بە خوایشتی خۆی، بێ‌ ئەوەی هیچ فشارێكی گرتن و ئاشكرابوونی رێكخستنی لەسەر بێت، یان لە ترسی سەربازیی رایكردبێت، لە ئەنجامی دڵسۆزی و خۆشەویستی كۆمەڵەو شۆڕش و پێشمەرگایەتی پێوەندی بە گوندی (نازەنین)ی دۆڵی خۆشناوەتی كرد. ئەو ساڵە هێزێكی گەورەی (ی.ن.ك) بە فەرماندەیی بەڕێز (مەلا بەختیار) لەناوچەكانی خۆشناوەتی و دەشت و وراتی كۆیە، لە جەولەدا بوون.

چەند ساڵێك دوای دەستپێكردنەوەی شۆڕشی نوێ‌، پێشمەرگە نوێكان، ئەبوو بۆ ماوەیەك هەڵگری گوللە ئارپی جی، یان بێ چەك لەگەڵ دەستە چەكدارەكانی پێشمەرگە جەولە بكەن، چونكە سەرچاوەی چەك پەیداكردن، دەبوو لە چالاكییەكی پێشمەرگە بوایە یان هاووڵاتییەك چەكێكی بە پێشمەرگە ببەخشیایە، یان هەر كەسەو بۆ خۆی چەكی بكڕیایە. (مامۆستا بەكر مستەفا) دوای 15 رۆژ گەڕان و جەولە لە پێشمەرگایەتی، چەكێكی پێنج بزماری روسی و چوار یەدەگی پڕ فیشەكیان دایە. ئەویش وەكو هەر پێشمەرگەو گەنجێك خەریك بوو لە خۆشیانا باڵ بگرێت. هیواو ئومێدەكەی لە بەرگی خاكی و پێڵاوی ئەدیداس و كڵاشینكۆف لە شان و چوار یەدەگ لەكەمەر، هاتەدی. ئیتر ئێستا پێشمەرگەیە، بەڵام سەیر لەوەدا بوو، هەر چەند كاتژمێرێك دواتر، كاتێ‌ لەسەر كانی و ئاوەكەی گوندی (فریز)ی دۆڵی (نازەنین)ی خۆشناوەتی بوون. (مامۆستا حەسەن ئەنوەر) (مامۆستا كاوە) مەخموری كە لێپرسراوی یەكەیەكی پێشمەرگەكانی دەشتی هەولێر بوو بانگی كرد:
-تكایە ئەم كڵاشینكۆفەی خۆتمان بدەرێ…؟
-بۆچی…؟ خۆ تازە وەرمگرتووە.
-ئاخر تۆ دوو هەفتەیە بووی بە پێشمەرگە، ئەو كڵاشینكۆفەش زۆر نوێ‌ و نموونەییە. هاوڕێ (ئەحمەد قەنبەری) (بەداخەوە دواتر شەهید) بوو ساڵ و نیوێكە پێشمەرگەیەو كڵاشینكۆفەكەی زۆر كۆنە. بە پێی بەرنامەو نەریتی حزبی و شۆڕش دەبێ‌ ئەو چەكە نوێیە لای ئەو بێت.

ئیتر (مامۆستا كاوە) چەكە نوێكەی لە (مامۆستا بەكر)ی تازە پێشمەرگە وەرگرتەوەو دای بە (ئەحمەد قەنبەری)، چەكە كۆنەكەی (ئەحمەد قەنبەر)یشی دایە (مامۆستا بەكر).

مامۆستا بەكر دەگێڕێتەوە:
-هیچ كەس و پێشمەرگەیەك نەبوو حەزی لە چەكی جوان و باش نەبێت، بەڵام بڕواتان بێت ئەو ئاڵوگۆڕەم زۆر پێ خۆش بوو، چونكە ئێمە ئەندامی كۆمەڵە لە عەشقی خەبات و دادپەروەری، ببووین بە ئەندام لەو رێكخراوەدا. بۆیە ئەو ئاڵوگۆڕە منی زیاتر بە كۆمەڵە بەستایەوەو تێگەیشتم كە لێرە هیچ جیاوازییەكی نادادپەروەری نییە. كارەكان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی یەكسانی و رێبازی كۆمەڵەو زیاتر خزمەت كردن و پێشمەرگایەتی، بەڕێوەدەچێت.

مامۆستا بەكر لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
-بەڵام تاخمەكەیان لێ نەسەندمەوە، بۆیە جار جارە پێشمەرگەكان بەلاقرتێوە دەستیان لە تاخمەكەم دەداو دەیانووت ماشائەڵڵا چەند جوانە.

سامانی پێشمەرگە لەو شاخانە، كە دڵیان پێ خۆش بوو، جلێكی جوانی خاكی و كڵاشینكۆفێكی جوان بوو. پێشمەرگە بەو رۆحیەتە خەباتی كردو گیانی خۆی فیدای كوردستان دەكرد، بەڵام هەیهو هەیهو ئەو ساڵانەی كە (مەبدە‌و) و دڵپاكی و گیانفیداكاری؛ سەروەر بوو، لە كوێ‌ و ئێستای كۆمپانیاو پاشقول لەیەكترگرتن و زاتیەت لە كوێ‌؟!.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن