رامـوسـان
11/21/2019 2:26:00 PM
ئەرسەلان بایز
لە نیوەی دووەمی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا، كاتێ لە شارەكانی كوردستانی رۆژهەڵات ئاوارە بووین، ئیمام خومەینی لەسەر تەختی نەخۆشخانەو لەسەر پارچە مقەبایەكی پاكەتی جگەرە، چەند كۆپلە شیعرێكی جوانی نووسیبوو:-
((من بە خال لبت ای دوست گرفتار شدم))
چشم بیمار تو را دیدم و بیمار شدم
***
دڕ میخانە گشایید بەرویم، شب و روز
كە من از مسجد و از مدرسە، بیزار شدم
ئەو غەزەلەی ئیمام خومەینی كە (زانایەكی ئاینی گەورەی ئیسلام و پیاوێكی سیاسی ناوداری سەدەی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، دواتر لە دیوانێك بڵاوكراوەتەوە دەچێتە چوارچێوەی (توصف)ەوە.
بەندەش لە تەمەنی گەنجێتیم زیاتر خولیای ئەدەب بووم. ئێستاش رۆژانە بە خوێندنەوەی چەند كۆپلە شیعرو چەند لاپەڕەیەكی رۆمان سوكنایی دڵم دادێ. بەڵام باری ناهەمواری نەتەوەو نیشتیمانەكەم، گەردەلوولی واقیعی سیاسی كوردستان بەلای خۆیدا راپێچی كردم.
ئێستاش هەست دەكەم سیاسەت و نووسینی وتاری سیاسی شەكەتیان كردوم. بۆیە ویستم ئەم ورتە ورتەی رۆژانەی بەردەمی خۆم بكەمە میوانی گۆشەی ئەمجارەم.
هەموو رۆژێ
بەیانیان لەگەڵ شەبەق
گوڵی باخچەی حەوشی ماڵەكەمان
بەسەرئەكەمەوەو ئەڵێم
ئەمە خوایەو بەڵكو خونچەی
یەكێ لەو گوڵانە
لە گۆنای ئاڵی
ڕەشە رەیحانەكەی من بچێ
***
هەموو رۆژێ لەگەڵ شەبەق
بەدەستێكم دووربین
دەگرم
بەدەستەكەی ترم
گوڵ ئەستێرەی ماچی لێوی
بۆ ئەنێرم
***
هەموو رۆژێ
لەگەڵ دەركەوتنی
تیشكی هەتاو لە رۆژهەڵات
دەڵێم ئەمە خوایەو بەڵكو
شنەی شەماڵێكی فێنك
بە هێمنی و بێ ژاوە ژاو
بە خەندەیەكی لێوی ئەو
دەرگای ماڵی دڵم
بكاتەوەو
قژە جوانە قەترانیەكەی
بكاتە چەتری داپۆشینی
ڕاموسانمان.