17وتار

کوردستان لە نێوان "هەژموونی حزبەکانی دەسەڵات" و "فەوزای ئۆپۆزسیۆن"دا.

3/9/2026 2:36:00 PM
د. مەجید ساڵح

ئیمیل دورکایم، کۆمەڵناسی فەڕەنسی، پێمان دەڵێت کۆمەڵگە تەنها ئەو لاتە تەندروستە کە دامەزراوەکانی بە هاوسەنگی کار بکەن. کاتێک یاسا و نۆرمەکان دەشکێن، کۆمەڵگە تووشی "ئەنۆمی"؛ واتە حاڵەتێکی سەرگەردانی دەبێت کە تێیدا هیچ کەس نازانێت سنووری ماف و ئەرکەکانی لەکوێدایە. کوردستان لە سەردەمی زێڕینی بودجەی  کە ١٧٪ی بوجەی عێراقی هەبوو، نموونەیەکی زیندووی ئەم "ئەنۆمی – سەرگەردانی"یە بوو.

یەکێک لە گەورەترین شکستی دەسەڵات یەکێتی و پارتی لە دوای راپەرین، پەکخستنی کەرتی کشتوکاڵ بوو. لە جیاتی ئەوەی گوندەکان بکرێنە سەرچاوەی ئاسایشی خۆراک، حکومەت سیاسەتی "بە پۆلیسکردن و بە پێشمەرگەکردن"ی گوندنشینەکانی پەیڕەو کرد. هەزاران گەنج لە کێڵگەکانەوە گواسترانەوە بۆ ناو شار و لە بارەگا و مەخفەرەکاندا وەک "پاسەوان" دامەزران. لە ئەنجامدا گوندەکان چۆڵ بوون، بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی بەتەواوەتی دابەزی و هەموو جرەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکران، لە پاڵ ئەوەدا لەو پارەیە سلفەی خانوبەرە و هاوسەرگیری هەبوو بە لێشاو دەدرا بە خەڵک، دەرچووانی زانکۆ بە تەزکیەکی کۆمیتە و ناوچەکان ساڵانە دادەمەزران. بەڵام و مرۆڤی کورد بوو بە مووچەخۆرێکی مەسرەفگرەرای وابەستە بە حزب.

سەرەڕای لێشاوی ملیارەها دۆلارە لە بەغداوە، برینە کۆنەکان ساڕێژ نەبوون، کارەبا؛ وەک مەتەڵێکی لێنەهاتبوو؛ پارە هەبوو، بەڵام کارەبای نەبوو. ڕێگاوبان، تەنها ناوەکەی مابوو، ڕێگای نێوان شارەکان بوونە "ڕێگای مەرگ"، چونکە پارە لە جیاتی ئاوەدانکردنەوە، بۆ لەشکرەکانی حەفتا و هەشتا خەرج دەکرا.

لە هەلو مەجێکی وادا لە ساڵی ٢٠٠٩ ئۆپۆزیسۆن سەری هەڵدا و وتی کێشە بنەڕەتیی "نەبوونی دەوڵەت و دامەزراوەەکانە" داوای کرد کۆتایی بە هەژمونی  لق و مەڵبەندەکان بەسەر دادگاکان بهێنرێت، زانکۆکان لە بارمتەی رێکخراوە حزبییەکان رزگار بکرێن و ئەو پارەیەی کە لە بەغداوە دەهات بە شەفافی بکرێتە بودجە و لە پەرلەمان موناقشەی بکرێت.

ئەو کات رەخنەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لەسەر بنیادنانی سیستم بوو. رەخنە لەوە بوو کە بۆچی هێزی پێشمەرگە (٧٠ و ٨٠) پێنچ هێندەی سوپای وڵاتێکی وەک فەرەنسا گەورە کراوە تەنها بۆ پشکێنەی حزبی. بەڵام دەسەڵات لە جیاتی چاکسازی، ستراتیژیی "پەرتکە و زاڵبە"ی پەیڕەو کرد. بە دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنی و کڕینی کادیرەکان، توانی گوتاری ئۆپۆزسیۆن لە "داواکاریی سیستم"ەوە بۆ "داواکاریی سەرەتایی" دابەزێنێت.

ئەو هێزانەی رۆژێک دژی ئەم دۆخە دروستبوون، ئێستا خۆیان بوونەتە بەشێک لە "سەرگەردانی"یەکە. جێگەی داخی قووڵە کە ئێستا هەندێک کوتەی ئۆپۆزسیۆن دژایەتیی ئەو هەنگاوانە دەکەن کە لە بنچینەدا داوایەکی مێژوویی خۆیان بوو: دژی سیستمی "هەژاماری من"ن کە جاران ئۆپۆزسیۆن دەیوت تەنها ڕێگەیە بۆ بڕینی دەستی حزب لەسەر قوتی خەڵک ئەوەیە موچە بخرێتە سەر حسابێکی بانکی!

لە جیاتی دژی نرخی کارەباکە بێت، دژی کارەبای ٢٤ سەعاتییە و لە دادگای فیدراڵی شکاتی لەسەر دەکات!  دژی کامێرای تیژ ڕەویە کە لە جیهاندا بۆ پاراستنی گیانی خەڵک زۆر بە توندی کاری پێدەکرێت.. واتە ئەم کوتە ئۆپۆزیسۆنانە دژی هەر هەوڵێکن بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە وەک سیستمێکی یاسایی کە لە بنەچەدا بەسێک بوون لە پاکێجە ئیسڵاحییەکانی خۆیان.

دەسەڵات توانی کۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەک ببات کە تێیدا خەڵک تەنها بیر لە "وەرگرتنی پارە" بکاتەوە نەک "بنیادنانی دەوڵەت". مەترسییەکە لێرەدایە، ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی شەڕ بۆ سەروەریی یاسا و کاراکردنەوەی رۆڵی پەرلەمان و دامەزراوەکان ببکات، ئێستا سەری زمان و بنی زمانی بووەتە ئەوەی "زوو ١٢٠ ملیارکە بنێرە" شەڕ لەسەر ئەوە دەکات لە فڵان شوێن ( ATM)ێک کارەبای نییە و کار ناکات. ئەمە گەورەترین مەترسیە لە سەر پڕۆژەی گەورەکەی (نیشتمانسازی)، یەکێتی و پارتی کە هەرێمان بەش کردوە، چەند رۆڵیان لە شکستهێنان بەو پرۆژەیە هەیە، ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەش رۆڵەکانیان کەمتر نییە. وەک دورکایم دەڵێ ئەو کاتەی "کۆمەڵگەیەک تێدا سوکایەتی بە یاسا و سیستمەکانی حوکمڕانی باش بکرێت (جا لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە بێت یان ئۆپۆزسیۆنەکەی) و خەڵکەکەی تەنها بەدوای غەریزە سەرەتاییەکاندا بگەڕێن، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو هەڵوەشانەوەی یەکجاری دەچێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن