576 کوردستان

حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە

03:45 - 09/02/2026

زەمەن – هەواڵ

 

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، داتا داراییەکانی بودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی دو دەیەی ڕابردودا (2005-2025)، بونی هەڵەیەکی گەورە و سیستماتیک دەسەلمێنن، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، حکومەتی فیدراڵی عێراق لە ڕێگەی فراوانکردنی بێ پێشینەی "خەرجییە سیادییەکان" و جێبەجێکردنی میکانیزمی "خەرجیی فیعلی"، شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی لە مافێکی جێگیرەوە بۆ تەنها ژمارەیەک لەسەر کاغەز گۆڕیوە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، خەرجییە سیادییەکان کە لە ساڵی 2005دا تەنها لە چوارچێوەی (سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری) کورت دەبوەوە، لە بودجەی ساڵانی (2023-2025)دا زیادکراون و گەیشتونەتە نزیکەی 47.4 ترلیۆن دیناری ساڵانە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، حکومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی فراوانکردنی بێپێشینەی “خەرجییە سیادییەکان”ەوە، پشکی هەرێمی کەم کردووەتەوە.

دەقی راپۆرتەكە:
زیادبوونی خەرجییەکان: خەرجییە سیادییەکان لە بودجەی (٢٠٢٣-٢٠٢٥) گەیشتوونەتە ٤٧.٤ ترلیۆن دیناری ساڵانە.

تێهەڵکێشکردنی بڕگەکان: بەغداد تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بودجەی حەشدی شەعبی و قەرزەکانی خستووەتە خانەی “سیادی” تەنها بۆ ئەوەی پێش گەیشتنی پارە بە هەرێم، لە پشکەکەی ببڕدرێت.

بەشداریی هەرێم: هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی ٨.٧ ترلیۆن دینار لە پشکی خۆی، بەشدارە لە دابینکردنی ئەو خەرجییە سیادییانەدا.

٢. دۆسیەی قەرزەکان؛ ٢٦ بەرامبەر ١

ڕاپۆرتەکە باس لە ستەمێکی دارایی ئاشکرا دەکات لە پرسی قەرزە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا:

هەرێم پابەند کراوە بە دانەوەی ١.٦ ترلیۆن دینار ساڵانە وەک پشکی قەرزە سیادییەکان.

لە بەرامبەردا هەرێم تەنها ٦٢.٤ ملیار دینار لەو قەرزانە وەک پشک وەردەگرێت.

ئەمە بەو مانایەیە کە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هەر ١ دۆلار کە وەک قەرز وەریدەگرێت، دەبێت ٢٦ دۆلار بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە بدات کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرج کراون.

٣. “خەرجیی فیعلی” وەک سزای بەکۆمەڵ

فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەکاتەوە، کە چەسپاندنی میکانیزمی “خەرجیی فیعلی” پێشێلکردنی ماددەی (١٢١/سێیەم)ی دەستوورە، و حکومەتی فیدراڵ مووچە و بودجەی هەرێمی بەستووەتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.

فەرمانگەکە ڕوونیشیدەکاتەوە، ئەم ڕێکارە وای کردووە هەر کاتێک پڕۆژەیەک لە شارەکانی دیکەی عێراق پەک بکەوێت، پشکی هەرێمی کوردستانیش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کەم بکرێتەوە، کە ئەمەش بە “سزایەکی دارایی بەکۆمەڵ” وەسف کراوە.

لە کاتێکدا دەستووری عێراق بنەماکانی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستانی ڕوون کردووەتەوە، بەڵام بەکارهێنانی میکانیزمی “خەرجیی فیعلی” لەلایەن بەغدادەوە بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم گەیشتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەی ١٢١ لە دەستووری عێراقی فیدراڵ، پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت لەسەر دوو بنەمای سەرەکی دیاری بکرێت:

ڕێژەی دانیشتووان.

پێداویستییەکانی هەرێم.

بەڵام حکومەتی عێراق لە جیاتی پەیڕەوکردنی ئەم ماددە دەستوورییە، پەنا بۆ میکانیزمی “خەرجیی فیعلی” (الإنفاق الفعلي) دەبات، کە ئەمەش زیانێکی زۆر بە بودجەی هەرێم دەگەیەنێت.

مەترسییەکانی “خەرجیی فیعلی” چین؟

سیستەمی خەرجیی فیعلی بەو واتایە دێت کە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەبەسترێتەوە بە قەبارەی خەرجکردنی پارە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.

کەمکردنەوەی پشک: ئەگەر حکومەتی ناوەندی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور پارە خەرج نەکات (بە هەر هۆکارێکی وەک وەستانی پڕۆژەکان یان نەبوونی سیولە)، ئەوا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پشکی هەرێمی کوردستانیش کەم دەکرێتەوە.

پێشێلکاری دەستووری: چاودێران پێیان وایە ئەم ڕێکارە پێشێلکردنی دەستوورە، چونکە پشکی هەرێم دەبێت مافێکی چەسپاو بێت نەک پەیوەست بێت بەوەی ئایا بەغداد لە شوێنەکانی دیکە پارەی خەرج کردووە یان نا.

ئەم کێشە تەکنیکییە لە ئێستادا یەکێکە لە تەوەره سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، تاوەکو پشکی هەرێم لە چوارچێوەی خەرجیی فیعلی دەربهێنرێت و وەک شایستەیەکی جێگیر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
Write to Sirwan Rashid

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن