51 جیهان

وڵاتانی کەنداو تەنها بۆ چوار ڕۆژ تەقەمەنی سیستەمی بەرگرییان دژ بە مووشەكەكانی ئێران ماوە

01:10 - 03/03/2026

زەمەن - هەواڵ

 قەتەر و ئیمارات لە ڕێگای هاوپەیمانانەوە هەوڵ دەدەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕازی بکەن کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر ئێران بهێنێت، چونکە سیستەمی بەرگریی ئەو وڵاتانە تەقەمەنییەکی زۆری پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی ئێران و زیانیکی زۆریش بە کەرتی وزەی ئەو وڵاتانە گەیشتووە.

ڕۆژنامەی بلوومبێرگ، لە ڕاپۆرتە هەواڵێکیدا بڵاویکردووەتەوە، "لە کۆگاکانی قەتەر تەنیا بۆ ماوەی چوار ڕۆژ تەقەمەنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت ماوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران."

ڕۆژنامەکە دەڵێت بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، زیانی زۆر بە کەرتی وزەی قەتەر و ئیمارات گەیشتووە، بۆیە هەردوو وڵات لەسەر ئاستی باڵادا هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێی هاوپەیمانانەوە ترەمپ ڕازی بکەن کۆتایی بە هێرشکردنە سەر ئێران بهێنێت.

ڕۆژنامەی بلوومبێرگ، باسی لەوەش کردووە هەردوو وڵاتەکەی کەنداو، هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاسمانی و هێرشە درۆنییەکانیشیان پێ لە هێرشی مووشەکە بالیستییەکان مەترسیدارترە.
چوارەم ڕۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە و ئێرانیش لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشی چڕ دەکاتە سەر بنکە و پێگەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، لە هەمان کاتیشدا، ئیسرائیل مووشەک باران دەکات، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی بلوومبێرگ، وڵاتانی ناوچەکە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە: بەهۆی هێرشی درۆنی ئێرانەوە بەرهەمهێنان لە گەورەترین دامەزراوەی هەناردەکردنی گازی سروشتی شلکراوە لە قەتەر وەستاوە و دوای ئەوەش نرخی گازی سروشتی لە ئەوروپا لە سەدا 50 بەرز بوویەوە.
محەمەد بن زیاد ئالناهیان، سەرۆکی ئیمارات و شێخ تەمیم بن حامد ئەلسانی، میری قەتەر لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، سەرۆککۆماری فەڕەنسا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی نێوەدگیریی و هاوکاری ببینن. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن