دوای 14 ساڵ، تۆمەتبارێکی سەرەکی دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی دەستگیردەکرێت
03:54 - 09/02/2026
زەمەن_هەواڵ
دوای تێپەڕینی 14 ساڵ، مانگی رابردوو تۆمەتبارێکی سەرەکی دۆسیەی هێرشکردنە سەر ئاسۆس هەردی دەستگیر کرا, وا بڕیارە مانگی داهاتوو دادگاییکردنی رووبەڕووی ئەنجام بدرێت.
ئەم تۆمەتبارە مانگی رابردوو دەستگیر کرا، کە لەساڵی 2021دا بەشێوەی "ئامادەنەبوو – غیابی" بە حەوت ساڵ زیندانی کردن حوکم دراوەو وا بڕیاڕە مانگی داهاتوو دادگایی کردنی رووبەڕووی دەست پێبکاتەوە.
رۆڵی ئەم تۆمەتبارە بریتی بووە لەوەی "مقەدەم"ێک کە لای کاربەدەستێکی ئەوکات کاری کردووە، فەرمانی پێکردووە بچێت لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکەدا، هێرش بکەنە سەر ئاسۆس هەردیو پاشان لەشوێنی رووداوەکە هەڵاتوون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر دادگای تاوانەكانی سلێمانی 3، لەڕێگەی نوسراوەوە داوای لەفەرماندەیی یەكەی 70 و پۆلیسی سلێمانی کردووە ئەم تۆمەتبارە سەرەكییەی دۆسیەی هێرشكردنە سەر ئاسۆس هەردی كە ئێستا زیاتر لە 14 دانیشتن ئەنجامدراوەو لە 29ی تشرینی یەکەمی 2017وە ئامادە نەبووەو لە 16ی کانونی دووەمی 2019وە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، بهێنرێنە بەردەم دادگا، بەپێی ماددەی 406-31 سزادانی عێراقی سەبارەت بەهەوڵی کوشتن 7 حوکمی زیندانیکردنی دراوە.
ئاسۆس هەردی ئێوارەی 29ی ئابی 2011، لەنزیك لە نووسینگەی سەرەكی رۆژنامەی ئاوێنە لە شەقامی سالم لە سلێمانی، لەلایەن سێ كەسەوە بە كلكە دەمانچە پەلامار دراو سەری بریندار كرا. ئەو سێ كەسەی پەلاماریان دا پێشمەرگەو پلەداری سەر بەهێزەكانی یەكەی 70 بوون، یەكەم بەرواری دادگایكردنی تۆمەتبارەكان لەساڵی 2017دا ئەنجامدراو ماوەی 9 ساڵە بەردەوامە.