پارتی سیاسی و میراتی سیاسی: کەڵەکەبوون و تەقینەوە
5/3/2025 10:22:00 PM
لاوک سەلاح
لەعنەتیەتی سیاسی کوشندە بەرۆکی مێژووی پارتی سیاسی لەم وڵاتەدا هەمیشە گرتووە،
ئەم لەعنەتییە نەوەک هەر رێگرە لە نەشونماکردنی پارتی سیاسی وەک دامەزراوە و
پێگەیەکی یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی کە ئەرکی نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەیە و
دارشتنی ئاراستە سیاسییەکانە لە پێناو ئیدارەدانی باشتری کێشە سیاسییەکان.
ئەم لەعنەتییە پەیوەندی بە مانفێست و بەرنامەی سیاسی و سەنگەرەکانی پارتی
سیاسییەوە نییە، تەنانەت پەیوەندی بە مەعریفەی سیاسییەوە نییە، ئەم لەعنەتییە
پەیوەندی بە ژینگەیەکی سیاسی دیاریکراو و شێوازی گەورەبوون لە منداڵییەوە هەیە، کە
دواجار سایکۆلۆجیەتێکی سیاسی دەهێنێتە کایەوە و مێژوویەک لە رەفتاری سیاسی نامۆ
تۆمار دەکات.
ئەم لەعنەتییە بۆتە خەسڵەتێکی سیاسی باو و دیار. گرفت لە بوونی پێشبرکێی
دارای و بازرگانی و میرات و موڵک لە نێو کۆمەڵگەدا، تەنها، خۆی نییە، بەڵکو گرفت جۆر
و شێوازی ئیدارەدانی ئەو بەرژوەندی و گرفتانەیە، راستە ململانێ لەسەر موڵک و دارای
لەهەموو کۆمەڵگەیەکدا هەیە بەڵام خەسڵەتیان پێ بەپێی ژینگە سیاسییەکە دەگۆردرێت.
با دیسانەوە، لە حزبی بەعسەوە دەست پێبکەینەوە، راستە بەعس زیاد لە جارێک
هاتە دەستەڵات، هەر جارەش بە یارمەتی سوپا
کۆنترۆڵی دەستەڵاتی کرد، بەعس دەیویست ببێتە پارتێکی سیاسی مەدەنی، بەڵام ئەو
توانایەی نەبوو، هەر بۆیە، ئەو کێشە ریشەییە، بووە لەعنەتی بۆی تا دوا ساتەکانی
کەوتنی، ئەوە گرفتی کوشندەی بەعس بوو. بەعس قەت پارتێکی سیاسی نەبوو کە لەگەڵ
دەرەوە و ناوەوەی خۆیدا لە ئاشتیدا بێت و پەیکەرێکی سیاسی سەقامگیری گەشەسەندووی
هەبوو بێت. لە نێو بەعسدا هەمیشە ناکۆکییەکان بە خوێن تەواو دەبوو، لەعنەتی خوێن
بەرجەستەی مێژوویەک لە نەزانین و " جەهل و موئامەرات" و کوشتن و بڕین
بوو، هەرچەندە پارەیەکی زۆری بۆ رۆشنبیران و دەزگاکانی لێکۆڵینەوە لە دەوڵەت
عەرەبییەکان بۆ پیاهەڵدانی سیاسەتەکانی خەرج دەکرد، بەڵام یەک لێکۆڵینەوەی جیددی
نەهاتە رۆحی بڕیاری سیاسییەوە، لەبەرئەوەی سەرکردایەتی سیاسی بەعس توانای
موتوربەکردنی لێکۆڵێنەوەی سیاسی جیددی نەبوو. لەعنەتی بەعس، شکستی سیاسی بوو نەیتوانی
ببێتە پارتێکی سیاسی مەدەنی کە کاریگەری سەربازی پێوە نەبێت. دواجاریش کۆمەڵگەی
عێراقی کردە کامپێکی سەربازی.
خۆزگە، قەت لاپەڕەکانی مێژووی بەعسمان هەڵنەدەدایەوە بەڵام ناچاریین
یادەوەری هەموو لایەک بوروژێنین بۆ ئەوەی بێتەوە بیرمان لەوەی چی روویدا و چۆن
روویدا و بۆ روویدا؟ ئەوەی لە ئیستادا لای خۆمان روودەدات سەرەتاکانی سەردەمی
بەعسە کە بەرەو روودانی بۆشایی سیاسی
دەڕوات. ناکۆکی و شەڕ لەسەر میراتی پارتی سیاسی زۆر بەروونی دەتباتەوە سەر ئەنجام
و چارەنووسی بەعس، ئەم کارەساتە پێمان دەڵێت، ئێمە هیچ فێر نەبووین، نە رابردوو و نە ئاییندە دەبینین، لەبەرئەوەی بە سادەیی ئەو
کەرەستانەمان پێ نییە ببینە کەسانی پسپۆر لە دارشتنی ستراتیژییەدا و بڕوای سیاسی تەواومان
پێبێت تاوەکو هەڕەشەکان دەستنیشان بکەین و لەبری برەودان بە ناکۆکییە سیاسییەکان،
خامۆشیان بکەینەوە.
ئەم لەعنەتییە سیاسییە پرۆسەیەکی بەردەوامە، هیچ ئیرادەیەک شک نابەین رێگا
لە تەشەنەسەندنی ناکۆکییە دارایی و بەرژوەندییە سیاسییەکان بگرێت، ئەوەی روودەدات
شێتگیرانە و سەرکێشانە دەچێتەوە نێو ئەو بۆکسە سیاسییە داخراوەکەی کە بەعس
بەدەستییەوە دەیناڵان.
ناکۆکییەکان لەژێر پەردەی رەوایی
خاک و برا گەورەیی و پیرۆزکردنی رابردوو و بەشەرعی کردنی گروپی سیاسی دەگوزەرێت.
ئەوەی ئەم کارە لە هەموو سەنگەرەکان دەکات کەسە توندڕەوکانن کە دەخوازن فرسەت
بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە. بەداخەوە، پانتاییەک بۆ حیکمەتی سیاسی نەماوە،
هەموو، شکستەکان بەیەکتر دەسپێرن، وەک ئەوەی ئەوە ئەوان نەبوون کە رۆژێک پێکەوە
بوون و خۆیان بەیکەوە هەڵەیان کردووە، ئەوە ئەوان نەبوون کە خاوەنی یەک مێژوو بوون.
بەداخەوە، هەموو دەناڵێنن بە دەست سایکۆلۆجیەتی سیاسی شکستەوە، شکستی دوورکەوتنەوە
لە دروشمە سیاسییەکان و نەبوونی توانای مرۆیی بۆ بەرجەستەکردنیان.
ئەم پرۆسە قێزەوەنە لەعنەتییە خەسڵەتێکی
میکافیلیانەی هەیە کە هەر لایەک مافێکی
رەها بە خۆی دەدا و خۆی بە حەق دەزانێت، کەس خۆی بەکێشە جەوهەرییەکان ناپێوێت، کەس
خۆی بەراورد بە کارەساتەکانی رابردوو ناکات و کەسیش راوێژ بەو کەسانە ناکەن کە ئەزموون و شارەزایی و حیکمەتی
سیاسییان هەیە، بەداخەوە ئەوان لە پەراوێزدان و وابزانم تەنانەت کاتی راوێژکردن
بەسەرچووە، ئەوەی روودەدا زیندووکردنەوەی میراتی بەعسە بە پاساوی بێ مانای جیاواز.
لەعنەتی کەڵەکبوونی کێشە سیاسییەکان بێ ئەوەی لە کاتی گونجاوی خۆیدا چارەسە
بکرێن، بەرجەستەیەکی مێژووی زەقە کە
گوزارشت لە بێ توانایی و بێ ئیرادەی سیاسی دەکات بە پاساوی راگرتنی پارسەنگی
هێزەکان لە نێو پارتی سیاسیدا، لە راستیدا کە کێشە سیاسییەکان بۆ سەردەمێک و
رۆژێکی دیکە هەڵدەسپێردرێن، رێک ئەمە ئاماژەیە کە نەخشە رێگایەک بۆ چارەسەری
گرفتەکان بە شێوازێكی دادپەروەرانە نییە، "تاجیل" کردنی کێشەکان بۆ
ئەوەی نەوەیەکی دیکە یاخود خەڵکانی دیکە چارەسەری بکەن جۆرێکە لە هەڵاتن لە چارەسەر
یاخود نەبوونی هەستی بەرپرسیارەتی سیاسی و یاسایی یاخود مەبەست لە بنەمادا تێکەڵ نەکردنی
دامەزراوەکان بووە.
هەموو ئاگاداری مێژووی سیاسی ئەم وڵاتەیەن کە دەوڵەتی قووڵ لە نێوان حکومەت
و پارتی سیاسیدا بوونێکی ئاشکرای هەیە و تەنانەت لە لایەن هەموو لایەکەوە ئەو
راستییە قبوڵ کراوە، دەوڵەتی قووڵ واتە بوونی داینامیکی بڕیار لە شوێنی دیکە کە
خۆی دەبێت لە شوێنی رەسەنی خۆیدا بێت، سادەتر قسە بکەین، بۆ نموونە، بڕیاری حکومەت
دەبێت لە نێو حکومەتدا بدرێت نەوەک لە دەرەوە. تا ئێرە ئەم دیاردەیە بۆ هەموو
لایەک روون و ئاشکرایە، ئەوەی خەریکە سەر هەڵدەدا و سەری هەڵداوە، بوونی داینامیکی
بڕیاڕی سیاسی لە شوێنیكی دیکەی نێو پارتی سیاسیدایە، بۆ نموونە، ئەوە مەکتەبی
سیاسی یاخود چڤات نییە کە بڕیاری سیاسی لەسەر هێز و دارایی دەدات، ئەم دامەزراوانە
باڵاترین دەستەڵاتی پارتی سیاسییە، بەڵام بڕیار لای ئەوان نییە، بەڵکو لە شوێنێکی
دیکەیە. ئەو کاتانەی پێویستیان بەو دامەزراوانە دەبێت بە ناویانەوە قسە دەکەن. لە
بری پتەوکردنی ئەم دامەزراوانە تاوەکو بەرپرسیاریەتی سیاسی و یاسایی دابەش بکرێن،
تاوەکو دامەزراوەی سیاسی رەوا هەبن، پێگەی کەسەکان پتەو دەکرێن.
راستییەک هەیە کە ئەویشیان هەر لەعنەتییە سیاسییە مێژووییەکەیە؛ قورسکردنی
سەرشانی کەساکان بە بڕیاری چارەنووسساز، ئەم کارە، هەر خۆی لە خۆیدا چارەنوسسی
کەسەکان دەخاتە مەترسییەوە، لەبەرئەوەی بڕیارەکان کە دەچنە لای چەند کەسێک، نەوەک لای دامەزراوە سیاسییەکە،
ئەمە چوونەوەیە بۆ سەر رێجکەکەی بەعس، بەداخەوە، ئەم لەعنەتییە سیاسییە ئیرادەی
دەستەجەمعی کوێر دەکات و بڕیاری سیاسی نەزۆک دەردەکات کە دواجار لە هەموو
مەوداکاندا رەنگدانەوەی خراپی بەسەر کۆمەڵگەوە دەبێت، رەنگدانەوەکە دەستی پێکردووە
و خۆتان لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم وشانەدا نموونەکان دێنە بەرچاوتان.
پوختەی قسە: راماڵینی لەعنەتیە سیاسییەکانی رابردوو، پێویستی بە بیناکردنی پرۆسەیەکی
تەندروستی دیموکراسییە هەیە، ئەم قسەیە دروشمە و پێویستی بە گەشەسەندنی توانای
مرۆیی راستەقینە هەیە بۆ بەرجەستەکردنی. دامەزراوەکانی وەک "زاکیرە" رۆڵ
دەبینن لە بواری پەروەردەی سیاسیدا، بەمەرجێ بڕیاردە سیاسییەکان نەگەرێنەوە سەر
توولەرێ کۆنەکان. کارکردن لەسەر سایکۆلۆجیەتی سیاسی رەوا گرنگە، با لە کۆڵانەکانی
منداڵییەوە بەرپرسیاریەتی یاسایی و سیاسی وەرنەگرین، تاوەکو دامەزراوەکانی دەوڵەت
و پارتی سیاسییەکان نەکەینە سەنگەری ناکۆکی نێو کۆڵانەکان بۆ ساغکردنەوەی ناکۆکییە
کەسییەکان کە بەناو سیاسیین.