مانیفێستی سیاسی و بەرنامەی حکومی: کامیان ونن؟
5/5/2026 12:03:00 PM
لاوک سەلاح
هاتەوە یادم... ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان، لە
رۆژنامەیەکی رۆژانەدا، وتارێکی پوختم لەسەر "گومانی داهێنەرانە" نوسی،
باسم لەوە پانتاییە کرد کە دەبێت کەسی خوێنەوار لە کەسایەتی خۆی و لە ئادا و هەڵسوکەوتیدا
خاوەنی بێت بۆ ئەوەی کەمترین هەڵە بکات، پانتایی "گومانی داهێنەرانە" لە تاوان و خۆبەزل زانین و بیڕورای رەها و هەڵسەنگاندنی
کوێرانە بەوەی هەمیشە "من راستم و تۆ هەڵەیت" دەپارێزێت.
لەم نوسینەدا ئەو چەمکە چڕتر دەکەمەوە بۆ ئەوەی
سەرنجتان رابکێشم بۆ ئەو درز و کەلێنانەی لە نێوان مانفێستی رەهای پارتی سیاسی و هەڵسوکەوتی
سیاسی و ئادای حزبیدا هەیە. مانفێستێک کە بەرەهایی نوسراوە و هەڵسوکەوتێکی حکومڕانی
کە لە ئاستی ئەو مانفێستەدا پینە کراوە. ئەو جۆرە لە گومانی داهێنەرانە یارمەتیمان
دەدات کەلێنەکان ببینین و لەخۆبایی بون دوربین، هەروەها یارمەتیمان دەدات ئەوەی لەسەر
کاغەز دەنوسرێنەوە، کە لە مێژوی پارتی سیاسیدا نەکراوە، لەم جوگرافیایەدا، بۆ یەکەم
جار، موتوربەی واقیع بکرێت و لە شوێنێکی دیکەوە نەخوازرێت.
هاوکێشەی نێوان مانفێستی پارتی سیاسی لە لایەک
و ئادا و هەڵسوکەوتی سیاسی لە حکومەتدا، لە بەرامبەردا، تەواو ناکۆک و دژ بەیەکە،
ئەم دزر وکەلێنە کە بۆتە باو و دیاردەیەکی ئاسایی، هەردوکیان یەکتر تۆمەتبار دەکەن
بەو شکستانەی کە کۆی پارتەکە دوچاری بوە، هەردوکیان مێژوی هەڵەکان لە خۆیان دەتەکێنن
و پیرۆزییە پڕ وەهمەکان بە بەری خۆیاندا دەدرون بۆ ئەوەی بەرگری لە مێژویەک لە
شکستی سیاسی و نەبونی فیکری سیاسی و نەبونی توانای سیاسی بۆ ئامادەکردن و پیادەکردنی
پلانی ستراتیژی دورمەدا و بزربونی ئیرادەی سیاسی بگرن. هەمو هەوڵیان دەدا و دەدەن
وەبەرهێنانێکی سیاسی لە پەند و حیکمەتی "ئاگرە سورە لە خۆم دورە" بکەن.
بەرەی یەکەم دەڵێت: بەرەی دوەم دڵسۆز نەبو بۆ
مانفێستە سیاسییەکە و لە ئاستی جێبەجێکرندا نەبو، ئەوە ئەوان بون لە خۆیان گۆڕان و
ئاگایان لە هیچ نەما، ئەوە ئەوان بون توشی شکۆک بون کە بەسەر دونیایەکی دیکەدا کەوتن
و لە خەڵک ترازان. بەرەی دوەمیش بەرەی یەکەم تۆمەتبار دەکات بەوەی سەرکردایەتیکردنی
سیاسی ئەوان لە ئاستی گۆرانکاری و روداوی سیاسی و پشتیوانی کادیرەکانیدا نەبو. ئەوان
توانایان نەبو مانفێستی سیاسی ئاوێتەی بەرنامەی حکومی بکەن و بەرنامەی حکومڕانی بێنە
کایەوە، ئەوە ئەوان بون نەیانتوانی ناوەوەی پارتی سیاسی رێکبخەنەوە و ئینتمای سیاسی
بۆ مانفێستی سیاسی دابین بکەن.
خوێنەری بەرێز ئەم جۆرە دایالۆگانە، دایالۆگی رۆژانەن،
زۆر باون و لە ژینگەی زۆر لە پارتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا برەویان
هەیە، وەک نمونە هەندێکیانم لێرە تۆمار کردن، ئەگەر هەستت کرد لە پارتێکی دیاریکراودا
هەن کەواتە لەگەڵ قسەکان کۆکیت!
بەداخەوە، لە پاش تەمەنێک لە ئەزمونی چر لەسەر
ئاستی جیا جیا بە چاویلکەیەکی بابەتیانە و دور لە بەرژوەندی سیاسی و لەبەر رۆشنایی
کارەساتە سیاسییە مێژویەکاندا، ململانێ سیاسییەکان دەخوێنینەوە، ئەمە یارمەتیمان دەدات
بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە هێشتا لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێینەوە و تەمەنێکی نازدار بە
دونیایەک وەهمی سیاسیەوە دەسڕینەوە. ئەو ئەزمونە پێمان دەڵێت ئێمە ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوەی
کەلتورێکین کە ئیدارەی ململانێکان وەک ٥٠ ساڵ لەمەوبەر دەکات، کەلتورێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی
و تەنانەت رۆشنبیری دیاریکراو کە خۆرسکە، خۆرسک بەو مانایەی کە چۆن لە منداڵیدا گەورە
دەبین بێ ئەوەی ئیرادەمان لە پرۆسەی گەورەبوندا هەبێت، پرۆسەیەک کە پێویستی بەوەیە
چاودێری خۆی بکات بۆ ئەوەی بزانێت لە کوێدا چی دەکات؟ یەکەم دەرئەنجامی ئەم نوسینە
نەبونی توانستی چاودێرکردنە بۆ دەربازبون لەو خۆرسکییە.
لە ئالەنگەرییە سیاسیی و پیشەییەکانی پارتی سیاسی
کە سەرچاوەی پێکهێنانی حکومەتە لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەو میرات و عورف و مێژوە
سیاسییە کە خۆرسکانە کاری لەسەر دەکات و پارتە سیاسییەکە بەرێوە دەبات، میراتی سیاسی
چ وەک پەیکەر و کادیر، چ وەک ژینگەی سیاسی. پارتی سیاسی وەک وەرزشوانێکی بەتەمەنە
کە هێشتا قبوڵی ناکات وێستگەکانی ژیان تێپەڕیون و بۆ ئەو کاتی نوسینەوەی رۆژانی
رابردوی پڕ جوڵە و چالاکییە. بەداخەوە، نوێبونەوە لە پارتی سیاسیدا پرۆسەیەکی ئاشتیخوازانە
نییە، پرۆسەیەکی ئاسایی و سروشتی لە دایکبونی نەوەی ئاییندە نییە، ئەمان لە نێو
پارتی سیاسییدا مەحکومی مێژویەکی تاڵن کە بەداخەوە رەوایەتی بە قوربانیکردنی ئاییندە
دەدات. ئەمە بە کورتی ئەو ژینگە سیاسییە کە پارتی سیاسی کادیرانی خۆی لەوێوە فڕی دەداتە
حکومەتەوە بۆ ئەوەی کار بکەن.
ئەو پرسیارە جەوهەری و ئەرێنیەی ئەم نوسینە دەیورۆژێنێت
ئەوەیە چۆن پارتی سیاسی ببێتە پارتی حکومڕانی؟ چۆن مانفێستی پارتی سیاسی تەرجەمە
بکرێتە پلانی تەکنۆکراتانە؟ چونکە دواجار ئەوە وێستگەی حکومەتە کە پارتی سیاسی دەبێت
پێی بگات و لە رێگەیەوە وەک ئامراز خزمەتی هاوڵاتی بکات، بەڵام سەیر لەوەدایە پارتی
سیاسی زۆر جار لە نیوەی رێگا وەک هەڵوێستی سیاسی تایبەتی بێ پاساو و وەک ئامرازی
فشاری سیاسی بێ ئامانج ئەو ئەرکە بەجێ دەهێڵێت کە پێی سپێردرا بو، بە بەهانەی سیاسی
جۆراوجۆر کە رەنگە هەرە شاراوەترین فاکتەر نەبونی توانای فراوانکردنی کاریگەری سیاسی
بێت. ئەمەش دەرەنجامی دوهەمی ئەم نوسینەیە، ئەویش نەبونی ئیرادەی گەشەسەندنی سیاسییە.
لە پەتا و دەردە سیاسییە مێژویەکانی ئێمە ئەوەیە کە هەرگیز نامانەوێت و ناهێڵین سەرکردەی
سیاسی نوێ و خوێنەواری نوێ و نوێنەری سیاسی نوێ دروست ببێت. بگەڕێنەوە مێژو و ئاوڕێک
بدەنەوە و بە وردی تەماشا بکەن ئەوانەی لە
دانوستانە سیاسییە مێژویەکاندا نوێنەرایەتی ئەم نەتەوەیەیان کردوە لە پەنچەکانی دەست
تێناپەرێن.
با ئەو راستییە تۆخ بکەینەوە ئەو کاتەی پارتی سیاسی دێتە نێو حکومەتەوە
دوچاری دونیایەک گرفت دەبێتەوە، چ لە نێو خۆیدا و چ لە پەیوەندیکردنی لەگەڵ پارتە
سیاسیەکاندا، پاشان لە نێو حکومەتەدا. راستە هەندێ پارتی سیاسی شارەزان لە نوسینەوە
و کۆکردنەوەی دروشمی سیاسی، بەڵام ئەو توانایەی لە مەیداندایە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر
بێت ئەو مانفێستە بکەنە نەخشە و پلان و بەرنامەی عەمەلی. لەم دۆخەدا، گرفت مانفێستی
سیاسییەکەیە کە رەچاوی توانای کادیری پارتی سیاسی نەکردوە، یاخود، لانی کەم، وەک
پرۆژەیەکی ستراتیژی کاری لەسەر نەکردوە، ئەم ئالەنگەرییە سنوردار نییە بۆ پارتێکی
چەپرەو یان راسترەوە، یاخود پارتێکی نەتەوەیی یان ئیسلامی.
ئەم ئالەنگەرییە لە بنەرەتدا گرفتی ئاستی پەروەردەی
سیاسی و مەعریفی کۆی کۆمەڵگەیە، کە سەرچاوەکانی مەعریفەی هەمو لایەکە، لەم جۆرە لە
ژینگەی سیاسیدا تەنها بەرگ و دیکۆری دەرەوە جیاوازە، ناوەرۆکی سیاسی کەم تا زۆر وەک
یەکە، تا رادەیەک هەمو لەیەک دەکەن و بۆ ئەوەی
لەیەک نەکەن، ئەو پارتە سیاسییە براوەیە کە کار لەسەر گەشەسەندنی راستەقینەی توانای
مرۆی و سیاسی ئەندامەکانی دەکات و هەرگیز بوار نادات دروشمە سیاسییەکان لە رەوشت و هەڵسوکەوتی سیاسی جیاواز و نامۆبن.
هەر کاتێک درز کەوتە نێوان مانفێستی سیاسی و هەڵسوکەوتی سیاسی و بەرنامەی سیاسیی لە
نێو پارتی سیاسیدا ئەوا ماڵئاوا لەو پارتە سیاسییە بکە. ئەوە وەڵامی ناونیشانی ئەم
نوسینەیە.
خاڵێکی دیکەی پەیوەندیدار: پارتی سیاسی ئەوەندەی
گوێ لە رەمزە سیاسییەکانی دەگرێت، بایەخ بە رەمزە پیشەییەکان و تەکنۆکراتەکانی
نادات، هاوسەنگی نێوان هەردولایان ناپارێزێت. پارتی سیاسی کە لە ئاوێنەدا خۆی دەبینێت،
ترسی لێ دەنیشێت، لە خۆی دەترسێت، لە کادیرە بەتواناکانی دەترسێت. ئەمەش خاڵێکی دیکەی
لاوازی پارتی سیاسییە کە درزی نێوان مانفێستی سیاسی و بەرنامەی حکومی فراوان دەکات.
نەبونی ئەو هاوسەنگییە و نەزانین لە بەکارهێنانی تواناکان لە شوێنی گونجاودا بەرجەستەکردنی
لاوازی مانفێستی سیاسی و بەرنامەی حکومییە.
دوا خاڵ، پارتی سیاسی و کۆمەڵە سیاسییەکان و فۆرمەکانی
دیکەی گردبونەوە لە عێراقدا، درێژبونەوەی پێکهاتەی خێڵ و عەشرەت نەبون، گەشەپێدانی
ئەو فۆرمە سەرەتاییانەی کۆمەڵگە نەبون، پارتی سیاسی بەداخەوە هەمیشە یەکە و پێکهاتەیەکی
نامۆ بوە بە کۆمەڵگە، هەر بۆیە دروشمە سیاسییەکان لەسەر کاغەز بێ پیادەکردن دەمێننەوە و دەبنە بەشێک لە مێژو
و لە مۆزەخانەی پارتی سیاسیدا هەڵدەگرێن تا کاڵ دەبنەوە، لە باشترین دۆخدا، وەرزێکی
سیاسی بەرێ دەکەن، بەڵام بە خوێن و قوربانی نادیارەوە. لە ژینگەی سیاسی لەو جۆرەدا
کە مانفێستە سیاسییەکان لە دایک دەبن دەبنە نەوەیەک لە هەڵگری شوناسێکی سیاسی نامۆ،
بۆ نمونە، ئیستاشی لەگەڵ بێت، عەشیرەتەکانی عێراق لە هێزەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەهێزترن،
هەر کە پر چەک دەکرێن شورشێکی دیکەی وەک ساڵانی بیستی سەدەی رابردو ئەنجام دەدەن!
پوختەی قسە: مەبەستی سەرەکی ئەم نوسینە دەست
خستنە سەر ئەو برینانەن کە رێگرن لەوەی پارتی سیاسی ببێتە پارتی حکومڕانی و پارتی
خزمەت. نوسینەکە دەخوازێت شێوازێکی نوێ لە بیناکردنەوەی پرۆسەی سیاسی بگرێتە بەر،
بەوەی لە مانفێستی سیاسیدا، جێگای ئادا و جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسی بێتەوە، یاخود،
لانی کەم، بەرجەستەی بکات. کرۆکی ئەم نوسینە بۆ بەرگیکردنە لە بەهای دیموکراسی و
پرۆسەی سیاسی تەندروست. گرنگە، بیرکردنەوەیەکی رەخنەیی ئەرێنی بۆ پەیوەندی نێوان
پارتی سیاسی و پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگە بێتە کایەوە. پردێکی نوێ لە نێوانیاندا
دامەزرێت کە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە ئاسایی و سروشتیانە گەشە بکەن، بونی ئەو
پردە یارمەتی ژانێکی نوێ دەدات کە کۆمەڵگە لە خوێن رشتن و موئامەرەکردن و تەخوینکردن
بەناوی مانفێستی سیاسی رەهاوە بپارێزێت. لەو پێناوەدا، دو پرۆسەی دیکە بایەخیان هەیە
و دەبێت دامەزرێن: پرۆسەی چاودێریکردنی کواڵیتی سیاسی و پرۆسەی گەشەسەندنی مرۆیی و
سیاسی کادیرەکانی پارتی سیاسی.