295وتار

گەندەڵی و دیموکراسی: لە تۆتالیتاریەتەوە بۆ فیدرالیەت

3/23/2023 6:51:00 PM
لاوک سەلاح




قۆناغی گواستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە تۆتالیتاریەتی سەختی چەندان ساڵەوە بۆ دامەزراندنی دیموکراسیەت و سیستمی فیدرالیەت لە عێراقدا بە ئاژاوە و شڵەژان و تێنەگەیشتن و بەدتێگەیشتن و تاوان و گەندەڵی سیاسی و ئابووری و ناسەقامگیری سیاسی و قوربانیدا تێپەڕی. ئەمە پوختەی راستی بیست ساڵی رابردووی عێراقی پاش تۆتالیتاریەتە.

خەونی بە دەستورکردنی دیموکراسیەت؛ زەمەن و سەردەم و تەنانەت سەرکردەی رەوت و کات و پتەوکردنی ژێرخانی گەرەکە.ئەو پرۆسە سیاسییە دەبوایە پرۆسەیەکی ئەخلاقی مرۆڤدۆستانە بوایە، لێبوردەیی ناونیشانی بوایە، بەمانایەکی دیکە، دەبوایە بە مۆڕاڵکردنەوەی پرۆسەی دامەزراندنەوەی دەوڵەت بوایە. بەداخەوە، درکاندنی راستیە سیاسییەکان سەختە بەڵام حەقە، بۆ نموونە، ئەو حاکمەی بەشداربوو لە پرۆسەی سزادانی یاسایی سەرۆکی عێراقی رابردوو بەتۆمەتی قڕکردن و ئەنجامدانی تاوان، ئەو خۆی بەشێکی سەرەکی سکاندڵی "گەندەڵی سەدە" بوو. لێرەوە، ئەو کاتەی سەنگەرەکان، سەنگەری راستگۆییو مافی سیاسی تێکەڵ بە سەنگەری درۆ و فێڵ دەبن و لەیەک دەچن و وەک یەک دەبن، مۆراڵی سیاسی نەوەک دەکەوێتە بەرگومان، بەڵکو هیچ تروسکایەک بۆ متمانەی سیاسی ناهێڵێت بە تایبەتی کە بە بێئیدانە و سزا تێپەڕدەبێت. گەڕاندنەوەی متمانەی سیاسی پێویستی بە زەمەن و سەردەمێکی نوێ هەیە. سەردەمێک کە چاکردنی ئەکتەرە سیاسییەکان بەر لە چاکردنی رێگاوبانەکان ببێتە ئەولەویەت. ئەمە، لە راستیدا، کرۆکی بە دیموکراسیکردنی پرۆسەی سیاسییە. ئەو ئەکتەرە سیاسییانەی کە بە رەوشت و رەفتار و فیکر توانایان هەیە چاپتەرێکی نوێ بنووسەوە.

ئەو چەند دێرەی سەرەوە دەروازەیەکە بۆ پرسیارکردن و راڤەکردنی دوو ئاستکە یارمەتیدامەزراندنی پرۆسەی دیموکراسیتەندروستدەدات، ئەمەش مەبەستی سەرەکی ئەم نووسینەیە، لەگەڵ دەرخستنی کاریگەریەکانیانە لەسەر بنبڕکردنی دیاردەی گەندەڵی سیاسی، بەتایبەتی لە دەوڵەتە تازەپێگەیشووەکان و ئەوانەی پاش جەنگ، کە دەخوازن دیموکراسیەت بە بەرگی خۆیان بدورن. مەبەستێکی دیکەی ئەم نووسینەش هەڵسەنگاندنێکی عەمەلی پوختەیە بۆ زانینی ئەوەی لەم بیست ساڵەی رابردوودا لە عێراقدا چی روویدا.

لە ئاستی یەکەمدا، کە ئاستی دامەزراوە سیاسییەکانە وەک پارتی سیاسی و پەرلەمان و هەر دەستەیەکی دیکەی سیاسی، ئایا هەوڵ دراوە، لانی کەم، لە قۆناغی گواستنەوەدا بەرەو دامەزراندنی ژینگەی دیموکراسی، گەندەڵی سیاسی بنبڕ بکرێت؟ ئایا دامەزراوەی سیاسی، جارێ باس لە دامەزراوەکانی حکومڕانی ناکەین، کە بەندە جیاکارییەک بۆ هەردووکیان دەخوازێت، بەگشتی ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکات، ئایا ئەرکی ئەوە؟ ئایا دامەزراوەی سیاسی لە ماوەی ئەم بیست ساڵەی رابردوودا ئەو توانایەی سەلماند کە بەدەستێک ئازادییە سیاسییەکان و پانتاییەکانی پراکتیزەکردنی دیموکراسی فراوان دەکات و بە دەستێکی دیکە ئەو دامەزراوە دەوڵەتییانە دادەمەزرێنێت کە هەم لەگەڵ قەڵاچۆکردنی گەندەڵی سیاسیدا، دادپەروەری دەهێنێتە ئاراوە؟ وابزانم وەڵامیئەم پرسیارە زۆر روونە، کە "نەخێر"ه،بەداخەوە، کار، نەوەک بۆ نەهێشتنی گەندەڵی سیاسینەکرا بەڵکو گەندەڵی سیاسی وەک ئەو نموونەیەی سەرەوە بۆ مەرامی سیاسی بەکارهات، جۆرێک لە ئامراز و گەمێی سیاسی بوو بۆ گەمارۆدانی سەنگەری بەرامبەر.

لە ئاستی دووەمدا؛ ئایاژینگەی نوێی دیموکراسیو دامەزراوە دەوڵەتییەکان و حکومڕانییەکان خۆیان لە خۆیاندا فاکتەرێکی رەها بوون بۆ ئەوەی کاریگەریان لەسەر کەمکردنەوە و نەمانی گەندەڵی هەبێت؟ بەمانایەکی دیکە، ئایا مەوداکانی پەیوەندی نێوان دیموکراسی و گەندەڵی چەندە تاوەکو باشتر لە کاریگەری هەردووکیان تێبگەیین؟ ئایا پشتبەستن بە بنەماکانی دیموکراسی بەسە بۆ ئەوەی گەندەڵی سیاسی نەبێت؟وەڵامی ئەم پرسیارانەش روونە کە "نەخێر"ە، بەداخەوە، ئەو بنەمایانە ئەگەر پشتئەستوور نەبن بە دامەزراوە پتەوەکانی حکومڕانی باش “Good Governance”  هەرگیز ئەزمونە سیاسییەکە سەرکەوتوو نابێت. دیسانەوە، ئەو نموونەی سەرەوە باشترین بەڵگەی قسەکانمانە.

کەواتە، نە دامەزراوە سیاسییەکان، نە دامەزراوەکانی حکومڕانی ئەو توانا و رۆڵەیان هەبووە کە پرۆسەیەکی سیاسی تەندروست بخوڵقێنن، سەرباری هەموو ئەو پشتیوانە نێودەوڵەتییەی کە هەبووە. ئەو ئەزموونە سیاسییە تاڵەیکە گروپە سیاسییە عێراقییەکان پێش لە ٢٠٠٣ لەگەڵ رژێمی رابردوودا هەیان بووە ئەزموونی "برین"برینی جەستە و رۆح بووە، ئەزموونی شکستی کەسایەتی و قوربانیدان بووە و کاریگەری لە خوڵقاندنی دونیابینینێکی سیاسی تەواو جیاواز نەبووە، ئەگەر ئیدعاشی بۆ کرابێت. رەنگە ئەوەی کە بە هۆکارێک لە هۆکارەکانی ئەم گرفتە گەورەیە بژمێردرێت ئەوەیە زۆربەی زۆری سەرکردە سیاسییەکان، ئەگەر نەڵیین هەموویان، تەجروبەی حوکمڕانییان نەبووە تا قەدری حکومڕانی بزانن. هەموو تەمەنیان پلانێکی حوکمڕانی سادەیان نەنووسیوەتەوە، یان لە زانکۆیەکدا پلان و پرۆگرامیان نەخوێندووە، بەمانایەکی دیکە سەرچاوەی ئەزموونی سیاسییان، رووداوە سیاسیەکان بووە، نەوەک، لەپاڵ ئەو ئەزموونە، هەوڵێک هەبووبێت بۆ ئاوێزانکردنی ئەزموونەکە بە مەعریفەی سیاسی. بێگومان وەک بەرەی بەرگری سیاسی کەسانی جوامێر و ئازا هەبوون، بەڵام ئەمە بەس نییە، بە شێوەیەکی گشتی،ئەولەویەتی کاریان گروپ گروپێنە و تایفگەری بووە، پەنایان بۆ پاراستنی تاییفەکەی خۆیان بردووە، دوور لە مەعریفەی سیاسی، خۆپاراستنێکی خۆرسکانەیان پەیرەو کردووە، وەک ئەوەیە کە هەست بکەیت لە دارستانێکی ئەنگوستەچاودا، خۆت، بە تەنیا دەژیت و پەلامار دەدرێیت و چرایەکت بۆ رۆشنکردنەوەی دارستانەکە پێ نییە.

بە درێژای ئەو بیست ساڵە، ئەوەندەی کار بۆ پتەوکردنی پێگەی تاییفی کراوە، نیو ئەوەندە کار بۆ پتەوکردنی دامەزراوەکانی حکومڕانی نەکراوە، نموونەیەکی سادە، زۆربەی پارتە سیاسییەکان لە بە‌غدا ئۆفیس و مەکتەبی نوێیان بۆ خۆیان بە گرانتریین بەها بیناکردوە، بەڵام بیناکانی وەزارەتەکان وەک خۆیان کۆن و کەلاوەن، بڕواننە بینای وەزارەتی پلاندانان، تەنانەت بینایەکی نوێبۆ پەرلەمان دروست نەکرا تا قورسایی بە بەهای پەرلەمان بدەن، بێگومان بینای بانگی مەرکەزی جیاوازە! پرسیارێکی سادە، سەرچاوەی دارایی و بودجەی بیناکردنەوەی ئۆفیسی پارتە سیاسییەکان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ خۆ بودجەی ساڵانە نەبووە تاوەکو مینحەی سیاسی پارتە سیاسییەکان تەرخان کرا بێت!

ئەوەی کە کراوە، لەبەر سێبەری ململانێ سیاسییە مێژوویەکانی تاییفەکان و بەرژەوەندی گروپە سیاسییەکان کراوە بۆداڕمانی زیاتری دامەزراوەکان، لە یادمە، لە ساڵی ٢٠١٨، ئەو کاتەی لە بەغداکارم بۆ پرۆژەیەکیUSAID دەکرد، زۆر لە نووسین و بەڵگەکانی نێوحکومەتی عێراق لەپاش ٢٠٠٣، لە ئاستی باڵادا، عورف و مێژووی نووسینی دەوڵەتداری عێراقی پەیرەو نەدەکرد و رەتی دەکردەوە، بەبێ ئەوەی توانای هێنانەکایەی ئەلتەرناتیڤێکی دیکەی لە موخاتەباتی سیاسی وئیداری و دەوڵەتداری تایبەت بە خۆی هەبێت، بە پێچەوانەوە، شێوازی نووسینە فەرمییەکان خەسڵەتی کەلتووری سیاسی وڵاتانی دراوسێی هەڵگرتووە.

پوختەی قسە: بەداخەوە، دەبێت چاوەڕوانی نەوەیەکی دیکەبین کە شارەزا و پسپۆر بێت لەوەی چۆن پرۆسەی هەڵبژاردن بەرێوەدەچێت، توانای هەبێت میکانیزمی سیاسی نوێ بۆ کاندیدکردن هەبێت بۆ ئەوەی لە دەزگاکانی حکومرانیدا بەتوانایەکی پیشەیی سیاسییەوە بەرنامەی سیاسی بخوڵقێنێت. پێوستمان بە ئەکتەری سیاسی نوێ هەیە کە لە ژێر کاریگەری دێوزمەکانی جەنگە ناوخۆییەکاندا بڕیار لەسەر پەیوەندییە سیاسییەکانی ئاییندە نەدات. ئەمەش، بەمەرجێ، ئەکتەرە سیاسییە نوێکان لە مافە جەوهەرییە سیاسییەکان دوور نەکەونەوە. بە کورتی، پێویستمان بە لێبوردەیی سیاسی هەیە، نەوەک هەر لێخوشبوونی سیاسی، بەڵکو لێبوردەیی بۆ سڕینەوەی مێژوویەکی خوێناوی، پێویستمان بە نەوەیەکی دیکە لە کەسانی تەکنۆکرات هەیە کە هەم دەبنە سەرکردەی دەستەجەمعی دامەزراوەکانی حکومرانی و هەم کەس ناتوانیت رەخنە لە شەرعیەتی مەعریفەی سیاسییان بگرێت.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن