709وتار

بەدامەزراوەکردنی گەندەڵی: زەنگێکی مەترسیدار

7/27/2022 2:13:00 PM
لاوک سەلاح



سەرەتای کۆتایی هەر دامەزراوەیەک، کارگێری یان دادوەری یان دارایی یان سەربازی ئەو کاتەیە کە گەندەڵ دەبێت، واتە ئەو کاتەیە کە ئیتر دامەزراوەکە بەرەو پوکانەوە و کرمێ بوون دەڕوات، ئەو کاتەیە کە لە بری ئەوەی یاسا مافەکان بپارێزێت و گرفتەکان یەکلابکاتەوە، یاساکان و رێکارەکان خۆیان دەبنە ئامرازی پیادەکردنی گەندەڵی. ئەو کاتەی گەندەڵی دەبێتە بنەمای گەمێ سیاسییەکانی نێو دامەزراوە، ئەو کات، کۆتایی ئەرکی سەرەکی دامەزراوەکانە، ئەو کات، ساتەمەرگی دامەزراوەیە کە نەوەک هەر دوور دەکەوێتەوە لە ئەرکە سەرەکییەکەی، بەڵکو دامەزراوەکە خۆی بەرجەستەی گەندەڵی دەکات. راشکاوترین نموونەی گەندەڵی دامەزراوە فەرمییە سیاسی و یاسایی و سەربازی و داراییەکانی رژێمی پێشووی عێراقە کە کارئاسانی بۆ هاتنە ناوەوەی هێزی بێگانە کرد و پاساوی یاسایی و سیاسی و تەنانەت ئەخلاقی پێبەخشین بۆ ئەوەی ببنە هێزی فریادرەس.

گەندەڵی دامەزراوە لە گەندەڵی تاکە کەس لە رووی خەسڵەت و سیفەت و رەهەند و کاریگەرییەوە جیاوازە، ئەوەی دووەم بە ئاسانی بە یاسایەکی دادپەروەرانە چارەسەر دەکرێت، لەم دۆخەدا، ئەوە دامەزراوە و کۆی سیستمەکە نییە کە کرمێ بووە، بەڵکو رەفتاری کەسەکانە لە نێو دامەزراوەکەدا کە پێشێلی بنەما سەرەکییەکانی دامەزراوە دەکات، بەڵام ئەو کاتەی کە دامەزراوە رێکار و میکانیزمی راشکاوی نییە بۆ ئیدارەدانی ئەو جۆرە لە گەندەڵی، وەک پەتا وردە وردە گەندەڵی هەموو سوچ و پەنایەکی دامەزراوەکە دەگرێتەوە و دواجار هیچ جۆرە متمانەیەک نامێنێتەوە و هەرەس دەهێنێت.

بۆ ئەوەی بزانین لە کوێی دامەزراوەدا گەندەڵی هەیە، پێویست دەکات دەستبەجێ و راستەخۆ لێکۆڵینەوە لە دوو دامەزراوەی سەرەکییەوە بکرێت، یەکەمیان دامەزراوە داراییەکان و دووەمیان دامەزراوە یاسایی و دادوەرییەکان. چارەسەر و ریفۆرمی دامەزراوانە هەمیشە لەم دوو سێکتەرانەوە دەست پێدەکات. لە رووی تیۆرییەوە، ئەمە چارەسەرێکی ستاندەردە، بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو ناوچەیەک و دەوڵەتێک و حکومرانییەک گونجاو بێت، بۆ نموونە، لە عێراقدا، ناچارییە، دەبێت لە پارتی سیاسییەوە دەست پێبکرێت، لەبەرئەوەی پارتی سیاسی دەستەڵاتی رەهای هەیە، ئەوە حکومەت نییە کە بڕیاردەری سیاسییە، بەڵکو پارتی سیاسییە. حکومەت دامەزراوەیەکی لاوازە. هەر بۆیە، کە لە عێراقدا بیر لە گەندەڵی دەکرێتەوە، دەبێت بیر لەو دامەزراوە خۆرسکانەوە بکرێتەوە کە بەرهەمی بیرکردنەوە و رێکخستنەوەی کۆمەڵگە خۆیین، بزانە بەر لە دامەزراوەی حکومەت چ جۆرە دامەزراوەیەک هەیە کە پێویستی بە چاکردن و ریفۆرم هەیە، تەماشایەکی هەیکەل و دامەزراوە ئایینییەکان یان خێڵ بکەن، لە نەبوونی سەروەری یاسا و دەوڵەت، ئەمان بە رۆڵی دەوڵەت هەڵدەستن. بەداخەوە، لێکۆڵینەوە سۆسیۆلۆجییەکانی ئەم بوارە هێشتا ئەو رەهەندەیان وەک پێویست دەرنەخستووە، یان شۆرنەبۆتەوە بۆ ناو جومگەکانی کۆمەڵگە و مەنهەجەکانی خوێندن و بۆ ناو کەشی کارکردنی گشتی و مەودا سیاسییەکانی پارتە سیاسییەکانیان تێنەپەراندوە.

ئەم پێشەکییە کورتەی سەرەوە دەروازەیەکە بۆ تیشک خستنە سەر گرنگی دامەزراوە لە پاراستنی خۆی لە گەندەڵی، زەنگێکی مەترسیدارە سەبارەت بە کاریگەرییە دوابەدواکانی گەندەڵی لەسەر دامەزراوە و دواتر سەرتاپا کۆمەڵگە، کاریگەرییەکان لەسەر پارتی سیاسی یاخود وەزارەتی ناو حکومەت. بۆ فەراهەمکردنی ئەم ئەرکەش، ئەم پێشنیار و بەرنامە پوختەی خوارەوە دەخەینە روو، بەهیوای ئەوەی ببنە هەوێنی بیرۆکە و پرۆژەی فراوانتر و لە ئاییندەدا جێبەجێ بکرێن:

1.هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە بەرەنگاری گەندەڵی یان قەڵاچۆکردنی گەندەڵی بوونەتەوە، لە پاش ئەوەی هەستیان کردووە کە ئەو دامەزراوانەی هەن لاوازن و کۆنن و ناتوانن ئەو ئەرکە ئەنجام بدەن، دەزگای تایبەتی سەربەخۆیان دامەزراندوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و رێگری لە گەندەڵی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی، تەنانەت ئەو دەوڵەتانە بۆ ئەوەی پابەندی رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانبن ناچاربوون ئەو دەزگایانە دامەزرێنن کە ئەو پابەندییە بەرجەستە بکات. ئەم رێکارە، لە پانتاییەکی فراوانتردا، بەشێک بووە لە پرۆسەی پیادەکردن و سەپاندنی یاسا، بۆ نموونە، ئەگەر دەوڵەتێک رێکاری دارایی شەفاف و راشکاوی نەبێت، ئەستم دەبێت بانکی نێودەوڵەتی قەرزی درێژخایەنی پێبدا بۆ پرۆژەکانی گەشەسەندن، مەرجەکانی ئەو جۆرە قەرزانە قورسن و ئاستێکی بەرز لە تێگەیشتنی سیاسی و رەفتاری حکومرانی و دەوڵەتسازی دەخوازێت.

2.ئەو دەزگایانە فرە لقی زانیاری و ئەرکی ئالۆز و پرۆژەی فیکری و سیاسییان هەیە کە لێکۆڵینەوە و چاودێری و هەماهەنگی و دارشتنی سیاسەت لە خۆ دەگرێت و تەنانەت کاریگەری رێکارەکانی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لە خۆ دەگرێت. من لێرەوە پێشنیار دەکەم کە کار و ئەرکی دەستەی دەستپاکی فراوان بکرێت و لە پاڵ ئەم دەستەیەشدا دەزگایەکی سەربەخۆ هەبێت ئەو ئەرکانە بگرێتە خۆ کە دەستەی دەستپاکی بۆ هەر هۆکارێک ناتوانێت کاری لەسەر بکات. رەنگە ئەم بیرۆکەیە لەگەڵ دامەزراندی حکومەتی نوێدا لە پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردن کاتێکی گونجاو بێت ببێتە یەکێک لەو بەرنامانەی کە پارتێکی سیاسی داوای بکات.


3.کرۆکی کاری ئەم دەزگایانە دەبێت رێگری بێت لە روودانی گەندەڵی لە نێو دەستەڵاتدا، بە واتایەکی دیکە کار لەسەر ئەو بوارانە بکات کە ئەگەری گەورەیە گەندەڵی تێدا بکرێت، بۆ نموونە، کار لەسەر کۆنترۆلکردنی دارایی دەوڵەت بکات، یاخود کار لەسەر کڕینی شتومەک بکات، یان چاودێری پیشەسازی و وزە بکات، یان دڵنیا بێت لەوەی کە خزمەتگوزاری وەک پێویست بۆ هاوڵاتیان پێشکەش دەکرێن.

4.کارێکی دیکەی ئەم دەزگایانە بڵاوکردنەوەی وشیاری و هۆشمەندییە و رێکخستنی هەڵمەتی وشیارییە بەهەماهەنگی زانکۆکاکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە دادوەرییەکان و دادگاکان و کەسە ناسراوەکانی نێو کۆمەڵگە.


5.لە پاش رووخاندنی رژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣، زۆرێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاریان لەسەر پرسی گەندەڵی کرد، بودجە و پارەیەکی زۆر خەرجکرا و هیچی وای لێ سەوز نەبوو، یەکەمیان لەبەرئەوەی زۆربەی رێکخراوەکان هەرچەندە پارەی خۆیان تەرخان کرد بوو بۆ ئەم مەسەلەیە بەڵام رۆنەدەچوونە نێو کێشە ئالۆزەکان بە پاساوی پاراستنی سەروەری وڵات، ئەوان دەزگا نیشتمانیەکانیان دروست نەکرد، کاری ئەوان نەبوو، بەڵکو خزمەتگوزاریی و ئەزموونی تەکنیکی خۆیان پێشەکەش کرد و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا پرۆژەکەیان لە نیوەی رێگا بەجێ هێشت لە بەرئەوەی "پابەندوون بە بەرنامەی سیاسییەوە" نەوەک "پابەندبن بە پرۆگرامی گەشەسەندنی سیاسییەوە"، لە راستیدا، ئێستا کاتێکی گونجاوە کە ئەو توانا پیشەییانە کۆبکرێنەوە و بەرنامەیەکی سیاسی و دارایی و یاسایی پیشەییان بۆ دارێژرێت تاوەکو پێکەوە ئەو دامەزراوانە بەشێوازێکی سەربەخۆ دامەزرێنرێن. ئەگەر حکومەت لە ئاییندەدا بتوانیت هەندێ لە داینامیکی هێزی ناو پارتە سیاسییەکان بگوازێتەوە بۆ ناو حکومەت و دەرەوەی پارتی سیاسی، ئەم پرۆژەیە لە مەحاڵ دەردەچێت و دەبێتە واقیع حاڵ. بۆ نموونە، حکومەت خۆی دەبێت سەرپشک بێت و خاوەن بڕیار بێت بۆ وەرگرتنی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو نەوەک ئەو کەسانەی کە لە پارتی سیاسیدا ئەزموونی حکومرانیان نییە و توانای لێکۆڵێنەوەیان لەسەر مەنهەجەکانی کارکردن و بیانکردنی حکومەت و دەوڵەتسازی نییە، بەمانایەکی دیکە بۆ ئەوەی حکومەت لۆمە نەکرێت و رەخنەی ناڕەوای لێنەگیرێت دەبێت خۆی تیمەکانی خۆی هەڵبژێرێت، یان لانی کەم ئەو پۆڵینانە بەکاربهێنێت کە لە شکستی خۆی دەپارێزێت.

6.وردکردنەوەی ئەم پلانە و تەرجەمکردنی بۆ واقیع لای ئێمە، وەک چەندان جار لە بۆنەی جیاوازدا ئاماژەمان پێداوە، بەر بەردی ئەلحەد دەکەوێت، کە ئەوێش دابەش بوونی هەرێمە بۆ زۆنی سیاسی جیاواز کە بەرجەستەی بەرژەوەندی سیاسی جیاوازە. دەکرێت ئەگەر درککردنێکی حکومرانیانە بەو زەنگە مەترسییدارە هەبێت جۆرێک لە فۆرمی سیاسی دیفاکتۆ بێتە ئاراوە، وەک چارەسەرێکی عەمەلیانەیە، بە هیوای ئەوەی لە وێستگەیەکی سیاسی ئاییندەدا ئیرادەیەکی سیاسی گشتگیر دێتە کایەوە.

پوختەی قسە: هەروەک چۆن گرنگە کە کۆمپانیا و دامەزراوەی پیشەییمان هەبێت بۆ کەرتی وزە، سەرباری بازرگانی و پیشەسازی، پێویستمان بەو دەزگایە سەربەخۆیانە هەیە کەوەک لایەنی سێهەمی دەرەوەی حکومەت و پارتی سیاسی چاودێری رەوت و گەشەسەندی ئەو دامەزراوانە بکات، ئامانجی ستراتیژی ئەو دامەزراوانە دەبێت پاراستن و پشتیوانی کاری ئاسایی و یاسایی و گەشەسەندنی ئاسایی کەرتە گرنگەکان وەک وزەبن. بێگومان، نەبنە پۆلیس بەسەریانەوە، بەڵکو ئەرکیان چاودێریکردن و پشتوانی بێت، لە ئیستادا ململانێیەکی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی سەخت لەسەر ئەم کەرتە هەیە و ئەمە لە کارە پێشنییەکانە کە هەم شەفافیەت دێنێتە کایەوە و نییەتی پاکی حکومەت دەردەخات لە دامەزراندنی کۆڵەکەیەکی پتەو و تەندروست بۆ کەرتی وزە و هەم دەستتێوەردانی پارتی سیاسی لەو بوارەدا کەم دەکاتەوە، بەڵام رێ لە بوونی نوێنەریان ناگرێت ئەمەش لەسەر ئەو بنەما ستاندەردانەی کە دامەزراوەکان لەسەریان دامەزراوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن