164وتار

چرپەیەک بۆ یادی کۆچی کاک نەوشیروان مستەفا

5/18/2023 7:39:00 PM
لاوک سەلاح

سبەی، 19/5 شەش ساڵ بەسەر کۆچی کاک نەوشیروان مستەفادا تێدەپەرێت. پیاوێک لە ناوجەرگەی بڕیاری سیاسی لە مێژووی هاوچەرخماندا. چی بکرابایە؟ چی لە ئاییندەدا بکرێت؟ - با یادەکان بکرێنە بۆنە بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی، دوور کەوتنەوە لە نمایشی سیاسی، بەوە عورفێکی سیاسی جوانتر و بەهاتر دێتە ئاراوە و وەفای سیاسی دەبێتە ئەرک بۆ خزمەتی گشتی، - با یادەکان ببنە رۆژی سیمینار و گفتوگۆ بۆ پێداچوونەوە و رەخنە و هەڵسەنگاندن، دوور لە تۆمەت بەخشینەوە، نزیک لە چارەسەر. - با ئەو پرۆژانەی کاری لەسەر کردوون، لە هەموو سەکتەرەکاندا، کاری تەواوکەری لەسەر بکرێت، ژیان بەردەوامەوە و ئەو بناغەیە با زیاتر بینا بکرێت. - با میراتی سیاسی لە “پرۆژەی ئیسلاح”ئیزافەی بۆ بکرێت و بە زیندوێتی بهێڵرێتەوە، ئەم زاراوەیە زەمینەی سیاسی و توانای سیاسی و پیشەیی دەخوازێت. - با لیژنەیەکی سپۆنسەر هەبێت، پسپۆر بێت ، میراتی سیاسی لە پەرتەوازەیی و لێکدانەوەی چەوت و لە مەرامی تایبەت بپارێزێت. - با ئەو دیدەی کە بۆ حکومڕانی هەیبوو لە فۆبیا پاکژ و بێگەرد بکرێت. گرنگە تێڕوانینە سیاسییەکان لە رەوتی خۆیاندا بخوێنرێنەوە. - با پرۆژەی یادەوەری واتە زاکیرە بە ئاییندەوە ببەسترێتەوە تاوەکو کاڵ نەبێتەوە و لە مۆزەخانەی رابردوودا تۆز لەسەری نەنیشێت. - با یادەکان یارمەتیمان بدات کۆدەنگی سیاسی دروست بکات. هەتیووی سیاسیی، قەوارەی سیاسیی دروست ناکات. - با لە یادەکاندا پرۆژەی گشتی هەبێت تاوەکو بەرجەستەی ناوەرۆک و پەیامی سیاسی گشتی بکات، دەنگدەر کاری بەرجەستەکراوی دەوێت. - با بابەتییانە مامەڵە لەگەڵ یادەکان و رووداوە سیاسییەکان بکەین، لەسەر حسابی کەس نەبێت، ئەوە داوایەکی دیموکراسیانەیە، دڵنیام خۆشیان ئەوەیان دەویست. رۆحیان شاد و ئارام بێت

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن