108وتار

پارتی سیاسی: بونیاد و رەفتار

1/25/2025 9:15:00 PM
لاوک سەلاح

ئایا ئەوەی ئەمرۆ لە کایەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا باڵادەستە، دەتوانین بڵێن، ئەکتەرێکی سەرەکییە بەناوی پارتی سیاسی، پارتی سیاسی بە پێوەر و عورفی باو لە هەموو دونیادا. ئایا ئێمە شتێکمان بە ناوی پارتی سیاسییەوە هەیە، ئەگەر هەمانە خەسڵەتی چییە؟ ئەگەر نیمانە بۆ؟ دواتر چۆن هەمان بێت! با فراوانتر پرسیار بکەین گردبوونەوەی چەند ئەندامێکی کۆمەڵگە لە رووی سیاسی و یاساییەوە مانا و بونیادی پارتی سیاسی پێدەبەخشرێت؟  ئایا ئەو گروپانە دەتوانن تیۆرێکی سیاسی بۆ کاری سیاسی خۆیان بێننەکایەوە تاوەکو لە کایەی سیاسییدا بمێننەوە، ئایا پارە و چەک هەتاهەتایە یارمەتی مانەوەی پارتی سیاسی دەدات؟ ئایا دەتوانن مێژوویەک بۆ بەهای سیاسی خۆیان بەرجەستە بکەن؟ بێگومان بەرجەستەکردنی بەهای سیاسی مێژوویەکی درێژ دەخوازێت، ئایا دەتوانن لە مەودایەکی کورتدا فەلسەفەیەکی سیاسی و خیتابێکی سیاسی بێنە ئاراوە؟ ئایا دەتوانن نوخبەی سیاسی لە خۆیان کۆبکەنەوە بۆ ئەوەی لە گروپی سیاسییەوە ببنە پارتی سیاسی؟ ئایا بڕوایان بەشداری سیاسی هەیە لە پرۆسەی سیاسیدا بۆ ئەوەی شوێن پەنجەیان هەبێت و پەیوەندی لەگەڵ دەنگدەری سیاسیدا بە شێوازێکی نوێ دامەزرێننەوە؟
ئەوەی کە لە ئێستادا لە نێو هاوڵاتیاندا باوە، چوونە نێو حکومەت هەڵەیە و حکومەت شوێنی خزمەت نییە، ئەوە سەنگەری ئۆپۆسیزیۆنە کە خزمەتی دەنگدەر دەکات! لە کاتێکدا لە هەموو دونیادا ئەگەر پارتی سیاسی بخوازێت بەشێک بێت لە راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی، ئەگەر هەڵە هەبێت، ئەوا دەبێت لە حکومەتدا بێت. پارتی سیاسی لە حکومەتدا ئەزموونی زیاد دەبێت و بەهێزتر دەبێت، لای ئێمە بەمەبەست لاواز دەکرێت و فەرامۆش دەکرێت! ئەمەش قسە زۆر هەڵدەگرێت، بۆ بۆنەیەکی دیکە.
بێگومان گروپی سیاسی ئازادە لە بڕیاری خۆیدا، بەڵام تاسەر متمانەی دەنگدەری بەردەوامی نابێت ئەگەر نەتوانێت گۆرانکاری لە بونیاد و رەفتاری خۆیدا بۆ دوورمەودا نەکات و  ئەگەر نەتوانێت سیستمێکی سیاسی لە چاودێری سیاسی وەک میکانیزمەکانی پەرەسەندن لە خۆیدا دانەمەزرێنێت بۆ دامەزراندنی پرۆسەی گواستنەوە لە چەمکی "پاڵەوانی سەرکردە"وە بۆ کاری یەک تیم و دەستەجەمعی. 
لە سەردەمی بەرگری و پێشمەرگایەتییەوە تا ئێستا کە سەردەمی خودموختاری و نیمچە سەربەخۆیی و فیدراڵییەتە، گردبوونەوەی گروپە سیاسییەکان بە کوێ گەیشتووە؟ چی بەسەر هاتووە؟ چۆن دەستنیشانی ئەو جووڵە مێژووییە بکەین؟ بە چ مەنهەجێک سەنگەرە سیاسییەکان بخۆێنینەوە؟ لەسەر چ بنەمایەک و بەرامبەر بەچی بیپێوین؟ بۆ ئەم کارە بکەین؟ بۆ ئەوەی وەک کەسێکی پڕ پیشە لە پێداویستییەکانی ئەم کارە  و کایەی سیاسی تێبگەین و ئەو سیفەی پیێ دەوتڕێت "سیاسەتمەدار" کە لە هەموو دونیادا هەیە، بەرجەستە بکەین. هەر بۆیە، بۆ ئەوەی لە چەقبەستووی کەلتووری سیاسی باودا نەمێنینەوە، پێوستمان بەوەیە تێگەیشتنەکان سەبارەت بە بونیاد و رەفتاری سیاسی فراوان بکەین و ئەو کەلتوورە بە ئەزموونی سیاسی نوێ دەمەزەرد بکەینەوە. 
ئایا دەکرێت لەم دۆخە نائومێدە سیاسییە باوەدا، لەم ئیفلیجییە پڕ مەبەستەدا، فۆرمێکی دیکە لە رەفتاری سیاسی بێنینە کایەوە کە متمانە بە سیاسەت بە گشتی و کاری سیاسی، بە تایبەتی، لە پەیوەندیدا بە هاوڵاتییوە، بێنینە دێ؟ مەبەستی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەو پەیوەندییە خۆپاراستنە لە روودانی بۆشایی سیاسی لە پانتایی سیاسیدا و لەت لەتبوونی شیرازەی کۆمەڵایەتییە،  گرنگە  کار بۆ سەروەی یاسا و پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی بکرێت، نەوەک روخاندنی بۆ مەبەست و ئەجێندای سیاسی، کە من هەمیشە جەخت دەکەمەوە لەوەی ئەم پرسە سێبەری هەرەشەیەکی بەردەوامە لەسەر بوونمان، بەتایبەتی ئەگەر رەفتاری سیاسی بۆ بونیادنانەوەی پارتی سیاسی گۆڕانکاری ئەرێنی بەسەردا نەیەت و ئەگەر بە وریای و هۆشمەندی سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی سیاسیدا نەکەین و هەوڵ بۆ دامەزراندنی کۆڵەکە سەرەکییەکانی ژیانی سیاسی، بۆ نموونە، گەڕاندنەوەی کاری پەرلەمان و تەنانەت دارشتنی ئاراستەی گونجاوی نێو ژیانی سیاسی پەرلەمان و بوارەکانی دیکە وەک نەتەوەیەک نەدەین کە پێوستی بەوەیە لەسەر زەوی وەک نەتەوەکانی دیکە بە ئاشتی و لێبوردەی لەگەڵ خۆی و دەرەوەی خۆیدا بژێت و ئەو پرۆسە گەشەسەندنە سیاسییە دامەزرێنێت کە بۆ دەوڵەمەندکردنی ژیانی سیاسی پێویستە. بەکورتی، دامەزراندنەوەی ژیانی سیاسی بە هێنانەکایەی گۆرانکاری لە بونیاد و رەفتاری سیاسیدا، زیندووکردنەوەی هەستێکی گشتییە بە بوون و بە "کەینونە"، بەوەی کە هەین و ژیان وەک پێویست بەردەوامی هەیە و کۆمەڵگە بە ئاسایی گەشەی خۆی دەکات.
 لە کتێبی "دەربارەی دامەزراوە و ریفۆرم"دا کە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاوم کردەوە، باس لەو گەڕانە سیاسییە پێویستە دەکەم بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ژیانی سیاسیمان پێناسە بکەینەوە، ئەگەر ئەو پەیامە وەک ئەرکی سەرەکی لە ئارادا نەبێت، کارێکی سەخت دەبێت لەم گێژاوەی کە لە ئێستادا دەگوزەرێت قووتار بین. لە کتێبەکەدا بانگەشە بۆ پێداچوونەوە بە بونیاد و رەفتاری نێو پارتی سیاسی دەکەم، لە ئێستادا، بەداخەوە، گرفتەکە هەر ئەوەندە نییە کە هاوڵاتی فۆبیای لە پارتی سیاسی هەیە بەڵکو، لە بری ئەوەی هاوڵاتی بە پارتی سیاسی وەک ئامرازێک بۆ رێکخستنی کۆمەڵگە ئاشنابکەینەوە و خڕبوونەوە و پابەند بوون بە بەرنامەی سیاسی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتی بدەین، لە ئێستا هاتووین پارتی سیاسی لە خۆماندا بەرجەستە دەکەین، خۆمان پاڵەوانی نێو کایەی سیاسیین، لە کاتێکدا لە هەموو دونیادا ئەوە کۆمەڵگەیە کە لە رێگەی بەرنامەیەکی سیاسی دیاریکراودا بۆ کاتێکی دیاریکراو دەبێتە پاڵەوان، رەنگە وێنەی پاڵەوان بۆ نێو ئەدەب و ژەندەرەکانی گونجاو و شیاو بێت بەڵام لە کاری سیاسیدا ئەوە بەرنامەی سیاسییە کە نوێنەرایەتی و رەنگدانەوەی پێداویستی کۆمەڵگەیە، واتە کۆمەڵگە خۆی پاڵەوانە دەستەجەمعیەکەیە. 
کار گەیشتۆتە ئاستێک، بۆ نموونە، ئەو کەسانەی دێنە حکومەتەوە کار بۆ پاڵەوانەکانی نێو سیاسەت دەکەن، نەوەک راپەراندنی بەرنامەی سیاسی. ئەم دیاردەیە بۆ نێو کاری پەرلەمانیش ئاشکراترە، لە هەموو دونیادا ئەوە پارتی سیاسییە دێتە نێو پەرلەمان بۆ ئەوەی لۆبی بۆ چاکردنی یاساکان، بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگە، بکات، بە پێشکەشکردنی پرۆگرامی سیاسی، بەداخەوە لای ئێمە، بۆتە دیاردەی سیاسی،  سەرنج بدەنە پەرلەمانتارەکان، بەگشتی، نوێنەرایەتی پاڵەوانەکانی نێو سیاسەت دەکەن. کاری لەم جۆرە، لە دوور مەودادا، کەلێنی نێوان هاوڵاتی و ژیانی سیاسی فراونتر دەکات و خەڵک ئەوەندەی دیکە متمانەی بە سیاسەت، بەگشتی، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، نامێنێت و هاوڵاتی بە تۆبزی بۆ هەڵبژاردن راپێچ دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئینتما و متمانەیان بە پرۆسەی سیاسی نامێنێت.   
 با خاڵێکی گرنگ جێگیر بکەین، لە پاش راپەرین و تا ئەم ساتە هەڵمەتێکی فراوان هەیە دژی بونیادی پارتی سیاسی بەو فۆرمەی کە لە مێژوودا ئێمە هەمان بووە و لە ئارادایە، ئەمەش وەک کاردانەوە بۆ رەتکردنەوەی فۆرمی پارتێکی سیاسی ستەمکاری وەک حزبی بەعس لە بونیاد و رەفتاردا، کە بەتەواوی هەست و ئیرادەی بۆ کاری دەستەجەمعی هەر لە کاری خۆبەخشییەوە بۆ کاری گشتی، نەوەک هەر سڕییەوە، بەڵکو بەهای سیاسی و نیشتمانپەروەری بەتەواوی تواندەوە. 
لە پاش راپەرین، هەندێک لە رۆشنبیرانی سیاسی ئێمە کاریان، لەبەر ترسی دووباربوونەوەی پرۆژەی بەعس، لەسەر دژایەتی بونیادی پارتی سیاسی دەکردەوە لە رێگەی لێدان لە بونیادی پارتی سیاسی بەبێ ئەوەی دیدێکی دیکە بۆ دامەزراندنی پێوەرێک بۆ  پارتی سیاسی بێننە ئاراوە، ئەو کارەیان، لەهەمان کاتدا رەتکردنەوەی فۆرمەکانی ئایدیۆلۆجیا بوو.
کۆمەڵگە هەمیشە پێویستی بە پارتی سیاسییە تاوەکو ئەندامانی کۆمەڵگە لەسەر دەستورێک بۆ ئیدارەدانی کۆمەلگە خڕبکاتەوە. داواکاری بۆ ئەم جۆرە لە دیدی سیاسی گەشەسەندوو، لەو کاتەدا ئاسان نەبوو، کۆمەڵگەیەک بەردەوام لە جەنگدا بێت توانای بۆ مانەوە تەرخان دەکات، نەوەک بۆ گەشەندنی سیاسی و دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەکان؛ لە نێوان جەنگ و ئاشتیدا پشوویەک و هەناسەیەک بە ئامانجی هەڵسەنگاندن و خۆناسینەوە گرنگ و پێویستە.
بەداخەوە ئەم پرۆسەیە؛ ئاوڕدانەوە لە بونیاد و رەفتاری سیاسی لە ژیانی سیاسی ئێمەدا ونە، راستە ئێستا دیاردەیەکی سیاسی هەیە چەندان ناوەندی ستراتیژی دامەزراوە، بەڵام توانای دارایی و سیاسی و ئەکادیمیان سنووردارە کاریگەرییان لەسەر ناوەندی سیاسی و بڕیاردەری سیاسی لاوازە و خۆشیان پێویستیان بە ئەزموونی راڤەکردن و لێکۆڵینەوە و کارکردنی بێ وچان هەیە بۆ بەخشینی خەسڵەتێکی نوێ بە ژیانی سیاسی، دڵنیانیم تاچەند دەتوانن لۆبی بۆ دەستپێشخەرییەکانیان بکەن، هیوادارم سەرکەتووبن.
پوختەی قسە: لە هەموو کاتێک زیاتر پێوستمان بە دامەزراندنی پرۆسەیەک هەیە بۆ پێداچوونەوە بە بونیاد و رەفتاری سیاسیدا، کە دەکرێت پارتە سیاسییە گەورەکان ببنە سەرمەشقی ئەم ئەرکە. پرۆسەی لەم جۆرە دەبێتە بەشێک لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگە بە گشتی و گەڕانەوەی متمانەی سیاسی لەسەر بنەمای بەرنامە و پرۆگرامی سیاسی و رێ دەگرێت لەوەی کە ئەو کەسانەی بەدوای رۆڵی سیاسی گەورەتردا دەگەرێن جیا ببنەوە و لیستی سیاسی دروست بکەن، کە کاریگەریان وەک وتمان لە مەودای ناوەند و دووردا، کاڵ دەبێتەوە. رەنگە جیابوونەوەی ئەو کەسانە، سەرباری بەرژەوەندی دارایی و ئابووری، خەتای مانەوەی بونیادی سیاسی پارتە سیاسییەکان بێت وەک خۆی، هەر بۆیە فراوانکردنی ژێرخانی سیاسی پارتی سیاسی بە پێوەری مۆدێرن، بەڵام بە توانای خۆماڵییەوە، ژیانی سیاسی لە پەرتبوون دەپارێزێت و دواتر، پرۆگرامی سیاسی دیاریکراو بۆ رێخکستنەوەی پەیوەندییەکانی نێو کۆمەڵگە فەراهەم دەکات.
 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن