15وتار

پارتی سیاسی و حکومەت: بەدەستورکردنی پەیوەندییەکە

7/6/2026 4:41:00 PM
لاوک سەلاح


 حکومەت بە بێ پارتی سیاسی ناتوانێت بژێت، پارتی سیاسیش بەبێ حکومەت ناتوانێت بەردەوام بێت، ئەم پەیوەندییە کاسۆلیکییە چۆن رێک دەخرێت؟ ئەم پەیوەندییە تا مردنە و تەنها بە مەرگی یەکێکیان کۆتای دێت، ئەوەش روونادات!

با لە سەرەتاوە ئەو رایە سیاسییە بەیان بکەین، ئێمە، پارتی سیاسی، وەک دامەزراوەیەکی گشتی دەبینین کە کار لەسەر کۆکردنەوەی رای گشتی و دارشتنی بەرنامەیەکی سیاسی گشتی بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتی و رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێو کۆمەڵگە دەکات، دژی نین، ئێمە دژی رەفتار و هەڵسوکەوتی چەوت و ناپەسەندی پارتی سیاسین کە پێشێلی بنەما سیاسییەکان و پەیمانە سەرەکییەکانی خۆی و مانفێستە جەوهەرییەکەی و مێژووی خۆی دەکات و کاری سیاسی وەک خزمەت نابینێت، و توانای نابێت ببێتە نوێنەری هەمیشەی ئاییندەی هاوڵاتی.

لە مێژووی هاوچەرخی کۆمەڵگەی ئێمەدا، پارتی سیاسی دامەزراوەیەکی گشتی تاقانە بووە بۆ پاراستنی شوناسنامەی میللەتێک و بەرگریکردن لە بوونی نەتەوەیەک، ئەم دامەزراوەیە بەهەموو سەرنجەکانی کە هەمانە لەسەری، تەنها دامەزراوەیەک بووە کە گوزارشتی لە ئیرادەی نەتەوەیەک کردووە بۆ بەگژداچوونەوەی ستەمی سیاسی. راستە پێوەرەکانی بە بەراورد بە پارتە سیاسییەکانی ئەوروپا جیاواز بووە و تەنانەت دەتوانین بڵێن دواکەتووە بووە، بەڵام ئەوەی گرنگ بووە ئەوەیە کە توانیوویەتی بەرگری بکات.

 بەڵام ئەم دامەزراوەیە لەگەڵ ئەو قۆناغە سیاسیانەی کە پێیدا تێپەربووە، نە پرژاوەتە سەر ئەوەی خۆی پرۆسەیەکی بەردەوام و هەمیشەیی هەبێت بۆ چاکردنی خۆی. لە ئیستاشدا،  لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە پێداچوونەوە بە پەیکەر و ئەرکەکان لە جاران زیاترە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان بگونجێت. پارتی سیاسی پێویستی بە گۆڕینی روخسارەکان و پلانەکان و ستراتیژییەکان و پەیکەرەکان هەیە. پارتی سیاسی پێویستی بەجۆرێک لە وەبەرهێنانی سیاسی و کەلتووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری نوێ هەیە. لە ئێستادا، هیچ لیژنەیەک یاخود ناوەندێکی سیاسی ناناسم کە سەرقاڵی ئەو ئەرکە بێت، ئەوەی کە لە ئارادایە دەستپێشخەری کەسانێکن لە نێو پارتی سیاسی لەم لا یاخود ئەولا. پرۆژەکە هێشتا سیاسەتی فەرمی پارتی سیاسی نییە.

ئینجا با قسەیەک سەبارەت بە زاراوەی دەستوور بکەین کە بە بێ بوونی ناوەرۆکێکی لۆجیکی سیاسی و یاسایی بەرهەمدار و بە چەندان شێواز بۆ بەرژەوەندی سیاسی و شەخسی جیاواز و بە لێکدانەوەی جیاوازی ناکۆک بەیەکتر بەکار هاتووە و دێت. ئێمە لێرە مەبەستمان لەم زاراوەیە رێکخستنی ژیانی سیاسییە بە یاسایەک کە پەیوەندی نێوان پارتی سیاسی و دامەزراوەی حکومەت دیاری بکات، لەبەرئەوەی هەردووکیان کۆڵەکەیەکی گرنگی ژیانی سیاسین و تەواوکەری یەکترن و لە ڕێی هەردووکیانەوە بەرژوەندییەکانی کۆمەڵگە ئیدارە دەدرێن.

بۆ زانیاری گشتی خوێنەر، لە دونیای دیموکراسییەدا، ئەوە پارتی سیاسییە ئەندامەکانی دەنێرێت بۆ نێو حکومەت و لە لایەکی دیکەوە، ئەوە پرۆگرامی پارتە سیاسییەکە کە دەبێتە هەوێنی پرۆگرامی حکومەت، تەنانەت پارتە سیاسییەکانی نێو ئۆپۆسیزۆنیش تا ئەو کاتەی لە سەنگەری دەرەوەی حکومەتەن ناراستەوخۆ بە حکومەتەوە بەستراون، خۆ ئەگەر حکومەت و پرۆسەی سیاسی نەبێت پارتە سیاسییەکانی ئۆپۆسیزیۆن لە پێناوی چی و کێدا کار دەکەن.

لە یادمە، لە کێشمەکێشی دانوستانە سیاسییە لۆکەڵەکانی پارتە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێشنیاری ئەوەم کرد لە پاڵ لیژنە سیاسییەکان کە دانوستان دەکەن، لیژنەیەکی تەکنیکی بەتوانا هاوشان بەو لێژنەیە پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی هێڵە سیاسییە سەرەکییەکانی دانوستانەکان بکەنە پرۆگرامی سیاسی، بۆ نموونە، ئەوەی وەزارەتی پەروەردە وەردەگرێت دەبێت شارەزای پەیکەر و میلاک و مێژووی وەزارەتەکە بێت بۆ ئەوەی تواناکانی پارتە سیاسییەکە بە پێداویستەکانی وەزارەت بپێوێت و لەسەر ئەو بنەمایە وەرەقەیەکی سیاسی و حکومی بۆ ئیدارەدانی وەزارەت ئامادە بکرێت. نموونەیەکی دیکەشم لە یادە، بەر لە زیاتر لە ١٠ ساڵ پێشنیاری نوسینەوەی ستراتیژیەتێکم بۆ وەزارەتێک کرد بەڵام نە کاریان لەسەر کرد، و نەبووە  هەوێنی پرۆژەی دیکە، ئەوەی جێ سەرسوڕمان بوو ئەو وەزارەتە پرۆگرامی ٢٠ ساڵەی بڵاوکردبۆوە! لە وڵاتانی پاش جەنگ،  دەبێت وردە وردە شتەکان بچنەوە شوێنی خۆیان، دەبێت پرۆگرامەکان سێ بۆ پێنچ ساڵە بێت، دواتر کە وەزارەتەکە پێی نایە دۆخێکەوە کە سەقاگیری سیاسی و ئابووری و دارایی لە ئارادا بێت ئەو کات پلانی دوورمەودا لەسەر بنەمای دەستکەوتەکانی ساڵانی رابردوو ئامادە دەکرێت. ئەوە تێڕوانینی سیاسی و ئەزموونی سیاسییە کە رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ئیدارەدانی وردەکارییە سیاسییەکان.

لە گرفتەکانی ئێمە، لە پاش راپەرینی ساڵی ١٩٩١ و ساڵانی دواتر، هەر وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر تاواناکانی رژێمی بەعس، هەندێ پرۆژەی فیکری جیاواز هاتنە ئاراوە و کەوتنە دژایەتی دامەزراوەی پارتی سیاسی ئیتر ناسیونالیزم یان ئیسلامی یان چەپەکان بوو بێت، بێگومان هەڵەی پارتە سیاسیەکان خۆشیانی تێدا بوو، ئەمە هەڵەیەکی مێژووی بوو، هەڵەی نەبوونی تێگەیشتنی سیاسی دروست لە پەیکەر و مێژووی کۆمەڵگە و رەوتی سیاسی و قۆناغی سیاسی سەردەمەکە، لە بەرئەوەی دواجار ئەوە گردبوونەوەی هاوڵاتییە لە دەوری پارتی سیاسی، کە دەچێتە چوارچێوەیەکی سیاسی و یاسایی، ئا لێرەدا، لەم رەوتەدا، دارشتن و پەیرەوکردنی دەستورێکی سیاسی بۆ نوێنەرایەتکردنی چینەکانی کۆمەڵگە دەبێتە پێویستییەکی بەپەلە و ستراتیژی.

 بەداخەوە، ئەو پرۆژانەی پاش راپەرین، بۆ نموونە، کە کاریان لەسەر پرسێکی وەک تۆتالیتاریەت دەکرد، لە هەگبەیدا، و لە باشترین دۆخدا، خوێندنەوەیەکی تیۆری بوو، خوێندنەوەیەکی موتوربەکراو بە کۆمەڵگەکە خۆی نەبوو، لە ئاستی ئیدانەکەردنی سیستمی سیاسیدا مانەوە، نەوەک نەخشەرێگایەکی سیاسی عەمەلی بۆ ریفۆرم و دۆزینەوەی بەدیل بێت. ئەو پرۆژانە پێیان وابوو ئەوە کاری ئەوان نییە بەدوای ئەلتەرناتیفی سیاسیدا بگەرێن، کاری ئەوان تەنها ئیدانەکردنە، دواجار، پرۆژەکان خۆیان لە سڕینەوەی پارتی سیاسییدا دۆزییەوە و بێ ئاگایانە و بەئاگا، بە ناراستەوخۆ و راستەخۆ، کۆمەڵگەیان فڕدایە سەنگەرێکی دیکە لە فەرهەنگ و کەلتوورێکی سیاسی نامۆ کە هەموو " پرۆژەی سیاسی لێبوردەی و پێکەوەبوون"نیان رەت دەکردەوە. لە راستیدا، دەبوایە هەڵسەنگاندنی سیستمی سیاسی رووخاو، هاوشان بە دارشتنی سیستمێکی عەمەلی بهاتایەتە ئاراوە. هۆکاری نەبوونی ئەمەش ئەو شۆکە سیاسییە بوو کە هەرەسی سیستمە سیاسییەکە خوڵقاندبووی، شۆکێکی سیاسی هەموومانی سەرمەست کرد بوو.

با ئێستا قسەیەک لەسەر دەستورکردنی پەیوەندی نێوان حکومەت و پارتی سیاسی بکەین، حکومەت وەک دامەزراوە و نوێنەری دەستەڵات و دەوڵەت، گەیشتن بەم قۆناغە چەند قۆناغێکی دیکەی پێویستە. راستە، لە عێراق، بۆ نموونە، کاری سیاسی لە حزبی بەعس قەدەغە کرا و زۆرێک لە ئەندامەکانیان سزادران، بەڵام ئەم جۆرە کاردانەوەیە بە مەرگ سپاردنی ئەو پارتە نەبوو کە کارەکانی زۆر لە تاوان زیاتر بوون. پاش ئەم کاردانەوەیە دەبوایە بنەمایەکی دیکە بۆ کاری سیاسی بێتە ئاراوە کە زۆر بە توندی نەهێڵێت تارمایی رەفتارەکانی بەعس بە ژیانی سیاسییەوە وەک دێوزمەیەکی رەش بمێنێتەوە، کەواتە بەدەستورکردنی ئەو پەیوەندییە ترۆپکی پرۆسەی رێکخستنی دامەزراوەی پارتی سیاسی و دامەزراوەی حکومەتە،  لە نێوان مەرگی پارتی سیاسی وەک سزا و رێکخستنەوەی ئەو پەیوەندییە دەبێت پرۆسەی بە یاساکردنی پەیوەندییەکە رووبدات. بەداخەوە کە پەرلەمانێک لە ژیانی سیاسی هەرێمدا سڕابێتەوە و پەرلەمانێک لە عێراق شەرعیەتی کاری نەبێت وەک پێویست، ئەو پرۆسەی بەدەستورکردنە چۆن دێتە دی؟ کە ژیانی سیاسی بە گشتی لە سەرتاپا عێراقدا ئیفلیج بوو بێت، چۆن بڕوانینە پرۆسەی دامەزراوەکردن و رێکخستنەوەی پەیوەندییە یاسایی و سیاسی و حکمڕانییەکان.

ئەوەی لەم هەڵمەتەی دوایی بۆ سەر چەند ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق بەناوی بەگژاچوونەوەی گەندەڵی بەدی دەکرێت ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بۆ ئەو مەبەستە نییە، تاوەکو ئێستا، کە شەرعیەت بۆ کار و ئەرکی پەرلەمانی عێراق بگێرێتەوە. ئەوەی روودەدات هەڵمەتێکی سنووردارە و بە رێکەوتنی سیاسی پارتە سیاسییە سەرەکییەکانە. ئەم هەڵمەتە بەنوقسانی دەمێنێتەوە ئەگەر نەخشەرێگایەک یاخود دەستوورێک نەیەتە ئاراوە ئەو پەیوەندییە یاسایی و سیاسییە رێک بخاتەوە. هەموو هەنگاوێکی سیاسی دروست، لە پشتیەوە فیکرێکی سیاسی دروست هەیە.

پوختەی قسە: پرۆسەی بەدەستورکردنی پەیوەندی نێوان پارتی سیاسی و حکومەت، دەبێت لە خاڵێکەوە دەست پێبکات، هەر دووکیان کۆڵەکەی ژیان و پرۆسەی سیاسیین، کاری پارتە سیاسییەکانە کار لەسەر وەدەستهێنانەوەی متمانەی هاوڵاتی بکەن، راستە پرۆسەکە دوور مەودایە بەڵام پرۆژەیەکی ستراتیجییە، لەبەرئەوەی بەشێکە لە کۆی بیناکردنەوەی کۆمەڵگە، کە بەداخەوە، تا ئێستا لە عێراقدا بوونی نەبووە. ئامانجی ستراتیژی ئەم پرۆسەیە دەبێت ئەوە بێت کە ئیتر پارتی سیاسی وەک رەگەزێکی شەرانگێز نەبینرێت، بەڵکو ببێتە ئەو ئامرازەی کە ئیعدعای بۆ دەکرێت بۆ خزمەت کردن. راستکردنەوەی ئەم پەیوەندییە، لە هەمان کاتدا، بەشێکە لە راستکردنەوەی مێژووی پارتی سیاسی لەم وڵاتەدا. لاتان سەیر نەبیت، تەنانەت لە پەیوەندی هاوڕێیەتی ئاسایی دوو برادەر و لە نێو ئەندامانی پارتێکی سیاسیدا، دەستوور، وەک بەڵگەنامەی رەفتاری ستاندەرد کە بەرجەستەی بنەماکانی مافی مرۆڤە ئێجگار پێویستە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن