763وتار

ڕاپەرین وەچەرخان بوو.. ئەی دوای ڕاپەرین چی ڕوویدا؟

3/4/2021 12:30:00 PM
سیروان حەمەڕەشید


هیچ  کوردێک شک نابەین نکۆڵی لەشکۆمەندی و گەورەیی ڕاپەرینی ئازاری (1991)باشووری کوردستان بکات، بەڵام گەر  بەمیتۆدی زانستی هەمەلایەن  توێژینەوە لەسەر دۆخ و ئاستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دوای ڕاپەرین بکرێت، دەتوانین زۆر به ئاسانی و سەرپێی ئاکام و دەرهاویشتەکانی پڕۆسەی سیاسی وحوکمڕانیمان دەستبکەوێت.

لەو ماوە زەمەنییەدا بەشێوەیەک کەمترین و سەرەتاترین گۆڕانی سیاسی و ئابووری  تێدا ڕوویداوە،  بەڕادەیەک ئەنجامەکەی بۆ دەسەڵات و هێزە سیاسیەکان بەتایبەتی (کابینەکانی حکومەت) ئەوپەڕی جێگەی شەرم و لەنگییە..

 بابزانین بۆچی و لەبەرچی دوای ( 30) ساڵ لە ڕاپەڕین ئەزموون و پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی  بەم ئاستە زۆر خراپ ونابووتەی ئێستا گەیشتووە؟

 یاخود  بڵێین ڕاپەرین بۆ ڕووخان و نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتوری  و  بەئاراستەی هەنگاونان بەرەو  ئازادی و سیستمی دیموکراسی و دابینکردنی ژیانێکی کەرامەتدارانەی هاوڵاتییانی  بوو؟

 بەداخەوە ئاڕاستەکە بەپێچەوانەوە بوو لەپێناو سەپاندنی جاریکی تری کەڵکەڵەی دەسەڵاتگەری  و سەرهەڵدانی بەچکە دیکتاتۆری و ستەمگەری دیکە بوو؟

هەڵبەتە  لێرەدا بۆ سەلماندنی ئەو  پرسیارانە قەناعەت و بۆچوونی خۆمان لەسەر ئەنجامگیری دوای ڕاپەڕین دەخەینە ڕوو:

یەکەم: هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پەیڕەوکردنی سیاسەت و ئیدارەدانی ناوخۆ  پرۆسەی دیموکراتیزەکردن و هەڵبژاردن و  دەستەبەری حوکمڕانی  ڕەشید و بونیادنانی بنەماکانی دەوڵەتدار هێشتا لەخاڵی سەفردایە و نەیانیتوانیوە سەرەتاترین هەنگاو بنێت و هەڕێمێکی پڕ لەقەیران و تەنگەژەی هەیه، بەجۆرێکی وەها هاوڵاتییانی هەرێم   بەقوڵی هیواـ بڕاو و نیگەران و بێزاربن و دامەزراوە باڵاکانی سیستمی سیاسی کوردستان وەکو( پەرلەمان و حکومەت و دادوەری) هیچ ڕۆڵ و ئەرزشکێیان نییە لە  زامنکردنی ئازادی و بەرەوپێشچوونی بنەماکانی دیموکراسی و دامەزراندنی لانی کەمی پاڕادایمی نوێی حکومەتی هاوڵاتیبوون نەبوو بێت، ڕۆژانە  دەبینین و دەبیستین ڕۆژنامەنوس و نوسەر و پەرلەمانتار و چالاکەوانی کۆمەڵی مەدەنی ئەوپەڕی سوکایەتییان پێدەکرێت و  پانتای ئازادی ڕادەبڕین و چالاکییە مەدەنییەکانیان بەرتەسک دەکرێتەوە، یان ڕاپێچی زیندانەکان دەکرێن ..

دووەم: دۆخی ئابووری و دارایی هەرێم لەنزمترین ئاستدایە بەڕادەیک حکومەتی توشی گەورەترین قەرزی ناوەکی ودەرەکی کردۆتەوە، هیشتا سەرەڕای ئەوەش بۆ ماوەی( 4) ساڵە فەرمانبەران موچەکەنیان پاشکەوت دەکرێت و لەیەک ساڵدا چوار بۆ پێنچ مانگ نیوە مووچە وەردەگرن و لەلایەن حزب و ئەشخاسی سیاسیەوە بازار داگیرکراوە و سەروەت و سامان و  سەر و ژێر زەوی هەرێم تاڵان دەکرێت... هتد.

سێیەم: لەسەر ئاستی  کۆمەڵایەتیش  بێکاری و هەژاری و کێشەی جۆراجۆری خێزانەکان و ڕاکردنی گەنجان بەرەو غوربەت و تەشەنەساندنی دیاردەی سواڵکردنی و دزی و لەشفرۆشی و بەکارهێنەرانی ماددەی قەدەغەکراوی بەشێوەیەکی مەترسیدار لەزیادبووندایە..

چوارەم: لەبوار و شێوازی بەرێوەبردن و کارگێریدا  دیاردەی   بیرۆکراسی و ڕۆتینات و مەحسبوییەت بەشێوەیەکی بەرچاو و بەرفراوان بوونی هەیە و بەئاستێک ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر کاروباری خەڵک و  چاکەی گشتی دروستکردووە.

لەسەر ئاستی پەیوەندییە دەرەکییەکاندا هۆکاری گەلی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی بێ ستراتیژ و بێ پلان و نەبوونی جیهانبینی  نەیتوانیوە پەیوەندییەکانی لەسەر ئاستی دامەزراوەیی نیشتیمانی و  بەرژەوەندی باڵا ڕێکبخاتەوە، ئەمەش وایکردوە هەرێم  پێگەیەکی کاریگەر   لەئاست گۆڕانکاریی و هاوکێشە و ململانێ هەرێم و نێودەوڵەتی و تەنانەت بەرامبەر بەغدادش لاواز و کەم بایەخ دەربکەێت. کەواتە دەتوانین بێ دوو دڵی ئەوە بڵێین ڕاپەرین تەنها وەک مەدلول و مەغزا ڕاپەرین وەچەرخان بوو.. ئەگینا دوای ڕاپەرین  خەڵک و خاکی نیشتیمان زەلیل و ئەتککراوە و هیچ جۆرە ئینجازێکی گەورە و کاریگەری نەتەوەیی دروست نەبوو، ئەگەر پێش ڕاپەرین خەڵک گیرۆدەی دەستی یەک سیستمی  دیکتاتۆری حزبی و سەرکردە بووبێت،  ئەوا ئەمڕۆ  خەڵک گرفتاری  چەند دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و  بەچکە  سەرکردەی خۆسەپێن  و ستەمگەر بۆتەوە

واتە ڕاپەرین لەساتەوەختی خۆیدا وەچەرخان گۆڕانکاری بنەڕەتی بوو، بەڵام ئیدی پاش  ڕاپەڕین  ئەحزابی کوردی بەپاشخان و عەقڵییەتی دیکتاتۆریی و قۆرغکاریییەوە ئیدارەی کوردستانیان داوە.
بەکوردی و کورتی ڕاپەڕین بۆ بەشێکی کەمی بەناو سەرکردە و گرووپگەلی دەسەڵاتخواز بوو بە نەیعمەت و دەستکەوتنی سەرمایەی زەبەلەح بۆ خۆیان و نەوەکانیان..   خەڵک و هاوڵاتی  تەنها  نەهامەتی و بی حورمەتکردنی پێ بڕاوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن