گۆڕان وەک هێزێکى خاوەن پرەنسیپ
2/9/2020 2:22:00 PM
سیروان حەمەڕەشید
گۆڕان بەفۆڕم و مۆدێلێکی سیاسی نوێی ریفۆرمخوازی جیاواز خۆی مانفێست و فۆڕمەڵە کرد، لە هەناو و جەهەری پێداویستی و خواستە بنەڕەتییەکانی میللەتەوە سەری هەڵدا، وەک هێزێکی خاوەن پرەنسیپی نیشتیمانی و میللی و کۆمەڵایەتی نەگۆڕ هاتە مەیدان و بوێرانە و جەسورانە ڕووبەڕووی ئاڵنگارییە سەختەکانی بەردەمی بۆتەوە.
گۆڕان لەماوەی تەمەنی (11) ساڵیدا لەبەردەم گەورەترین ئاستەنگی قورسی رێکخراوەیی و ئەوپەڕی سیاسەتی دڵڕەقانەی مۆنۆپۆڵکاری دەسەڵاتداران و دەوڵەتانی هەرێمیاتیدا بووە، هەرچی رێگای نادیموکراسیانە و دوور لە پرەنسیپەکانى کارى سیاسى هەیە؛ چ لەکاتی ئۆپۆزسیۆنبوونیدا چ لەکاتی بەشداریکردنی لە حکومەتدا بەرامبەر ئەم بزووتنەوەیە کراوە، بەجۆرێک تەنها هێزێکی وەک بزوتنەوەى گۆڕان بەئیرادەی خۆی و پشتیوانی جەماوەرەکەی توانی لەبەردەم سیاسەتی نەفیکارانەی هێزە نەیارەکانیدا بمێنێتەوە و بەردەوام و خۆڕاگربێت.
بەو پێودانگە؛ هیچ گرووپ و حیزبێک نەیتوانیوە وەک پارادایمێکی ئەکتیڤ و نوێ تر جێگرەوەی بێت و تەجاوزی ڕەسەناییەتی ئەم هێزە بکات.
بزووتنەوەی گۆڕان زادەی لەدایکبوونی پێویستی تێپەڕاندنی قۆناغێکی مەنگ و واقعی تاڵی سەردەمی خۆی بوو، گۆڕان لەسەربنچینەی هەڵگری خەمی گشتی و چاکسازی ریشەیى و هەمەلایەن و گۆڕینی ستراکتۆری پێکهاتەی سیستەمی سیاسی و ئابووی و دارایی و دەستەبەری دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کارگێری و بەرێوەبردن دامەزرا.
بزوتنەوەى گۆڕان جیاواز لە هەندێک رێکخراو و تاقمی هەڵتۆقیوی پۆپۆلیستی، دووربوو لە پاوانخوازى و مەرامی شەخسی و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر بۆ کەسی یەکەمی حیزب و کۆمپانیا؛ خەمی یەکەم و دوایینی گۆڕان تەنها ئامانجی گەیشتن نەبووە بە دەسەڵات، بەڵکو نەخشەی دوور مەودای بزووتنەوەکە بریتییە لە گەڕانەوەی بەها و مانای ڕاستەقینە بۆ دونیای سیاسەت و شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ و بەگژداچوانەوەی پاوانخوازی و گەندەڵی و جەختکردنەوەی چاکسازی جددی لە تەواوی بوار و سێکتەرە جیاجیاکانی حکومڕانی و دەسەڵاتدا.
سەرباری ڕەخنە و گازندەکان لە خودی بزووتنەوەکە، بەڵام گەر کەمێک لە سۆنگەی لۆژیک و ویژدان و مۆڕاڵەوە ڕۆڵ و وێستگە جیاجیانی هەنگاو و کاری سیاسی ئەم هێزە نیشتیمانیە شرۆڤە بکەین ، دەتوانین بێ دردۆنگی و راڕایی بڵێین؛ سەرەڕایی دەیان کۆسپ و ئاستەنگی سیاسی و دارایی جۆراجۆر، دوور لە هەر چەشنە بانگەشەیەکی دیماگۆگی و دروشمبازی و جوڵاندنی سۆز و ئاڕاستەکردنی سیاسەتی پۆپۆلیستانە، خاڵی بەهێزی بزووتنەوەکە ئەوەیە زۆر بەتوندی دەستی بەپایە و پرەنسیپەکانییەوە گرتووە، بەردەوام جەخت و پێداگری لەجێبەجێکردنی چاکسازی و یاسا سالاری و هاوڵاتیبوون و ئیرادەی گشتی کرۆتەوە.
گۆڕان لەم دۆخە نوێیەی ئێستادا هەم لەسەر ئاستی پەرلەمانی هەرێم و ناوەند و هەم لەسەر ئاستی تیمە وەزارییەکەی لەکابینەی نۆى حکومەت، زۆر لە خۆبوردووانە و لێبڕوانە لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەدان کە بزووتنەوەی گۆڕان لەساتی لەدایکبوونیەوە تائەمڕۆکە بەخەڵکی کوردستانیداوە.