854وتار

لە یادی راپەڕیندا، هەرێم لەنێوان چەقبەستوویی و راچڵەکیندا

3/5/2019 4:58:00 PM
سیروان حەمەڕەشید


گەر بڵێێن ڕاپەڕینی ٥/٣/١٩٩١ باشووری کوردستان شوناسی ڕاستەقینەی ستەم و چەوساندنەوەی گەلێکی ژێردەستەی تینوی ئازادی و ڕزگاری نبشتیمانی وخاوەن مێژووی پڕ لە خوێناوی و کارەساتاوی بووە ئەوە حەقیقەتێکە بەهیچ جۆرە بەدگومانی و ڕاڕایەک ڕەت ناکرێتەوە.  بەشێوەیەک ڕاپەرین لەڕوانگەی نیشتیمانی ونەتەوەیی و بەهاکانی سەربەستی و ئازادییەوە بۆ خۆی مەدلول و مەغزاو ڕەهەندگەلی فراوان وهەمەجۆر لەخۆدەگرێت و ڕووداوێکی وەها ئاسایی و سەرپێ نەبوو، بەڵکو جوڵەو ساتەوەختکی دەگمەنی سیاسی بوو، زادەی کەڵەکەبوونی چەوساندنەوەو مەینەتی و هاوکات بەرخوردان و ڕژانی دەریاک لە خوێنی میللەت و خاکێکی داگیرکراو و سوتماککراوی ناوەخنی مێژووبوو.  بۆ تێگەیشتن لە گەورەی و کاریگەری تەنها ساتێک ڕامان بەسە بڵێین کۆی مێژوویی خەباتی چەکداریی و سیاسی و دبلۆماسی کوردانی باشوور لە ٧٠ ساڵی ڕابوردوودا بارتەقای هەردوو ڕووداوی ڕاپەڕین و کۆڕەوەکە لەسەر دۆزی ڕەوای کورد گرنگ وچارەنوسسازو کاریگەر نەبوون.  


دەبێت لەیادی ڕاپەڕیندا بۆ مێژوو ئەو ڕاستیە جەختی لەسەر بکرێتەوە ڕۆڵ و جێدەست و نەخشەی ژیرانەی سەرکردە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو لەسەرخستنی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی باشووری کوردستان بەشاری کەرکوکیشەوە.  ئە گەر ڕاپەڕینەکە بە دەستکەوتێک گەورەی ئەڵماسی بۆ کورد ئاژمێر بکرێت. دەپرسین ئایا پاش ٢٨ساڵ لەڕاپەڕین لێکەوتەو دەرهاویشتەکانی ڕاپەرین بۆ هەرێم چی بوون؟ ئاشکرایە دۆخی سیاسی و پرۆسەی حکومەتداری هەلومەرجە نەگەتیڤ و پڕ لە کێشەو قەیرانە سیاسی و ئابووری هەرێمی گەیاندە بە ئاستێکی وەها کە زۆرجار خەڵکی کوردستان لە شکۆو بایەخداری ڕاپەرین دەڕدۆنگ بن؟ ئەگەر لە کۆی دیمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕووداوە نەخوازراوەکانی دوای ڕاپەرین بڕوانین زۆر بەئاسانی وەڵام وەردەگرینەوە. 


جێگەی ئەوپەڕی نیگەرانییە تا ئاستی ئازاردانی ویژدان و برینداربوونی قوڵی هەستی مرۆڤی کورد.  دوای ئەو هەمو زەمەنە لەپرۆسەی حکومڕانیدا دەرئەنجامێکی نەرێنی ئێجگار نەخوازراو و پڕ لەشکستی ناوخۆیی و دەرەکیمان بۆ دەخاتە پێش چاو، لەساتی ڕاپەڕینەوە تا ئەم ساتەوەختە کوردو هێزە سیاسیەکان نەیتوانیوە ڕاپەڕین بکەنە دەروازەو قەڵەمبازی ئاسۆداری ئومێدبەخش بۆ خەڵک وئایندەی سیاسی هەرێم.  دەتوانێن زۆر بەڕوونی بێ هێنانەوەی هیچ چەشنە ئارگۆمێنتێک بڵێین وەک پێویست دەرس و عیبرەت لە ڕاپەرین وەرنەگیراوە بەجۆرێک لە نەبوونی بەرئەساسی دونیابینی و عەقڵییەتی تەتدروست و ستراتیژو پلان و یەک گوتاری نیشتیمانییە کە ئامانج و خواستە هەرە سەرەتاییەکانی ڕاپەڕین لە ئەرزی واقعدا نابینرێت. 

 

سەرباری ئەو هەموو کێشە قوڵ و جەوهەریانەی جەستەی سیاسی هەرێمی کوردستانی ئێجگار شەکەتکردووە، هێشتا دەرفەت و زەمینە لەبارە بۆ ڕاچڵەکینی دەسەڵات و هێزە سیاسیەکان بۆ ڕزگارکردنی هەرێم لەو هەموو بێ مانا سیاسی و ئابوورییە تێکەوتوە بەتایبەت کە لەئێستادا بەرەو پێکهێنانی کابینەی وەزاری هەنگاو دەنرێت، گرنگە کابینەی نۆ ببێتە سەرەتای مسۆگەرکردنی حکومڕانی تەندروست و توڕدانی عەقڵییەتی تەسکی حزبی و ناوچەگەری و خێڵگەری، لە شوێنیدا مۆڕاڵی سیاسی و بەرژەوەندی نیشتیمانی و نوسینەوەی دەستوورو چاکسازی ڕیشەی و بەدامەزراوەکردنی پایە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی حکومەت و کاراکردنی پەرلەمان و چەسپاندنی سەروەری یاساو گەڕانەوە بۆ سەرەتاکانی دیموکراسی و ڕێزگرتن لەئیرادەی گشتی میللەت، تا لانی کەمی حکومەتی هاوڵاتیبون و گەڕانەوەی شکۆی و گەورەی ڕاپەڕین ببێتە جێگرەوەی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن