1292وتار

سیاسەت و مەعریفەی دەسەڵات

7/7/2020 3:42:00 PM
سیروان حەمەڕەشید

سیاسەت و  دەسەڵات دوانەیەکی پێکەوە دانەبڕاوی گرنگی ژیانی مڕۆڤایەتین، چونکە ئامانجی بنەڕەتی سیاسەتکردن   گەیشتنە بە کورسی دەسەڵات و حکومڕانی .
 گەر هەر دوو چەمکەکە بەیەکەوە  پێناسە
 بکەین، گرنگە بۆ ئەمەش بگەرێنە بۆ خودی جەوهەر و ناوەڕۆک و بچینەکانی ئەو دوو کایە و بزانین ئەرکی بنەڕەتی ئەو دووانەیە چییە و  چۆن  دەتوانرێت  هەم سیاسەت و هەم دەسەڵات وەک دوو ئامرازی ئەرێنی بیانخەینە خزمەتی پڕۆسەی دەوڵەتداری و  نیشتیمانسازی و خواستی خەڵک و  چاکسازی سیاسی و ئابووری و دیموکراتیزەکردنی  دەسەڵات و کۆمەڵگەوە ؟ 
 حکومەتی هەرێم بەدرێژای نزیک سێ دەیە توشی قەیرانگەلی قوڵ و جۆراجۆری حکومڕانی بۆتەوە و نەیتوانیووە دەرچە و دەروازەی چارەسەرەکان دیاریبکات،  ئەمە ئەگەر نابەرپرسیاریتی و بێ مەعریفەی دەسەڵات نەبێت هیچ دیکە نییە،  زۆر بەڕوونی دەردەکەوێت هەرێم لەڕووی سیاسەتی گشتییەوە ئێجگار کۆڵەوارە و  لەتوانایدا نییە دەستبەرداری ئەو جۆرە لەحکومڕانی ناسەرکەوتو بێت و لانی کەم پێشنیار خستنەڕووی  مۆدێلێکی نوێی جیاوازتر بکات لەوەی کەئێستا هەیە ؟
  چۆن  بەپێی تێور و هزری ڕامیاری،   سیاسەت و دەسەڵات عەقڵ و زانست  و فەزیلەتگەرییە، بەو چەشنە  کەمی  مەعریفەی حکومڕانی  دەبێتە هۆکارگەلی  بەبنبەستگەیشتنی چارسەری دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری. بەشێوەیەک  کاریگەری  زۆر نەرێنی لەسەر هەنگاوەکانی چاکسازی  دەبێت؟
بابزانین بەکورتی مەعریفە چییە: "بریتیە لەکۆی  ئەو ئەزموون وشارەزایەی کەلە پڕۆسەی زانیندا و لەچوارچێوەی مێژووی مرۆڤایەتیدا بەرهەم هاتبێت" 
 لەبارەی چەمکی دەسەڵاتیشەوە  ماکس ڤایبەر پێناسەی   چەمکی دەسەڵات دەکات و دەڵێت: "  دەسەڵات دەرفەتێکە لەلایەن تاکەکانەوە  بەنوخبەی سیاسی دەبەخشرێت لەپێناو جێبەجێکردن وهێنانەدی خواستەکانی تاک و کۆمەڵگە"
کەواتە بەو پێودانگە پەیوەندی تۆکمە لەنێوان سیاسەت و مەعریفە و دەسەڵاتدا هەیە، ئەمە جگە لەوەی زانیمان سیاسەت و دەسەڵات سەلیقە و زانست وهونەرە،  لەهەمانکاتدا  دوو کایەی قوڵ و ئاڵۆزی فرە ڕەهەند و هەستیارن،  لەپاڵ ئەمەشدا دەسەڵاتی سیاسی پێویستی  بەمەعریفەی فراوان هەیە.
واتە کاتێک دەسەڵات دابڕاو بوو لەمەعریفە بێشک حکومڕانێکی شکستخواردوو و ستەمگەری و نابەرپرسیارمان  دەستدەکەوێت، وەکو ئەو ئەزمونە دەسەڵاتداریتییە ناشیرین و ناجۆرەی هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە.
بەداخەوە لەئێستادا بەهۆی هەژاری لەمەعریفەی حکومڕانی و عەقڵیەتی چەقبەستووی و  نابەرپرسیاریەتی و بێ مۆڕاڵەوە میللەت  بێ ئومێد و بێ دەرەتانە و بێکارە و بەدەست قەیرانی  دارای و ستەمکار و نادادیەکی بێ ماناوە گیریخواردوو  ، بەشێوەیەک کاریگەری مەترسی داڕوخان و نەمان  نەک تەنها لەسەر حکومەتی هەڕێم دروستکردووە ، بەڵکو کۆی قەواری هەرێم لەلێواری مەرگ و وئاشبەتاڵ زۆر نزیک بۆتەوە. 
 دواجار هەم سیاسەت و حکومڕانی و هەم چاکسازی هەمەلایەن و بنەڕەتی دەبێت ئیرادە و عەقڵ ومەعریفەیەکی بەهێزی لەپشتەوە بێت ، ئەگینا چاکسازی و بانگەشە بۆ حکومڕانییەکی باش لەیوتۆبیا زیاتر هیچی دیکە نابێت...

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن