1152وتار

سـیاسەتکردنی بێفکر و بێ ئەندێشە

8/8/2019 10:18:00 AM
سیروان حەمەڕەشید


ئەگەر پێناسەی گشتی بۆ سیاسەت بکەین وەک ئەوەی لە زانستی سیاسیدا هاتووە  بەواتای هونەری حکومڕانی دێت ٫ یان بە واتای چاکەی گـشتی دێت ٫  حەسەنی عەمید دەڵێت " سیاسەت ململانێیە لەنێوان کۆمەڵـەی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش بۆ گەیشتن بەدەسەڵات"  هەر چەندە سیاسەتکردن چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی ململانێیی ناوچەی و نێودەوڵەپیدا  جوڵە و پرۆسەیەکی وورد و هەستیار و و ئاڵۆزە  و  پێویستی بە کارەکتەری عاقڵمەند و لێزان و ئازاو خاوەن بڕیار هەیە.

کەواتە  دەبێت بزانین کاری سیاسی هەر واکارێکی سەرپێی و سانا نییە٫ گەر وەستانێک لەسەر مێژووی ململانێی سیاسیەکانی ئیمپراتۆر و پادشا و دەوڵەتانی مۆدێرنی دونیا بکەین بەتایبەت  دوای کۆنگرەی(  ۱٦٤۸ی  وێستڤاڵیا) دروستبوونی دەوڵەتانی خاوەن سیادە و هاوکاتیش بەزانستکردنی سیاسەت و سەرهەڵدانی تیۆریای جۆراجۆری سیاسی و پەرەسەندنی بیری سیاسی  نوێ و هاوچەرخ و دروستبوونی میتۆدی جیاجیای ئیدارەدانی ململانێ  و پێکدادانی بەرژەوەییەکان  سەرییان هەڵدا .

لێرەدا زۆر گرنگە  ئەو کەسانەی سەرقاڵی کاری سیاسین  دەبێت خاوەن کۆمەڵئک تایبەتمەند بن ٫ دیارە بە پلەی یەکەم   پێوست دەکات زۆر بەباشی لەبایەخی فکر تێبگەن٫ چونکە بەدڵنیایەوە سیاسەتکردنی بێفکر و بێ باگراوندی مەعریفەی سیاسی وەک جەستەیەکی بێ گیانە.

هەڵبەت فکر داینەمۆی کاری سیاسیە و  ئامانج وتێڕوانین و هـەڵـوێستەکان ڕوونتر دیاری دەکات .
دەپرسین ئایا پێوستە سیاسەتکار و دەسەڵاتداران  خاوەن فکر و ئەندێشە بن ؟ دەتوانین بلێین  بەڵێ  چونکە فکر لـەسادەترین پێناسەدا بریتیە لە  تێڕوانین و تێگەیشتنە دەربارەی پرسە سیاسیە و کـۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکانی حکومڕانی ٫ واتە فکر  دەروازەیەکە لە دیاریکردنی چۆنییەتی بەرێوەبرنی دەوڵەت و پرۆسەی حکومڕانی و رێکخستنی مافە مەدەنی و سیاسیەکانی تاک و کۆمەڵگە  .

مێژووی بیری سیاسی کۆن و نوێ   لەپێناو هەرچی زیاتری خزمەتکردنی وڵات و مرۆڤایەتیدا بووە ٫  سەدان فەیلەسوف و بیرمەند  ئەندێشە و فەلسەفەی سیاسی و تێز و نووسین و لێکۆڵینەوەی هەمە چێشنەیان خستۆتە پێش چاو ـ  کەواتە دەتوانین بڵێین فکر و سیاسەت دوانەیەکی دانەبڕاون لە یەکدی .
    سیاسەتکار و دەسەڵاتدارانی هەرێم  فکر و سیاسەتیان بەیەکەوە گرێداوە ٫ بەتایبەت لەدوای ڕاپەڕینەی (ئازاری ۱۹۹۱)وە ؟   بەدەر لەهەندێک کارەکتەری سیاسی خوێندەوار ٫ مێژووی سیاسی  ۸۰ساڵی رابوردی سیاسیەکانی باشور بەڵگەی زیندووە  کەهەڵگری هیچ جۆرە ئەندێشە و فکری سیاسی مرۆیی ونیشتیمانی نەبوون ـ گەر سەرەنج بدەین دەبین چۆن بەناوی  شۆڕش و کوردایەتی و سەربەخۆییەوە بەتەواو هەژموون وپاوانی کایەی سیاسەتـیان بۆ خۆیان وخێزانیەکان کردوە.
دەرئەنجامی ئەمە بوو کە پرۆسەی گەشەپێدانی سیاسی  چەقیوە و نەیتوانیوە هەرێم لەسەر بنەمای حکومەتی هاوڵاتی و دیموکراسی بونیادبنێن .

بێگومان٫  ئەمە وایکردوە لەبری ئەوەی سیاسەت لەپێناو سود و بەرژەوەندی نیشتیمانی کۆی خەڵکدا بێت ٫  بەنیگەرانیەوە دەڵێین بەشێوازێکی مەترسیدار ڕۆڵ نەرێنی بینیوە و بۆتە کەرەستەیەک بۆ نابووتکردنی بەها بەرزکانی مرۆڤی کورد و چاندنی  تۆی و بێ ئومیدی لەسەربیر و سایکۆلۆژیای خەڵکی بەگشتی .
دوا سەرەنجمان ئەوەیە هەتا سیاسی و بڕیاربەدەستانی هەرێم فکر نەکەنە  باگراوندی کاری سیاسی و  ناتوانن  لەناوخۆدا حکومڕانیکی ڕەشید دەستەبەر بکەن و لە ململانێ دەرەکیەکاندا ڕووبەڕووی تەحەدییەکان ببێتەوە ٫  دواجار ئایندەی هەرێمی کوردستان  لەئێستا باشتر نابێت .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن