وتار

چی بکرێت تا خوێندن لە ئیفلیج بوون ڕزگاربکەین لە هەرێمی کوردستان؟

11/28/2020 4:59:00 PM 634 جار خوێندراوەتەوە
رەهێڵ دزەیى


لەگەڵ سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەشێک لە سێکتەرەکانی حکومڕانی لەهەرێمی کوردستان ڕاوەستاون یان زۆر بەسستی دەڕۆن. هەموو جیهان ڕووبەڕووی کێشە و ئەستەنگی زۆرهاتنوون بەم هۆیەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامی بە ژیان و کاروباری وڵات بدەن، ناچاربوون پێداچوونەوە بە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات بکەن و بەکارهێنانی ئامرازی جیاوازتر بۆ ئەوەی ژیان ئاسایی بکەنەوە لە وڵاتەکانیاندا.

یەکێک لە گرنگترین سێکتەرەکان کە خەریکە ئیفلیج دەبێت لە هەرێمی کوردستان سێکتەری پەروەردە وفێرکردنە. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشیە دەتوانین بڵێین خوێندن وەستاوە و بەرەوپێشچوونی بەخۆوە نەبینیوە.

بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پەروەردە پەنایان بردۆتە بەر خوێندنی ئۆنلاین(ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت خوێندنی ئەلکترۆنیە، نەک ئۆڵاین. بەڵام ناویان ناوە ئۆنڵاین) تا درێژە بەخوێندن بدەن، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەم مێتۆدە سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە، هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی خوێندنی ئۆنڵاینم  لە سەرەتای دەست پێکردن ئەم مۆدێلە لە هەرێمی کوردستان بە وتارێک بە ناونیشانی(هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی خوێندنی ئۆنڵاین) دەست نیشان کردوە.

وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن بێ گوێدانە بۆچوونی کەسانی شارەزا لەم بووارەدا بۆ ساڵی خوێندنی ئەمساڵیش بەردەوامیان بە خوێندنی ئۆنلاین دا بێ ئەوەی چارەسەری هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی بکات، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر ئاستی فێربوون و زانست لە هەرێمەکەمان دەبێت.

خوێندنی ئۆنلاین وئەلکترۆنی ڕێگایەکەن ولاتان پەنایان بۆ برد وچاوەڕوان دەکرێت دوای نەمانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەردەوام بن لە بەکارهێنانی وتا وایلێدێت لە دوای چەندین ساڵی تر تا ڕادەیەک شوێنی خوێندی ئاسایی بگرێتەوە، بەڵام ئەم کارە ئامادەباشی زۆری دەوێت، وڵاتان کەسانی شارەزا و کات و پارەی زۆریان بۆ دابین کردوە.

چی بکەین تا بتوانین پرۆسەی خوێندن ئیفلیج نەبێت لە هەرێمی کوردستان؟

بۆ ئەم کارە دوو پلانمان پێویستە.
پلانی کورتخایەن: ئەم پلانە هەنووکەییە و بۆ ئەوەی بتوانین تا ڕادەیەک تەکانێک بە خوێندن بدەین.
هەر کارێک بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت، دەبێ پێداچونەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

 لەگەڵ وتنەوەی وانەکان بە شیوازی ئۆنڵاین و ئەلکترۆنی، داوا لە قوتابیان بکرێت وەک ئەرکی ماڵەوە لە کۆتایی هەر حەفتەیەک لاپەڕەیەک بە دەستخەتی خۆیان بنووسن دەربارەی ئەو بابەتانەی لەم حەفتەیە لە ڕێگای ئۆنلاین مامۆستاکەی بۆی باس کردوون. بۆ هەر دەرسێک لاپەڕیەک بنووسن.
 ئەمە وا لە قوتابی دەکات گرنگی بە وانەکان بدات کە لە ڕێگای ئۆنڵاین مامۆستاکەی بۆیان شیدەکاتەوە، لەدوای تەواوبوونی وانەکان بەدواداچوون بۆ بابەتاکان دەکات کە لە حەفتەکەدا خوێندوویەتی.

مامۆستا کات دەستنیشان بکات بۆ قوتابیەکانی بۆ ئەوەی نووسینەکانیان ببەن بۆ قوتابخانەکەیان و بیدەن بەدەستی مامۆستاکەیان. بەم شێوەیە مامۆستا بەرچاوی ڕووندەبێت کە تا چەند قوتابیەکانی سوودیان لە خوێندنی ئۆلاین وەرگرتوە ودەتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی فێربوونی قوتابیەکانی بکات.
ئەم نووسینانە دەبێتە داتایەک کە بتوانین لەسەری پەرە بەم شیواز و مۆدێلەی خوێندن بدەین. هەروەها دەتوانین بزانین لە کوێ قوتابیان کێشەیان هەیە لەگەڵ خوێندنی ئۆنڵاین و هەوڵبدەین چارەسەری بکەین. بەم ڕێگایە پەیوەندی نێوان قوتابی و مامۆستا و قوتابخانە  بەردەوام دەبێت و ناپچڕێت.

پلانی درێژ خایەن.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا هەموو جیهانی بە ئاگا هێناوە کە دەکرێ ڤایرۆسێکی زۆر بچووک ژیان بوەستێنێت، دەکرێ دوای ئەم ڤایرۆسەش نەخۆشیەکی تر سەرهەڵدات و ژیانمان لێ ئاڵۆزتر بکات، بۆیە گرنگە لە ئێستاوە پلانی درێژ خایەنمان هەبێ تا بتوانین ڕووبەڕووی هەر ڕووداوێکبین ڕێگربێت لە جێبەجێ کردنی ئەرک و کارو باری حکومەت وکۆمەڵگا بەگشتی.

گرنگترین هۆکاری سەرنەکەوتی خوێندنی ئۆنڵان ئەم سستەمە کلاسیکەیە کە لە هەرێمی کوردستان تا ئێستاش پەیڕوە دەکرێت، تێیدا خوێندکار بەرپرسیار نییە لە پرۆسەی فێربوونی خۆی، بەڵکۆ مامۆستا بڕیار دەدات چۆن وچی و کەی خوێندکارەکە فێربێت.

 لە خوێندنی ئۆنڵاین یان ئەلکترۆنی خوێندکار بەرپرسیارە لە فێربوونی خۆی، دوای ئەوەی وانەکە لە ڕێگای ئۆنلاین بۆی شیدەکرێتەوە بۆ خۆی بەدواداچوونی زیاتر دەکات دەربارەی بابەتەکە و لە ڕیگای ڕاپۆرتێک کە مامۆستاکەی وەک ئەرکی ماڵەوە داوی لێدەکات ولەم ڕێگایەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات.

لەئێستادا پەرلەمانی کوردستان ئەرکیەتی داوا لە  وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بکات کە سستمێکی سەردەمیانە ولەسەر بنەمای زانستی پەروەردە وفێرکردنی نوێ و لەگەڵ کلتوری هەرێمی کوردستان بگونجێ دابڕیژن وپێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی بکەن تا پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات و بەیاسایی بکات. سوود لە شارەزایی ئەو کەسانەی شارەزا و پسپۆران لە زانستی پەروەردە وفێرکردنی سەردەمیانە وەرگرن، هەروەها کەڵک لە سستمی پەروەردە وفێرکردنی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرن و سستمێکی پەروەردە وفێرکردنی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان دابڕێژن کە لەگەڵ ئەم پێشکەوتنانەی جیهان بەخۆیەوە دەبێنێت بێتەوە.

خوێندن و فێربوون دەبێ ببێتە خەمی هەموو تاکێکی کۆمەڵگا لە هەرێمی کوردستان. ئەرکی كاربەدەستانی کەرتی پەروەردە وفێرکردنە بەتایبەتی و هەموو تاکێکی کۆمەڵگایە بە کشتی هەوڵی بەردەوامی بە خوێندن بدەن، بۆیە با بەهەمووان بیر لە ڕێگایەک بکەینەوە و چی بکەین تا خوێندن و فێرکردن لە ئیفلیچ بوون ڕزگاربکەین؟

هەر ڕۆژێک خوێندن بوەستێت کاریگەری زۆر و بەرچاوی دەبێت لەسەر گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا. کەمتەرخەمی و وەستانی خوێندن ودەبێتە هۆی ئەوە نەوەیەکی نەخوێندەوار و بێ زانست و مەعرفەت پێشکەش بە کۆمەڵگاکەمان بکەین و بەرپرسیاربین بەرامبەر بە مێژوو و نەوەی داهاتوومان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement