11وتار

جیاوازی سستمی پەروەردە و فێرکردنی فێرگاکانی حکومی و ناحکومیەکان، هۆکاری گەشەیەکی ناکۆکی کۆمەڵگان

10/27/2025 3:46:00 PM
رەهێڵ دزەیى

لە هەرێمی کوردستان دوو جۆر لە فێرگا هەیە حکومی و نا حکومی، هەر یەک لەم فێرگایانە سستمێکی جیاواز پەیڕەو دەکەن لە شێوازی فیرکردن ومامەڵەکردن لەگەڵ فێرخوازەکان، دوو دونیای زۆر جیاوازن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری گەشەکردنی ناکۆک و ناهاوتای کۆمەڵگا.

سستمی پەروەردە و فێرکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن داڕێژراوە و لە سەرجەم فێرگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی پەیڕەو دەکرێت.

 سستمێ پەروەردە و فێرکردنی هەرێم سستمێکی کلاسیکە ودوره‌ له‌ نوێخوازی ، تێیدا مامۆستا سەنترە و فێرخواز هیچ ڕۆڵێکی نییە لە پرۆسەی فێربوونی خۆی.

له‌ سیستمی کلاسیک، مامۆستا به‌ شێوازک وانه‌ ده‌ڵێته‌وه‌، زانیاریه‌کان نابن به‌ زانست و دواتر زانسته‌کان به‌ ئۆتۆماتیزه‌کردن نابن له‌ لای فێرخواز. 

ئۆتۆماتیزه‌کردنی زانست له‌لای فێرخواز به‌و مانایه‌ دێت، له‌ ڕۆشنایی ئه‌م زانستانه‌ی فێرخواز له‌ یاده‌وه‌ریه‌کانی پاراستوویه‌تی، ئه‌گه‌ر فێرخوازەکە‌ هه‌ر دیارده‌یه‌کی نوێی دیکه‌ی بینی یان خوێندیه‌وه‌ توانی به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی و به‌بێ بیرکردنه‌وه‌ شیکردنه‌وه‌ی بۆ بکات، ئه‌وه‌ ئه‌م زانست و مه‌عرفه‌یه‌ی فێری بووه‌ بیری ناچێته‌وه‌ و کاریگه‌ری به‌سه‌ر فێرخوازە‌که‌ به‌چێهێشتوه، توانای ئەوەی دەبێت هەر گەشەکردنێک لە زانستەکان بێتەکایەوە، مامەڵەی لەگەڵ بکات و فێری ببێت وگەشە بە زانیاریەکانی بکات و لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانەی لە جیهان ڕوودەدات، گەشە بکات.

لە فێرگاکانی حکومی لە هەرێمی کوردستان، پەروەردە وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە، هیچ فەلسەفەیکی پەروەردەیی ڕوون بەدی ناکرێت. لە سسیمی پەروەردە و فێرکردن، دیار نییە کام پێداگوگیک پەسەندکراوە و فێرگاکان وەک یەک پەیڕەوی دەکەن، ئەوەی هەیە مامۆستاکان هەریەکە و بە ئاستی تێگەیشتنی خۆی بۆ پەروەردە مامەڵە لەگەڵ فێخوازەکان دەکەن، لە کاتێکدا گرنگە پەروەردەیەکی یەک گرتوون پەیڕەو بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین پێناسەیەکی یەکگرتوو بۆ پەروەردەی هەریمی کوردستان بکەین. 

لە فێرگاکانی ناحکومی سستمی جیاواز و شێوازی جیاواز پەیڕەو دەکرێت، دوورە لە سستمی کلاسیک. بە گشتی مێتۆدی پێشکەوتوو و هاوچەر بەکاردەهێن، مامۆستاکان مێتۆدەکانی وانەبێژی گونجاو لە وتنەوەی وانەکانیان لەبەرچاو دەگرن. هەر فێرگایەکی نا حکومی پێگداگوگێکی تایبەت بەخۆی و زانستی دیداگتیک پەیڕەودەکەن. لە فێرگاکانی ناحکومی مامۆستا سەنتەر نییە و فێرخواز بەشدارە لە پرۆسەی فێربوونی خۆی، زانیاریەکان لەلای بە ئۆتۆماتیزەکردن دەبێت. 

ئەم دوو جۆرە لە فێرگاکان هەریمی کوەدستان، لە کۆتایی دوو جۆر لە نەوە پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکەن، نەوەیەک دەتوانێ لەگەڵ نوێکاریەکان و ئەو گۆڕانکاریە زۆر و بەپەلانەی لە بوارەکانی تەکنەلۆجیا و زانستەکانی تر  ڕوودەدات  مامەڵە بکات و بەردەوام بێت لە گەشەکردنی خۆی، لەبەرامبەردا ئەو فێرخوازانەی لە فێرگاکانی حکومەی دەخوێنن، ناتوانن لەگەڵ گۆنکاریەکانی بواری زانست و تەکنەلۆجیا بە ئاسانی گەشە بکەن، ئەوان فێرنەبوونە پرسیاربکەن و بەدوای وەڵامەکان بگەڕێن، فێرنەبوونە بەشێک بن لە فێربوونی خۆیان و ڕۆڵیان هەبێ. 

ئەوان فێربوونە زانستەکە بە ئامادەکراوی بێتە بەردەستیان و وەک خۆی وەریگرن بێ ئەوەی پرسیار لە دروستی، یان سەرچاوەی زانستە لە کوێوە هاتوە و چۆن گەشەی کردوە و چۆن دەکرێ سودی لێوەربگرین بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی. 

دەرهاوێشتەکانی ئەم دوو چۆرە لە فێرگایانە، کۆمەڵگا دابەش دەکات بەسەە دوو جینی زۆر جیاواز لەیەکتر، چینێک بەتوانا لە بواری تەکنەلۆجیا و زمانە جیهانیەکان، توانای کار کردنی هەیە لە گروپ و فێرکراوە چۆن ئەرکەکان دابەش دەکات و سەرکردایەتی کارەکان بکات، چینێکیش توانای ئەوەی نییە لە گرووپ کار بکات و شارەزایەکی ئەوتۆی نییە لە زانستەکان و تەکنەلۆجیا و زمانە جیهانیەکان، ئەوەش وادەکات ئەوانەی لە فێرگاکانی ناحکومی دەخوێنن، هەلی کاریان زیاتر بێت و لە کۆتاییدا هەر ئەوان کایەکانی حکومەت بەڕێوەدەبەن. 

 بێگومان ئەوانەی لە فێرگاکانی ناحکومی دەخوێنن کە کەمینەی کۆمەڵگان، لە خێزانە دەوڵەمەند بەشێکیش لە خێزانی مام ناوەندیەکانن. خێزانە هەژان و ئەوانەی داهاتیان کەمە کە زۆرینەی کۆمەڵگان، منداڵەکانیان دەنێرن بۆ فێرگاکانی حکومی. 

دروست بوونی ئەم دوو جۆرە لە فێرگایانە، دەبێتە هۆ چەوساندنەوەی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا و بێ بەشکردنیان لە بەشداری کردنیان لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا و سوود وەرگرتن لە تواناکانیان دووربن لە کایەی سیاسی و ئیداری و بڕیاردان. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن