71 کوردستان

بەپەلە.. حکومەت بۆ پارەی کارەبا کارئاسانییەکی تری راگەیاند

03:42 - 08/11/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: ئەو قەرزە کۆنەی کارەبای پێش پڕۆژەی رووناکی کەلای هاوڵاتیان ماوە، دەکرێت بە قیستی درێژخایەن وکە ماوەکەی ٢٤ مانگە.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەو قەرزانەی کرێی کارەبا کە لەسەر هاووڵاتییان و هاوبەشان ماونەتەوە، بکرێن بە قیستی درێژخایەن کە ماوەکەی دەگاتە 24 مانگ. ئەم بڕیارە نزیکەی لەسەدا 30ی ئەو هاوبەشانەی کارەبا دەگرێتەوە کە تا ئێستا قەرزەکانی پێش جێبەجێکردنی سیستەمی "ڕووناکی"ـیان نەداوەتەوە و یەکەم قیستیش دەخرێتە سەر پسوولەی ئەم مانگە.

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی کارەبا، بۆ سووککردنی باری سەرشانی هاووڵاتییان، سنوورێک بۆ زۆرترین بڕی قیستی مانگانە دیاریکراوە. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە پێشتر وەزارەتی کارەبا داشکاندنی لە قەرزەکان کردبوو، کە بەهۆیەوە ملیۆنێک هاوبەش سوودمەند بوون و بڕی 400 ملیار دینار لە قەرزی پێش سیستەمی ڕووناکی لێخۆشبوون کرا.

لە ئێستادا زیاتر لە 500 هەزار هاوبەشی ڕووناکی قەرزیان لەسەر ماوە و خراونەتە سەر سیستەمی قیستی درێژخایەن. لەو ژمارەیە 90 هەزار هاوبەش قەرزەکەیان کەمترە لە 5 هەزار دینار و بە یەک قیست قەرزەکانیان پاک دەبێتەوە. ئەو هاوبەشانەشی قیستیان بۆ کراوە، لەمەودوا لە یەک پسوولەدا هەردوو کرێی مانگانەی کارەبا و قیستی قەرزەکەیان بۆ دێتەوە و پێویستە لە ماوەی 50 ڕۆژدا بڕی پارەکە بدەن.

بەپێی خشتەی قیستەکان بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی، ماوەی قیستەکە تا 24 مانگ دەبێت؛ کەمترین بڕی قیستی مانگانە 20 هەزار دینار و بەرزترینیش 100 هەزار دینار دەبێت. بۆ بازرگانیی بچووکیش ماوەکە 12 مانگە و بەرزترین قیست 200 هەزار دینار دەبێت. هەرچی بازرگانیی گەورە و پیشەسازییە، دەبێت لە ماوەی 6 مانگدا قەرزەکانیان بە قیست بدەنەوە و کەمترین بڕی قیستیشیان 200 هەزار دینار دەبێت بێ ئەوەی سنوورێک بۆ بەرزترین بڕ دانرابێت. ئەگەر بەهۆی دیاریکردنی بەرزترین سنووری قیستەوە قەرزەکە لەو ماوەیەدا تەواو نەبوو، ئەوا ماوەی قیستەکە بۆ مانگەکانی دواتر درێژ دەکرێتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن