3وتار

دۆخی سیاسی ئێستا لەبەردەم سێ ئەگەری جیاوازدا!

11/8/2026 12:23:00 PM
ئومێد خدر

دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان لەبەردەم سێ ئەگەری سەرەکیدایە، کە هەر یەکەیان دەتوانێت ئاراستەی سیاسی و کارگێڕیی هەرێم بگۆڕێت:

ئەگەری یەکەم:

قبوڵکردنی دۆخی ئێستای هەرێم  لەلایەن یەکێتییەوە و دەستپێکردنەوەی  گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، بە هەمان داخوازیەکانی پێشووی یەکێیتی لەم ئەگەرەدا پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەرگای دانوستاندن زیاتر دەکاتەوە و نەرمیی زیاتر لە گفتوگۆکاندا پیشان دەدات هەنگاوەکان و دانیشتنەکانی پەرلەمان دەوەستێنێت بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەت.

ئەگەری دووەم:

بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە  واتە کاراکردنەوەی پەرلەمان بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و درێژکردنەوەی ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم تا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

بەپێی ئەم ئەگەرە، کاراکردنەوەی پەرلەمان  بۆ،ڕێگریکردن بووە  لەهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم نەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازەو هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ، لێرە بەدواوە دەکرێ پەرلەمان تەنها دوو ئەرکی سەرەکی هەبێت لەپێناو دەرچوون لەو تەنگژە سیاسیەی کەڕووبەڕووی هەرێم بۆتەوەو وەکو چارەسەرێکی مامناوەند: ١. درێژکردنەوەی ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم. ٢. ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە،بەتایبەتی ئەوەی ئەم خولەی پەرلەمانیش تەنها دوو ساڵی تری ماوە.

ئەگەری سێیەم:

 ڕاگەیاندنی دوو ئیدارەی جیاواز و جیاکردنەوەی ئیداریی ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان لە بەڕێوەبردنی ئێستای هەرێم؛ بە پشتبەستن بە ماددەی (١١٧)، بڕگەی دووەمی دەستووری عێراق، کە مافی پێکهێنانی هەرێمی نوێ بە پارێزگا یان زیاتر دەدات، وە ماددەی ١١٩ ڕێکاری داواکردنی پێکهێنانی هەرێم دیاری دەکات؛ بە داوای یەک لە سەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، یان لەسەر داواکاری لە١٠٪ ی دەنگدەرانی پارێزگایەک یا زیاتر لە ڕێگەی ڕێکاری یاسایی و ڕیفراندۆمەوە، بەبڕوای من ئەمە کۆتا ئەگەرە کەدەستی بۆ ببرێت.

بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو ئەم ئەگەرانە ئەوەیە کە لە هەموو حاڵەتەکاندا، پێدەچێت ئەمجارە لایەنی سێیەم ناوبژیوان بەغدا بێت!

لەکۆتایدا بەغدا چی دەیەوێت، چ ئامانجێکی سیاسیی هەیە و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا دەکات، بابەتێکی تری جیاوازە و لە چوارچێوەی ئەم سێ ئەگەرەدا جێی ناکرێتەوە!


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن