107وتار

ئاڵنگاریەکانی دیالێکت لەسەر فێربوون

10/1/2025 8:53:00 AM
رەهێڵ دزەیى


ئەم بابەتە بە ئەزمونێکی خۆم دەستپێدەکەم.
ئەوکاتەی پۆلی یەکی سەرەتایی بووم مامۆستا هۆنراوەیەکی فێردەکردین هی (شاعری گەورەی کورد زێوەر)بوو بە ناوی ( ئەی تۆپەکەم)، ئەم هۆنراوەیە بە شێوازێکی زۆر تایبەت نوسراوە، بە ئاسانی منداڵ دەتوانێت لە ئەزبەری بکات و چێژی لێوەربگرێ، ئەوکات نەک تەنها من بەڵکو هەموو منداڵان ئەو هۆنراوەیان دەگوتەوە لە کاتی یاری کرد.
من خەڵکی شاری هەولێرم و بە شێوەزاری هەولێری لە ماڵ و دەروە و فێرگا قسەمان دەکرد و بەرکەوتنمان نەبوو لەگەڵ دیالێکتەکانی تر، تەلەفزیۆن و ڕادیۆ بەم شێوەیە نەبوو گوێمان بە دیالێکتەکانی تر ئاشنا بێت، خوێندنم بە زمانی عەرەبی بوو ئاشناییم نەبوو بە زمانی نوسینی کوردیش، ئەمەش وای کرد کێشەم لەگەڵ ووشەکانی ئەم هۆنراوەیە بۆ دروست بێت.

ئەی تۆپەکە فتبۆڵەکە من دێم لە دەستم ڕامەکە
تۆ تۆپی یاری کردنی وەک کولەکەی ڕۆحی منی.

کە ئەو دێڕە لە هۆنراوەکەم دەگوتەوە هەڵوەستەم لە  دوو وشەی دەکرد ( لە دەستم ڕامەکە، کولەکەی ڕۆحی منی)
منێکی شەش ساڵانە بیرم لەوە دەکردوە چۆن تۆپ لەدەستم ڕادەکات. وشەی ڕامەکە لە دیالێکتی هەولێری بە مانەیەکی تر دێت، بۆ نمونە دەڵێن ئەو داوەی لە دەرزیەکە ڕامەکە، یان دەرزی لە دەستم ڕامەکە. وشەی ڕامەکە لە هۆنراوەکە مەبەستی غارمەدا بە دیالێکتی هەولێری دێت.
مێشکی من ئەوکات نەیدەتوانی لێکبداتەوە چۆن تۆپ لە دەستم ڕادەکات، دەمگۆت خۆ تۆپ هیچ شوێنێکی تیژی نییە لە دەستم ڕاکات، بیرم دەکردەوە ئەوەی ئەو هۆنراوەی نوسیوە هەڵەی کردوە، تۆپ لە دەستم ڕاناکات! بەڵکو یاریم لەگەڵ دەکات.
وشەی کولەکەی ڕۆحی منی ئەوەیان هەر زۆر لە مێشکی منی شەش ساڵان گەورەتر بوو هی ئەوە نەبوو مێشکمی پێ هیلاک بکەم، چونکە دەمزانی هەرچەند بیری لێبکەمەوە تێیناگەم.
لە شێوەو مەمەڵەکردن و سستمی پەروەردە و فێرکردن گرنگی بەوە نادەن منداڵ هانبدرێت پرسیار بکات ئازادانە گوزارشت لە هەستەکانی خۆی بکات، بۆیە منیش هەر بیرم لەوە نەدەکردەوە لە مامۆستاکەم پرسیار بکەم چۆن تۆپ لەدەستم ڕادەکات؟
ئەرکی مامۆستایە درک بەم وردەکاریانەی بابەتەکانی وانەکەی بکات و دڵنەوایی بە فێرخوازەکانی بدات، هەر پرسیارەک ئەگەر بێ ماناش بێت بیکات و بە هەندی وەربگرێت.
مامۆستا ئەرکی ئەوە نییە تەنها بابەتەکە بڵێتەوە و بێ ئەوەی نزیک بێتەوە لە ئاست و تەمەنی ئەو منداڵانەی وانەیان پێدەڵێتەوە.
مەنهەج و ئەو کتێبانەی لە فێرگاکان دەخوێندرێت بە زمانی نوسین نوسراوە، هەندێ وشە نامۆیە لە هەندێ شوێن و منداڵ لەلای قورس دەبێت تێبگات یان بیڵێتەوە، لێرەدا ڕۆڵی مامۆستا گرنگە بابەتەکە شێبکاتەوە و وشەکان بە دیالێکی ناوچەکە ڕوون بکاتەوە و فێرخوازەکان تێبگەن، نەک تەنها لەئەزبەری بکەن و مێشکیان نەتوانێ وەریبگرێت.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایە مامۆستایان هەرگیز بیرتان کردۆتەوە مێشکی ئەو منداڵەی وانەی پێدەڵێیەوە ئەو وشانەی بەکاری دەهێنن یان بۆی دەخوێنەوە، بە چ شێوازێک وەریدەگرێت، ئایا وەک ئەوەی ئێوە تێیدەگەین، ئەویش بەم شێوەیە وەریگرتوە یان مێشکی منداڵێکی تەمەن کەم بە هەمان شێوەی کەسێکی گەورە شتەکان لێکدەداتەوە.
مامۆستا لە ڕێگای شیکاری کردن بۆ وەڵەمەکانی فێرخوازەکەی دەتوانێت بزانێت لە کوێ کێشەی هەیە و چۆن و بە کام شێوە وانەکە فێردەبێت.
فێربوون تەنها ئەوە نییە فێرخوازەکان فێری خوێندن و نوسین بن و زانستەکان لەئەزبەر بکەن، بەڵکوو فێربوون ئەوەیە بابەتەکان فێربن و تێبگەن و هەر پرسیارێک لەلایان دروستبێت  وەڵامی ڕاستیان دەستکەوێ.
ئەوانەی بەرپرسن لە داڕشتن و نوسینەوە و هەڵبژادنی ئەو کتێبانەی وەک مەنهەج بەکاردەهێندرێن، گرنگە بە زمانێکی سادەبێت و لە گەڵ ئاست و  هزری فێرخوازەکانی هەر قۆناغێک بێتەوە، لە ئاستی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی منداڵەکان بێت، نەک بەرزتربێت، ئەگەر بمانەوێ نەوەیەکی بە مەعرفەت و خاوەن کەسایەتیەکی باوەڕبەخۆ و پرسیارکەر پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن