ئاهەنگەکان بوونەتە مایەی بارگرانی لەجیاتی دڵخۆشی
5/21/2026 4:01:00 PM
رەهێڵ دزەیى
کورد میلەتێکە زیاتر حەزی لە خۆشی و ئاهەنگ و هەڵپەڕکیە، تەنانەت لە ساڵانی زوو ناخۆشیەکانیشیان بە شێوازێکی تایبەت دەردەبڕی، ئەو کاتەی کەسێکیان لەدەست دەدا، ماتەمینەکەی بە شین و گوتنەوەی هەڵبەست بەسەر کەسی مردوو، شین کردنیشیان بە هەندێ جولەی تایبەت دەکرد.
ئاهەنگ گێڕان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە لە شێوازە سادە و چێژوەرگرتنەکەی، گۆڕاوە بۆ خۆ دەرخستن و پۆزلێدان و نمایشکردن.
سەرەتا باس لە ئاهەنگی دەرچوونی کۆلێجەکان دەکەم.
ڕاستە خۆشیەکی یەکجار گەورەیە کە منداڵەکانمان قۆناغی خوێندن تەواو دەکەن و دەبن بە خاوەنی بڕوانامە و بەرەو ژیانی کار کردن و تێکەڵاوی کۆمەڵگا دەچن و دەتوانن بەو ئەزمون و خوێندنەی چەندین ساڵە کردوویانە خزمەتی کۆمەڵگاکەیان بکەن، بەڵام ئەوەی ڕوویداوە و پەیڕوە دەکرێت، لە سنوری ئاهەنگ گێڕان و دەڕبرێنی خۆشی دەرچووە و بۆتە دیاردەیەکی ناشرین لە ناو کۆمەڵگا، تەنانەت لە ڕووی پەروەردەییەوە ڕاست نییە، جیاوازی جینایەتی و کاریگەری دەروونی بەجێدێڵێت لەسەر زۆربەی ئەو خوێندکارانەی خێزانەکانیان توانای ئەوەیان نییە ئەو پارە زۆرە دابین بکەن بۆ ئەو ڕۆژە. خێزانێک ئاستی دارایی مام ناوەند بێت قورسە بۆی ملیۆنێک و نیوو یان دوو ملیۆن بۆ ئەو ڕۆژە دابین بکات بۆ منداڵەکەی تا هەست بەوە نەکات کەمترە لە هاوڕێکانی، یان دەبێ خۆی بخاتە ژێر قەرز، یان لەجیاتی ئەو ڕۆژە ببێت بە ڕۆژێکی خۆش بۆ هەموو خێزانەکە، دەبێت بە ڕۆژێکی خەمناک، کە توانای ئەوەیان نییە کراسێک بۆ کچکەیان بکڕن بە شەش سەت هەزار دینار و بینێرن بۆ ساڵۆن لەوێش کەمترینیان چوارسەت هەزارە و چەندین هەزار بۆ شیرینی و گوڵ تەرخان بکەن، بێجگە لەوەی وێنەگرێک بە کرێ بگرن، بەشەکی زۆریان ئێوارەکەش لە شوێنێک کۆدەبنەوە و ئاهەنگێکی تر دەگێڕن.
ئەو ئاهەنگانە دەبێ ڕێگری لێبکرێت لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و دواتر خێزانەکان بڕیار بدەن بە شێوازێکی خێزانی خۆشی خۆیان دەڕبڕن بە سەرکەوتنی منداڵەکانیان، نەک بیکەن بە بۆنەیەک بۆ نیشان دان و نمایش کردنی جل و بەرگ و خشڵ و زێڕ و ئاستی پارەداریەتی خۆیان.
بەشێکی کەم لە دەرچووانی زانکۆ توانای ئەو پارەزۆرەیان هەیە سەرف بکەن لەم جۆرە ئاهەنگانە، ئەوانە دەبنە هۆکاری دروست کردنی نارەحەتی و کێشەی دروونی بۆ ئەو بەشە زۆرەی لەو دەرچوانەی توانای ئەوەیان نییە بەم ئاستە ئاهانگی بەدەستهێنانی بڕوانەمەیان بگێڕن.
ئەم ئاهەنگانە، بۆتە دیاردەیەکی زۆر ناشرین و ناڕەزایی زۆرینەی کۆمەڵگا و لەگەڵ کەسایەتی کورد نایەتەوە.
ئاهەنگی ژن گواستنەوەش یەکێکی ترە لەو ئاهەنگانەی جوانی و خۆشی لەدەستداوە بەهۆی شێوازە تازەکەی.
ئاهەنگی ژن گواستنەوە ساڵان لە شڕوشت بەڕێوەدەچوو و بە دەهۆڵ و زوڕنا و شایی ڕەشبەڵەک خێزانەکان لە یەک نزیک دەبوونەوە و هاوبەشی خۆشی یەکتر دەبوون، ئاهەنگی ژن گواستنەوە زۆربەی کات چەندین ڕۆژی دەخایانت، هەمووان بەشداردەبوون لە ڕێوەبردنی ئاهەنگەکە و ئامانجیان ئەوە بوو ئاهەنگێکی خۆش و سەرکەوتوو ئەنجام بدەن و ببێتە مایەی سەرەتایەکی باش بۆ بووکەخان و کاکی زاوا و هیوای ژیانێکی بەختەوەریان بۆ دەخوازتن، یادگاریەکی جوان و خۆشی لەلای هەمووان بەجێدەهێشت.
ئاهەنگی ژن گواستنەوە ئێستا ئەو تام چێژەی نەماوە، هەر هەموو لە هەوڵی ئەوەدان جل و زێڕ و خشلەکانیان نمایش بکەن. ئاهەنگەکە لە هۆڵێکی داخراوی گران بەها بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ دەنگێکی بەرزی موسیک و گۆرانیبێژەکە، کەس ئاگای لەکەس نابێت و پەیوەبدی لە نێوان ئامادەبوان زۆر سنوردارە، هەر خێزانەی لەسەر مێزێک دادەنیشن. خواردن لە ماڵەوە دروست ناکرێت، بەڵکوو چێشتخانەیەک هەڵدەستێت بە دروست کردنی خواردنێکی یەکجار زۆر کە زۆربەی ناخورێت، باس لە شیرینی و میوەکان هەر ناکەم، ئەو پارە زۆرەی لەم ئاهەنگە بەکاردەهێندرێ دەکرێت شوێنێکی باش بۆ بووک و زاوە بگرێت، کە تازە دەست بە دروست کردنی ژیانێکی هاوبەش دەکەن.
کلتوری کوردەواری زۆر جوان و سادەیە، کورد هەوڵی داوە هەموو بۆنەیەک بەکاربێنێت و بە شێوازێکی سادە و جوان بیکاتە مایەی خۆشیەکی زۆر بۆ خۆیان و دەورووپشتیان.
با کلتور و داب و نەریتەکانمان بپارێزین و ڕێگە نەدەین کلتوری نەتەوەکانی دی کلتورمان بشێوێنن، چونکە کلتوری کوردی جوانترین و ساکاترین و پڕ ماناترین کلتورە لە ناوچەکە. با ئاهەنگەکانمان سادە و ساکاربن، ئامانج لێی بەخشینی خۆشی بێت و یادگایەکی خۆش و پڕ مانا بەجێبێڵێت.