23وتار

ئەو کاتەی منداڵان بێ دەنگ دەبن!

6/24/2025 11:09:00 AM
رەهێڵ دزەیى

دروست کردنی منداڵ، گرنگترین و بەرپرسیارترین بڕیارە هاوسەرەکان دەیدەن.

لە کۆمەڵگایی کوردەواریدا پرۆسەی هاوسەرگیری گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتوە، لەسەردەمی تەکنەلۆژیا و کرانەوەی جیهان بەسەریەکتردا. دروستکردنی خێزان پێویستی بە هوشیاری و گۆڕینی شێواز و ئامانجەکانیدا هەیە و کاری زۆری دەوێ تا بگەینە ئەو ئاستەی گەنجانمان لەسەر بنەمایەکی دروست و بە هوشیاریەکی زۆرەوە بەرە ئەم پڕۆسەیە بڕۆن و بە چاوڕۆنیەکی زۆرەوە بڕیاڕی دروستکردنی خێزان بدەن و ئامادەبن بۆ ئەوەی بتوانن خێزانێکی جوان دروست بکەن و منداڵێک بخەنەوە و بەرپرسیاریەتی هەڵگرن و کات و هوشیاری ئەوەیان هەبێ پەروەردەیەکی باش و کەسایەتیەکی بەهێز و بێ کێشەی دەروونی گەورەی بکەن وە  توانای دابینکردنی پێداویستیەکانیان هەبێ.

لە نەبوونی فەلسەفەیەکی یەکگرتووی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، خێزانەکان هەر یەکەی بەپێی ئاستی هوشیاری و تێگەیشتنی خۆی بۆ شێوازی پەروەردە منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن، دەکرێت ئەم شێوازە دروست نەبێت و لەگەڵ ئەم سەردەمە نەێیتەوو.
دەزگا بەرپرسەکانی حکومەت وەک پێویست نەیتوانییە هاوکاری خێزان بکات بۆ ئەوەی بتوانن منداڵەکی خاوەن پەروەردەیەکی دروست و کەسایەتیەکی بە‌هێز پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن.
دایک و باوک بەپرسیاریەکی گەورەیان لەسەرشانە بەرامبەر بەو منداڵەی دەیخەنەوە، ئەرکیانە بیپارێزن لە هەر کردارەک ببێتە هۆ توشبوونی بە گرێیەکی دەروونی هەموو ژیانی پێبناڵێنێت.
لە ناو خێزانەکانی کوردی زۆر ئاساییە هەر میوانێک بێت منداڵەکانیان ماچ بکات و یان لە ئامێزیان بگرێت و لەسەر کۆشی خۆی دایاننشێنن، ئەوەش لە زانستی پەروەردە ڕێگەپێدراو نییە، تەنانەت بۆ نزیکترین کەسەکان ڕێگەپێدراو نییە منداڵەکانتان ماچ بکەن یان لە باوەشیان بگرن.
بەشێکی لە منداڵان لە تەمەنێکی زوو ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، بۆیە ئەرک و بەرپرسیاتیەتی دایک و باوکە هەر زوو مندڵەکانیان لە هەردوو ڕەگەز فێربکەن، کە ڕێگە نەدەن کەس ماچیان بکات و لە باوەشیان بگرن، فێریان بکەن  کەس بۆی نییە دەست لە لەشیان بدات، فێربکرێن چۆن خۆیان بپارێزن لە کاتێک کەسێک لێیان نزیک بیتەوە چۆن مامەڵەبکەن. مامەڵەی دایک و باوک بە شیوازێک بێت دڵنەوایی بدات بە منداڵەکان، تا بتوانن بە بێ ترس و ڕاشکاوی قسەیان بۆ بکەن.
گێچەڵی سێكسی کاریگەری خراپ و درێژخایەنی دەبێت لەسەر ئەو منداڵانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە. توشبوان لە مندڵاێکی ئاسایی و پڕ لە وزە، دەگۆڕێ بۆ منداڵێکی بێدەنگ وگۆشەگیر، لە منداڵێکی زیرەک وگەش بۆ منداڵێکی ئاست نزم و غەمگێن، ئارەزووی خواردنی کەم دەبێت وئارەزوی تێکەڵاوی  کەس ناکات و لە هاوڕێکانی دووردەکەوێتەوە و یاریان لەگەڵ ناکات، لە هەندێ کات دا بەپێچەوانە دەبێتە منداڵێکی گێرەشێوێن و زوو توڕەدەبێت و لە هاوڕێکانی یان خوشک و براکانی دەدات و پەنا بۆ شت شکاندن دەبات.
هەر کاتێک دایک و باوک گۆڕانکاریان لە منداڵەکەیان بینی دەبێ بە وریایی و هێمنی کاری لەسەر بکەن، هەوڵ بدەن قسە لەگەڵ منداڵەکەیان بکەن و دڵنەوایی پێبدەن تا بە ڕاشکاوی قسەیان بۆ بکات و کەسی گێچەل کەر دەستنیشان بکەن    
( زۆربەی رجار کەسە هەرە نزیکەکانی و خاوەن متمانەی زۆری خێزانن).
هەر کاتێک هەستکرا منداڵەکەیان توشی هەرەسان کردن و هەرەسانکردنی سێکسی بۆتەوە، گرنگە پەنا بۆ کەسی شارەزا و پسپۆر لە چارەسەرکرنی ئەم کێشانە و پزیشکی دەروونی ببەن، بۆ ئەوەی زوو دەرهاوێشتەکانی چارەسەربکرێت ولەگەڵی گەورەنەبێت.
  منداڵ ناتوانێت درک بە ئەو کردارانە بکات و توانای ئەوەی نییە هەڵسکەوتی بەرامبەرەکەی جیابکاتەوە و بزانێت ئەوە گێچەڵەی سێکسیە و دەبێ بەرپێچی بداتەوە، بەتایبەت ئەگەر کەسی گێجەڵکەر زۆر نزیک بێت. ئەرکی دایک و باوکە منداڵاکانیان ببپارێزن وهەردەم چاودێریان بکەن، بۆ ئەوەی ڕوبەڕووی کردارێک  نەبەنەوە کە سەرتاپەی ژیانیان پێبناڵێنن ولەگەڵ کۆمەڵێک گرێی دەروونی ژیان بەڕێبکەن.
دروستکردنی منداڵ کردارێکی زۆر پیرۆزە و درێژەدان و بەردەوامیە بە مرۆڤاتییە، گرنگە هەوڵی تەواو بدەین مرۆڤێکی خاوەن کەسایەتیەکی بەهێز وپەروەردەیەک بگونجێ لەگەڵ کلتوری گەلکەمان و ببێت بە مرۆڤێکی چالاک و دڵسۆز و گەشە بە کۆمەڵگا و نەتەوەکەی بکات. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن