منداڵەکانت فێرکە دیاری وەرنەگرێت
11/19/2025 4:06:00 PM
رەهێڵ دزەیى
دیاری کردارێکە
مرۆڤەکان پەنای بۆ دەبەن بۆ نیشاندانی هەست و گرنگی بۆ بەرامبەرەکەیان، لە هەندێ
کات دا پێشکەشی کەسێک دەکرێت بۆ ئەوەی کارێکی
بۆ جێبەجێ بکات، یان بۆ هەر مەستێک تر بێت.
چەندین بۆنە هەیە
پێشکەش کردنی دیاری ئەرکە، بەڵام پێشکەش کردنی دیاری و قبوڵ کردنی بەبێ بوونی بۆنەیەک
دروست نییە.
لە پەروەردەی کۆمەڵگای
کوردی گرنگی بەم بابەتە نەدراوە و مەترسیەکانی لەبەرچاو نەگیراوە. کە کەسێک یان
خزمێک سەردانی خێزانێک دەکات و منداڵیان هەیە، زۆربەی جارەکان مێوانەکە دیاریەکی پێیە
یان هەوڵ دەدات بڕە پارەیەک بدات بە منداڵەکە و پێی دەڵێ بەشتێکی بدە، بێ ئەوەی هیچ
هۆکارێک هەبێ بۆ پشکەش کردنی ئەم دیاریە یان ئەو بڕە پارەیە، لەو کاتەیە ئەگەر
منداڵەکە شەرم بکات وەریبگرێت، دایک و باوکەکە هاندی دەدەن بۆ ئەوەی وەریبگرێت و دەڵێن
جوان نییە دەستی بگڕێنێتەوە.
ئەم کردارە زۆر
بە ئاسایی سەیر دەکرێت و دەرهاوێشتەکانی لەبەر چاو ناگیرێت.
ئەمە وا دەکات ئەو
منداڵە لەلای ئاسایی دەبێت کە گەورەش بوو دیاری وەربگرێت بەبێ بوونی بۆنەیەک و لەکەسانێک
وەرگرێت پەیوەندی خێزانی نەبێ لەگەڵی، ئەمەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ هەڵەکردن.
ڕوون و ئاشکرایە کەس دیاری بەبێ بوونی بۆنەیەک بۆ کەسێک نابات، ئەگەر
مەبەستێکی شاراوەی لەپشت نەبێ و داواکاریەک
یان بە شێوازێکی تر دیاریەکەی بۆ نەگەڕێنێتەوە.
پەروەردەی دروست
ئەوەیە، منداڵ فێر بکرێت تەنها لە بۆنەی جەژنی لەدایک بوونی، لە دایک و باوکی و ئەو
کەسانەی بانگێشت کراوەن بۆ ئاهەنگی جەژنی لەدایک بوونی وەربگرێت. زۆر گرنگە دایک و
باوک لە کاتی ئەوەی مێوانەکەیان دیاری هێنابوو بۆ منداڵەکەیان یان پارەی دا بە منداڵەکەیان،
بڵێن ئێمە وا منداڵەکەمان فێرکردوە تەنها لە ڕۆژی لەدایک بوونی دیاری وەربگرێت، بۆیە
تکایە دڵگران مەبە ئەگەر دیاریەکەت ڕەتکەینەوە.
لە کۆمەڵگای
کوردی نەبۆتە باو لە جەژنەکان دیاری بۆ منداڵان بکڕدرێت، بەڵام دایک باوک دەکرێ بیکەنە
نەریت دیاری بۆ منداڵەکانیان بکڕن.
گرنگە دایک و
باوک منداڵەکانیان وا ڕاهێنن تەنها لە بۆنەکان دیاری پێشکەشی منداڵەکانیان بکەن، ئەمەش
دەبێتە نەریتێک لەلای منداڵەکان و بەردەوام دەبێت لەگەڵیان، کە گەورەش بوون هیچ دیاریەک
قبوڵ ناکەن لە هیچ کەسێک بە هەر هۆکارێک بێت.
دیاری لەلایەن کەسێک
پەیوەندی سۆزداری ڕاستەقینە هەبێت لەنێوانیان، یان هاوسەری یەکتربن، خۆشی و مانای
زۆر جوان و گەورەی هەیە، . بێجگە لە بەهای مادی (دەکرێ دیاریەکی زۆر گران بەها نەبێت)
دیاریەکە بەهایەکی گەورەی مەعنەوی هەیە، ئەو کەسەی دیاریت بۆ دەهێنێ کاتی بەکار هێناوە
و بیری کردۆتەوە چ دیاریەکت بۆ بێنێ و گەڕاوە تا ئەو دیاریە بدۆزتەوە کە دەبێتە مایەی
دڵخۆشیت، ئەمەش گرنگی تۆ لەلای دەردەخات.
ئەگەر منداڵەکان
بەم شێوازە پەروەردە بکرێت، کەسایەتیەکی بەرز و باوەڕ بەخۆی دەبێت، هەرگیز شتێک لە کەس وەرناگرێت و داوا لەکەس ناکات لە بەرمبەر
ئەو کارەی بۆی دەکات پارە یان دیاریەکی گران بەهای پێشکەش بکات، دوور دەبێت لەوەی
توشی گەندەڵی بێت و بە دیاری مادی و مەعنەوی پێ لە ویژدانی خۆی نانێت و بێ یاسایی
بکات.
ئەرکی دایک و
باوکە منداڵەکانیان بە شێوازێکی باش منداڵەکانیان پەروەردە بکەن و کەسایەتیەکی بەهێز
و باوەڕبەخویان بۆ دروست بکەن. پەروەردە کردن تەنها بە ڕێنمایی نابێ بەڵکوو کردار
زیاتر کاریگەری دەبێت، دەکرێ بابەتێکی وەک دیاری کە لەلای خێزانی کورد زۆر بە ئاسایی
سەیر دەکرێت، دەرهاوێشتەی نەرێنی لەسەر کەسایەتی منداڵەکەیان بەجێبێڵت، بۆیە دایک
و باوک بەرپرسیاریەتیەکی گەوەرەیان لە ئەستۆدایە بەرامبەر بە کۆمەڵگا، بە پەروەردە
کردنێکی باشی منداڵەکانیان تاکێکی باش و خاوەن کەسایەتی و ڕەوشت بەرز پێشکەش بە کۆمەڵگا
دەکەن.
ڕەهێل دزەیی
١٨/١١/٢٠٢٥