103وتار

ئەو کاتەی خۆشەویستی نامێنێ، چی ڕوودەدات؟

9/22/2025 7:08:00 PM
رەهێڵ دزەیى

هاوسەرگیری لەگەڵ ئەوەی لەسەر بنەمای خۆشەویستی پێکدەهێندرێت و ساڵانێک بەیەکەوە خۆشی و ناخۆشی بەڕێدەکەن و چەندین منداڵی چاوەگەش دەهێنەدونیا، دووریەک ڕوودەدات لە نێوان هاوسەرەکان بە گشتی لە کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگاکانی دەورووپشتمان.
هۆکارەکان زۆرن بۆ ئەم دووریەی و نا تەباییەی لە نێوان هاوسەرەکان ڕوودەدات. ئەو خۆشەویستیەی لە سەرەتاوە هەستی پێدەکەن لە زۆر کات خۆشەویستی ڕاستەقینە نییە، ئەگەر خۆشەویستی ڕاستەقینەشبێت ئەوە دەکرێ لە کاتی پێکەوە ژیان کەسایەتیان یەک نەگرێتەوە. کەلتور و داب و نەریتی کوردەواری بە شێوازێکە کچ و کوڕ پێش هاوسەرگیری تەنها بە ڕوکەش یەکتر دەناسن ناتوانن ئاشنای یەکتربن و بزانن حەز و ئارەزوەکانیان یەکدەگرێتەوە یان نا.
 نەبوونی ئازادی هۆکارێکە بۆ نادروستی خێزانی کورد. لە کلتوری کوردەواریدا تەنها لە چوارچێوەی هاوسەرگیری کچ و کوڕ بەیەک دەگەن بۆیە گەنجان بە هۆی غەریزەی جنسی پەنا بۆ هاوسەرگیری دەبەن، لە زۆربەی کاتیشدا پەیوەندی جنسی نێوانیان سەرکەوتوونابێت، بەهۆکاری پەروەردە و داخراوی کۆمەڵگا و نەبوونی هوشیاری جنسی پێش هاوسەرگیری.
 لە دوای ئەنجامدانی هاوسەرگیری هەر زوو هەردوو هاوسەرەکە درک بەم کەم کوڕییە نێوانیان دەکەن بەڵام هەر بەردەوام دەبن لە پەیوەندیەکە و منداڵ دروست دەکەن و خێزانێکی بەختەوەر نیشانی دەوروبەریان دەدەن و لە ناخی خۆشیان هەست بە بەختەوەری ناکەن.
 هەڵس و کەوت و جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و کەسایەتی و مامەڵەکردن و تەنانەت شێوازی قسەکرد و بۆن و شێوازی ڕاگرتنی پاک و خاوێی دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی وردە وردە هاوسەرەکان لەیەک ساردبنەوە و ئەو خۆشەویستیە لە نێوانیان بوو لە سەرەتای هاوسەرگیریان نەمێنێ.
 بۆ پاراستنی خێزان و منداڵ و کەسایەتی و پایەی خۆیان و قسەی کۆمەڵگا چاوپۆشی لە نەبوونی تەبای و هەست بەیەکتر نەکردن دەکەن.
 ئەگەر بێتوو بە شێوەیەکی دروست لێکۆلینەوە لە خێزانەکانی هەرێمی کوردستان بکرێ، ئامارەکان سەرسوڕهێنەر دەبن لەو خێزانانەی کە ژن و پیاو لە خانوەک دەژین بەڵام زۆر نامۆن بەیەکەوە و هیچ هەستێکیان نییە بۆ یەکتر، بەڵکوو لە بەشێکیان هەستەکە گۆڕاوە بۆ ڕق بەهۆی ئەو هەموو پشتگوێخستن و بایەخ پێنەدانە یەکتر.
 بۆ چی لەیەک جیانابنەوە و ژیانێکی تر لەگەڵ کەسێکی تر دروست بکەن و بتوانن یەکتر دڵخۆش بکەن؟ کۆمەڵگا و کلتور و پەروەردە و تێگەیشتن لە ژیان و هۆشیاری تاک و پاراستنی خێزان، گوێدان بە تێڕاونینی دەوروپشت ڕێگرە بۆ ئەوەی ژیانێکی تازە دروست بکەی.
 دروست کردنی خێزان کار و ماندبوون و بەرپرسیاریەتەکی زۆری پێویستە، دوای ئەوەی خێزان و منداڵ و ماڵ دروستکردن ئاسان نییە دەست لەوانە هەڵگریت و سەرلەنوێ ژیانێکی تر دروستکەیەوە.
 یاسا وەک پێویست مافی هاوسەرەکان ناپارێزی، ئەوە وادەکات بەشێکی زۆر لە ژنان منداڵەکان بەکاربێنن بۆ پاراستنی خویان و مافەکانیان بێ ئەوەی درک بە مەترسی ئەو شێوازە لە پەروەردەکردنە بکەن لەسەر منداڵەکانیان، بە شێوازێک منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن بە هەموو شێوازێک پشتگیری دایکیان بکەن ئەگەر هەڵەش بێت، بەم شێوەیە پیاو ناچار دەبێت بمێنێتەوە.
 ژیان بەمشێوەیە لەنێوان ژن و پیاو قورسترین شێوازی ژیانە، دوو کەس بەیەکەوە لەیەک ماڵ بژین لە بەرامبەر خەڵک و کەس و کار دوو هاوسەرن و لە نێوان یەکتر دوو کەسی زۆر دوور لەیەکتر و هیچ پەیوەندیەکی ژن و مێرداتی لە نێوانیان نەماوە ناتوانن تەنانەت باوەشیش بەیەک بکەن، بۆ شتی زۆر زەرور و پەیوەندی بە منداڵ کاری ڕۆژانە نەبێ قسە لەگەڵ یەکتر ناکەن. ئەگەر توانیبیان ڕێز لە نێوانیان بپارێزن ئەوە تا ڕادەیەک بەردەوام بوونیان بە یەکەوە ئازارەکەیان کەمتر دەکاتەوە.
 نەمانی خۆشەویستی کارێکی ئاساییە، مرۆڤ لە هەست و نەست پێکهاتوە و ناتوانێت بڕیاربدات کەسێکی خۆشبووی یان نا، لێرە دڵ حاکمە.
 جیابوونەوەش ئاساییە بەڵام دەبێ ئاستی هوشیاری کۆمەڵگا بگاتە ئاستێک تێبگات لە وردەکاریەکانی پەیوەندی سۆزداری نێوان مرۆڤەکان و کاریگەری لەسەر کۆی کایەکانی ژیان، مرۆڤەکان خۆیان زیاتر خۆشبووێ و بەدوای بەختەوەری خۆیان بگەڕێن، قوربانی نەدەن بە بەختەوەری خۆیان لەپێناو ڕازی کردنی کەسانی تر.
 کەسێک پەیوەندیەکی باشی سۆزداری هەبێت لەگەڵ کەسێک کە هەموو هەستە جوانەکان لە نێوانیان هەبێ ، بێگومان سەرکەوتووتر دەبێت لە کەسێک بێ بەش بێت لە سۆز و خۆشەویستی.
 خێزانێکی بەختەوەر و تەبا و خۆشەیستی کۆیان کاتەوە، بێگۆمان نەوەیەکی خاوەن پەروەردەیەکی باش و کەسایەتیەکی باوەڕبەخۆ پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن