داتاکانمان بۆ کوێ دەچن؟ حکومەت و مەترسیی ژیریی دەستکردی دەرەکی
11/8/2026 4:12:00 PM
ئامانج عەلی
لە مانگی مەی 2025دا دادوەرێکی ئەمریکی لە نیویۆرک بڕیارێکی دو لاپەڕەیی دەرکرد کە زۆر کەس ئاگای لێ نەبو. بڕیارەکە کۆمپانیای OpenAIی ناچار کرد هەمو گفتوگۆکانی ChatGPT هەڵبگرێت، تەنانەت ئەوانەش کە بەکارهێنەران خۆیان سڕیبویانەوە، و ئەو گفتوگۆ کاتییانەش کە دەبو دوای داخستن نەمێنن. ملیۆنان کەس پێیان وابو قسەکانیان سڕاونەتەوە، کەچی لەسەر سێرڤەرێک لە ئەمریکا پارێزراو بون، تەنها لەبەر ئەوەی کۆمپانیایەک لەگەڵ ڕۆژنامەیەک کێشەی یاسایی هەبو. هیچ کام لەو بەکارهێنەرانە بەشێک نەبون لەو کێشەیە، و تا چەند هەفتە دواتریش کەس پێی نەوتن.
ئەمە یەکەم وانەیە کە دەبێت فێری ببین: دوگمەی سڕینەوە بە واتای سڕینەوە نییە. کاتێک زانیارییەک دەنێریت بۆ مۆدێلێکی دەرەکی، چارەنوسی ئەو زانیارییە بە یاسای وڵاتێکی تر، دادگای وڵاتێکی تر و بڕیاری کۆمپانیایەکی تر دیاری دەکرێت، نەک بە ویستی تۆ.
کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە کۆمپانیاکان چی دەکەن، بەڵکو ئەوەشە کە ئێمە خۆمان چی دەنێرین. ڕاپۆرتێکی کۆمپانیای LayerX لە ساڵی 2025 دەریخست کە لەو فەرمانبەرانەی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن، 77%یان داتای کارەکەیان کۆپی و پەیست کردوەتە ناو ئەم ئامرازانە، و 82%ی ئەو کۆپی و پەیستانە لە ڕێگەی ئەکاونتی کەسییەوە بوە کە دامەزراوەکە هیچ چاودێرییەکی بەسەریدا نییە. بە تێکڕا هەر فەرمانبەرێک ڕۆژانە لانیکەم 3 جار داتای هەستیار بەم شێوەیە دەنێرێت. ژیریی دەستکرد ئێستا یەکەم ڕێگەیە کە داتا لە دامەزراوەکان دەباتە دەرەوە.
ئەو وڵاتانەی لە بابەتەکە زو تێگەشتن، خێرا جوڵان و گۆڕانکاریان کرد. لە سەرەتای ساڵی 2025 وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوە و بازرگانیی کۆریای باشور ڕێگەیان لە بەکارهێنانی DeepSeek لەسەر کۆمپیوتەری حکومی گرت. دواتر دەستەی پاراستنی داتای ئەو وڵاتە دەریخست کە ئەم ئەپە زانیاریی بەکارهێنەرانی کۆریی ناردوە بۆ ByteDance، کۆمپانیای خاوەنی TikTok. ئوسترالیا و تایوانیش لەسەر ئامێرە حکومییەکان قەدەغەیان کرد، و ئیتاڵیا ڕێگەی لە کارکردنی لە وڵاتەکەدا گرت. ئەمانە وڵاتانێکن کە یاسای بەهێزی پاراستنی داتایان هەیە و دەستەی چاودێرییان هەیە. ئێمە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا یاسایەکی گشتگیرمان بۆ پاراستنی داتای کەسی نییە.
ئەگەر هاوڵاتییەک نامەیەکی کەسیی خۆی بنێرێت، زیانەکە سنوردارە. بەڵام لای حکومەت بابەتەکە جیاوازە. حکومەت زانیاریی ملیۆنان هاوڵاتی لەلایە، لە ناو و ناونیشانەوە تا تۆماری تەندروستی، باج، داهات، گرێبەستەکان، بودجە و زانیاریی ئاسایش. سەیر بکە فەرمانبەرێک بۆ ئەوەی کارەکەی خێراتر تەواو بکات، لیستی ناوی هاوڵاتییان یان ڕاپۆرتێکی نهێنی بخاتە ناو مۆدێلێکی دەرەکی و داوای کورتکردنەوەی بکات. مەبەستی باشە، بەڵام ئەو زانیارییە ئێستا لە دەرەوەی وڵات هەڵگیراوە و کەس نازانێت چی بەسەر دێت.
بە بڕوای من یەکەم هەنگاو ئەوەیە حکومەت یاسایەکی ڕون دەربکات کە دیاری بکات داتای کەسی چییە، کێ مافی کۆکردنەوەی هەیە، بۆ چ مەبەستێک و بۆ چەند ماوە، و سزای سەرپێچی چییە، لەگەڵ دەستەیەکی سەربەخۆ کە چاودێریی جێبەجێکردنی بکات. بەڵام یاسا بە تەنها بەس نییە. بەڵکو پێویستە داتا لەناو دامەزراوەکاندا پۆلێن بکرێت، چونکە هەمو داتایەک وەک یەک نییە. داتای گشتی دەتوانرێت بە ئامرازی دەرەکی کاری لەسەر بکرێت، بەڵام داتای هەستیار و نهێنی نابێت هەرگیز لە دەرەوەی دامەزراوەکە دەربچێت.
ئەمە بەو واتایە نییە کە حکومەت دەستبەرداری ژیریی دەستکرد بێت. ئێستا مۆدێلی کراوەی بەهێز هەن کە دەتوانرێت لەسەر سێرڤەری ناو وڵات، یان ناو خودی دامەزراوەکە، دابمەزرێنرێن. بەم شێوەیە حکومەت سود لە تەکنەلۆژیاکە وەردەگرێت و داتاکەش لە وڵات دەرناچێت. ئەگەر لە هەندێک بواردا پێویست بو خزمەتگوزارییەکی دەرەکی بەکاربێت، دەبێت گرێبەستەکە بە ڕونی بڵێت کە داتا بۆ ڕاهێنان بەکارنایەت، شوێنی هەڵگرتنی دیارە، و حکومەت مافی سڕینەوەی هەیە.
لایەنێکی تر کە زۆر جار پشتگوێ دەخرێت فەرمانبەرانن. ژمارەکانی سەرەوە پیشانی دەدەن کە زۆربەی دزەکردنی داتا بە هەڵە ڕودەدات، نەک بە مەبەست. فەرمانبەرێک کە نازانێت چی دەتوانێت بنێرێت و چی نا، ناتوانرێت بە تەنها لۆمە بکرێت. پێویستە ڕێنماییی نوسراو و ڕاهێنانی بەردەوام هەبێت، و لە هەمان کاتدا ئامرازە گشتییەکان لەسەر تۆڕ و ئامێرەکانی حکومەت دابخرێن تا هەڵەی مرۆیی بە ئاسانی ڕونەدات.
مەبەستم لەم نوسینە ڕاگرتنی تەکنەلۆژیا نییە. ژیریی دەستکرد دەتوانێت خزمەتگوزاریی حکومی خێراتر و باشتر بکات و بارگرانی لەسەر هاوڵاتی کەم بکاتەوە. بەڵام دەبێت ئەوەش بپرسین: لە بەرامبەر ئەم ئاسانکارییەدا چی لەدەست دەدەین؟ ئەو وڵاتانەی ئەمڕۆ داتاکانیان دەپارێزن، سبەی خاوەنی بڕیاری خۆیان دەبن. ئەوانەی ئێستا بێئاگا داتاکانیان دەدەنە دەرەوە، ڕەنگە ڕۆژێک بۆ گەیشتن بە زانیاریی خۆیان پشت بە کەسانی تر ببەستن. پاراستنی داتا تەنها کارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو بەشێکە لە پاراستنی متمانەی هاوڵاتی بە حکومەت.