وتار

زمانی کوردی گرنگترە

5/18/2021 9:19:00 AM 285 جار خوێندراوەتەوە
رەهێڵ دزەیى



زمانی دایک لەلای هەموو نەتەوەیەک گرنگی وپیرۆزی خۆی هەیەو دەیپارێزن و گەشەی پێدەدەن.

لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت دوای چەندین ساڵ زمانی کوردی دەبێتە زمانی دووەم یان سێیەم.

بەهۆی هاتنی هاوڵاتیەکی زۆری عەرب بە هەر هۆیەک بێت بۆ هەرێمی کوردستان، وایلێهاتووە لە بازار و ڕێستوڕاند و قاوەخانەکان زیاتر گوێبیستی زمانی عەرەبی بین لەبری زمانی کوردی، خاوەن دوکانەکان سەرەتا بەزمانی عەرەبی قسە دەکەن کە دەڵێت بۆ بە عەرەبی قسە دەکەن، دەڵێن "وامزانی عەرەبیت" تەنانەت لە فەرمانگەکانی حکومیش بە زمانی عەرەبی لەگەڵ هاوڵاتیانی عەرەب قسە دەکەن، ئەمەش وایکردوە پێویست نەکات پەنابەرەکان فێری زمانی کوردی بن.

ئەم ساڵ و پارساڵ بە هۆی کۆڕۆنا وساڵانی پێشتر بەهۆی بایکۆت کردنی مامۆستایان خوێندن لە خوێندنگا فەرمیەکان وەک پێویست نەبوو، لە خوێندنگا تایبەتەکان زیاتر زمانی بیانی بەکاردەهێنن، زمای کوردی گرنگی پێنادرێت.

زۆرێک لە دایک و باوکان لەبەر داخستی خوێندنگا فەرمیەکان منداڵەکانیان دەنێرن بۆ خوێندنگا تایبەتیەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە منداڵەکان بە زمانی بیانی (ئینگلیزی،عەرەبی، تورکی،ئەڵمانی،...) بخوێنن.

ئەمانە هەمووی وادەکات دوای چەندین ساڵ نەوەیەک دروست بێت زمانی کوردی وەک پێویست نەزانێت وبە گرنگی دانەنێت، ئەمەش مەترسی لەسەر نەتەوەی کورد بەتەیبەتی لە هەرێمی کوردستان دادەنێت، زمان یەکێکە لە پایەکانی هەرنەتەوەیەک کە پێدەناسرێت.

ئەمڕۆ گفتووگۆیەکی هێمنانەم هەبوو لەگەڵ بەرپرسێکی حزبی و کەسێکی پەروەردەیی، هەردووکیان پێیان وابوو کە زمانی ئینگلیزی گرنگترە و کۆمەڵگاکەمان بەرەوپێش دەبا، بەرپرسی حزبی نمونەی وڵاتێکی هێناوە کە زمانی ئیگلیزی وەک زمانی سەرەکی بەکار هێناوە لە سستمی خوێندن، ئەمەش بۆتە هۆی گەشەکردن و بەرەپێشچونی وڵاتەکەی. کادری پەروەرەییەکەش پێیوابوو کە زمان گرنگ نییە زانست گرنگترە. بۆیە نمونەی کەسێکی حزبی و کادرێکی پەروەردەیم هێناوەتەوە، چونکە یەکەمیان کاریگەری هەیە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا وسستمی بەڕێوەبردن، دووەمیشیان کاریگەری هەیە لە پەروەردە کردن و فێرکرنی نەوەی داهاتوو.

زمانی ئینگلیزی زمانێکی جیهانییە وگرنگە و زەروورە، هەروەها زمانەکانی تریش ئەگەر بلوێ هەموومان بیزاین، بەلام بۆ نەتەوەیەکی وەک ئێمەی کورد کە لە دێرزەمانەوە دوژمنان دەوریان داوین و هەوڵی لەناو بردنمان دەدەن، خاوەن وڵاتی سەربەخۆی خۆمان نین، لە زۆربەی بەشەکانی تری کوردستان تەنانەت قسەکردنیشیان بە زمانی کوردی لێ قەدەغە کراوە، زمانی کوردی زۆر گرنگترە لە فێربوونی زمانەکانی تر و زامنی مانەوەیەتی.

زانست بێگوما گرنگە، بەڵام دەبێ زمانێکی ستاندار و بەهێزمان هەبی بۆ ئەوەی بتوانین زاراوە زانستیەکان وەک خۆی بگەێینین بە خوێندکاران. لە هیچ وڵاتێک زانست و وانەکانی تری خوێندن بەزمانێکی جیاواز لە زمانی دایک بە خوێندکاران ناڵێنەوە.

 دەبی ئێمەی کورد لەم وڵاتە پێشکەوتوانەی جیهان لێکۆلینەوەکانمان پێشکەوتووتر بووبێت، کە بڕیاربدەن خوێندن و گوتنەوەی وانەکان بە زمانێکی تر باشتربێت لە زمانی دایک؟

هیچ وڵاتێک لەبەر خاتری پەنابەرەکانی  زمانی ئەوان فێرنابن و بەکاری ناهێنن. هەر پەنابەرێک لە هەر وڵاتێک سەرەتا دەبێ زمانی ئەم وڵاتە فێربێت ودواتر دەتوانێت داوای کاربکات یان کارێکی سەربەخۆی هەبێ. کوردێکی زۆر لە وڵاتان پەنابەرن، هەر هەموویان سەرەتا دەبوو زمانی وڵاتی خانەخوێ فێربن وتێکەڵاوی کۆمەڵگا وشارەزای کەلتووری وڵاتەکە بن تا بتوان کار یا خوێندن هەر چالاکیەکی تر بکەن لەم وڵاتە. زۆربەی نەوەی دووەم و سێیەمیان زمان و کەلتووری کوردی نازانن وبەتەواوی تێکەڵاوی کەلتور و کۆمەڵگاکەیان بوون.

ئەرکی دەسەڵات و حکومەتەی هەرێمی کوردستانە کاری جدی بکات بۆ پاراستن و گەشەکردنی زمانی نەتەوەکەی، لە ڕیگای دانانی سستمێکی پەروەردە وفێرکردنی هاوچەرخ وپێشکەوتوو کە زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی بخوێندرێت، زمانەکانی تر وەک زمانێکی بیانی فێری خوێندکاران بکرێت. لە ڕێگای وەزارەتی ڕۆشنبیری گرنگی بە هونەر و ئەدەب و کەلتووری کوردی بدرێت و گەشی پێبدرێت. خوێندنگا بۆ پەنابەران بکرێتەوە فێری زمان و کەلتووری کوردی بکرێن، بەمەش دەکرێ دوای چەندین ساڵ نەوەکانیان تێکەڵاوی کۆمەڵگای کوردی بن وببن بە بەشێک لە نەتەوەی کورد، بەمەش ڕزگارمان دەبێت لە بە تەعریب کردنی وڵات و خاکەکەمان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement